چیا بۆ خانەی راپەڕاندن و نما بۆ جڤات
كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا دەیانەوێت ببنە بڕیاردەر لەناو گۆڕاندا

:: PM:05:32:01/06/2017 ‌

هەریەك لە "چیا و نما" كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان، دوای كۆچی دوایی باوكیان، حەزیان لە كاری سیاسییە لەناو گۆڕاندا و دەیانەوێت بەشێك لە بڕیارەكانی حزبەكەی باوكیان بە دەست ئەوانەوە بێت، بەڵام لەناو گۆڕاندا بۆچوونی جیاواز هەیە و باڵێكی نزیكی رێكخەری كۆچكردوو لەگەڵ هێنانە پێشەوەیانن و باڵێكی تریش دژیانن.

نەوشیروان مستەفا ئەمین ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان كە 19ی ئەم مانگە ئایار/مایۆ لە تەمەنی 73 ساڵیدا كۆچی دوایی كرد، تا لە ژیاندا مابوو هیچ پۆستێكی ناو گۆڕانی بە كوڕەكانی نەدا، بەڵام دوای مردنی ئێستە كوڕەكانی حەزیان لە كاری سیاسییە و دەیانەوێت بەشێك لە بڕیارەكانی گۆڕان لە دەستی ئەواندا بێت، لە كاتێكدا پێشتر نەوشیروان مستەفا هیچ پۆستێكی نەداونەتێ‌، ئەمەش گۆڕانی كردووە بە دوو ئاراستەوە و بەشێك لەگەڵ هاتنە پێشەوەی كوڕەكان و بەشێكیش دژی ئەو هەنگاوەن.

سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوی ناو گۆڕان كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند "هەردوو كوڕەكەی نەوشیروان مستەفا و بەتایبەت چیا، سوورن لەسەر گرتنەدەستی جومگەیەكی هەستیار و گرنگی ناو گۆڕان و ئەوەیشیان بە جڤاتی گشتیی و نیشتمانیی گۆڕان گوتووە".

ئەو سەرچاوەیە گوتی، "ئێستە گفتوگۆ لەناو گۆڕان دروست بووە، باڵی هاوەڵە كۆنەكانی نەوشیروان مستەفا وەك هەر گەنجێكی تر لە نما و چیا دەڕوانن و كێشەیان لەگەڵ هاتنە پێشەوەیان نییە، بە نیازن چیا بكەن بە ئەندامی خانەی راپەڕاندن /مەكتەب سیاسیی/ و نما بۆ جڤاتی نیشتمانی، بەڵام گەنجانی ناو گۆڕان ئەوە ڕەت دەكەنەوە و پێیان وایە هاتنە پێشەوەی ئەوان و دەركەوتنیان و وەرگرتنی پۆستی هەستیار، خۆری سیاسی ئەوان لەناو گۆڕان و جەماوەر ئاوا دەكات.

نما، كوڕە گەورەی نەوشیروان مستەفایە و ساڵی 1983 لە شاخ لە دایك بووە، چیا ساڵی 1986 لە ئێران لە دایك بووە. نما خوێندنی لە بەریتانیا لە بواری ئابووری ‌و سیاسەت بەدە‌ست هێناوە، چیا لە ئەمەریكا. بەڵام چیا تا نەوشیروان مستەفا لە ژیاندا بوو بەڕێوەبەری هەموو كاروبارە سیاسیی و ئابوورییە تایبەتەكانی بوو.

ڕێبین هەردی نووسەر و هاوڕێی نزیكی نەوشیروان مستەفا، ڕای گەیاند، كوڕەكانی نەوشیروان حەزیان لە كاری سیاسییە بەتایبەت چیا. زیاتر گوتی "پێم وا نییە سەركردەكانی گۆڕان داوای بەشداریی سیاسییان لێ‌ بكەن، بەڵكو هانیان دەدەن كاری سیاسی نەكەن".

نەوشیروان مستەفا جگە لەو دوو كوڕە، كچێكیشی هەیە بە ناوی چرا كە لەگەڵ چیا بە دوانەیی لە دایك بوون، چرا زانكۆی "ئیمپریال"ی بەریتانی تەواو كردووە و ئێستە دكتۆرەیە لە لەندەن و هیچ حەزێكی لە تێكەڵاوی و كاری سیاسی نییە. 

بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2009 لەسەر دەستی نەوشیروان مستەفا دوای جیابوونەوەی لە یەكێـتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرا و ئێستە خاوەنی 24 كورسیی پەرلەمانی كوردستانە.

شۆڕش حاجی گوتەبێژی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، "نەوشیروان مستەفا هیچ پۆستێكی بە كوڕەكانی نەداوە و تا ئێستە هیچیشمان نەبیستووە ئاخۆ كوڕەكانی بە نیازی چین لەناو گۆڕاندا".

حاجی گوتی، "وەك گۆڕان ڕێز لە نما و چیا دەگرین و حەز دەكەین هەمیشە لێمان نزیك بن و لەگەڵمان بن وەك یادگارییەكی باوكیان، بەڵام بۆ كاری سیاسی ئەو كوڕانە لەناو گۆڕاندا من هیچ زانیارییەكم نییە و جارێ ئێمە و كوڕەكانیشی لە پرسەداین و ئەو پرسانە باس نەكراون".

"وشە" هەوڵی زۆری دا یەكێك لە كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەوبارەیەوە بدوێنێ‌، بەڵام هەوڵەكان بێسوود بوون.

سلێمانی/ شاد كەیوان











وشە - تایبه‌ت