كوردێك بە چاوێلكەیەكی سەرسوڕهێنەر گرفتی نابینایی چارەسەر دەكات

:: AM:11:17:03/06/2017 ‌

نەبیل فەتاح مامۆستا لە زانكۆی هەولێری پزیشكی و پاڵێوراوی بەرنامەی تواناسازی، ئێستە قوتابیی دكتۆرایە لە پسپۆڕی وردی ئەندازیاری پزیشكی لە زانكۆی نیوكاسڵ لە بەریتانیا. لە سێ ساڵی كاركردن لە تاقیگە زانستییەكانی زانكۆكە، نەبیل دەگات بە ئەنجامێك كە رەنگە لە داهاتوو توێژینەوەكەی هۆكار بێت لە چارەسەركردنی گرفتی "نابینایی".

بەپێی توێژینەوە زانستییەكەی لێكۆڵەر نەبیل، بە بەكارهێنانی ئەم چاوێلكە سەرسوڕهێنەرە، موژدەی ئەوە دەدات كە تا رێژەی 40% لە كەسانی نابینای دژوار سوودمەند‌ دەبن لە بەكارهێنان و دووبارە گەڕانەوەی بینایی بەشێوەیەكی بەرچاو بۆیان.
توێژینەوەكە و ئەنجامدانی پرۆسە یەك لەدوای یەكەكانی داهێنانە پزیشكییەكە، لەژێر چاودێری چڕی گرووپێك لە سەرپەرشتیار و ئەكادیمیی شارەزا بە ناوەكانی(Dr.Patrick, Dr.Graeme and Dr.Danil)  كە خاوەنی ژمارەیەكی بەرچاو لە بڵاوكراوەی زانستی و بەشداربووی چەندان كۆنفرانسی نێودەوڵەتین و وەك مامۆستا و سەرپەریشتیاری چەندان قوتابیی ماستەر و دكتۆرا لە زانكۆی نیوكاسڵی بەریتانیا دەستبەكارن، بەڵام ئێستە ‌‌ بەردەوامن لە ئاڵوگۆڕی زانیاری و لێكدانەوەی زانستیی بۆ ئەنجامە دەستهاتووەكانی نەبیل.
دەستپێكی كارەكانی توێژەرە كوردەكە سەرەتا وەك خەون و ئارەزوویەكی كەسی بووە، چ لەڕووە زانستییەكەی و چ وەك هەڵوێستێكی مرۆیی، دواتر هەوڵی گەڕاندنەوەی بینایی بۆ كەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە گەورەترین ئامانجی توێژینەوە زانستییەكەی دادەنێت و بیرۆكەی پڕۆژەكە و خاوەنداریكردنی بۆ خۆی و سەرپەرشتیارەكەی دەگەڕێنێتەوە. نەبیل گوتی، "زۆر گەشبینانە و ماندوونەناسانە كار بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە دەكەم".
توێژینەوەكە ناونراوە (ئامێری بێتەل بۆ ورووژاندنی خانەكانی مێشك لە ڕێی تیشكی رووناكی)، كە خانەكانی مێشك بە ئەندازەیەكی تایبەت ئامادە دەكرێت بۆ ئەوەی تەواو هەستیار بێت بۆ تیشكی رووناكی و وەك سەرچاوەیەك بەكار بێت بۆ هەڵچنینەوەی وێنەكان لە بیری كەسانی نابینادا. ئەوەی ئەم داهێنانە لە پڕۆژەكان و دەستكەوتەكانی پێشی خۆی جیا دەكاتەوە لە بواری چارەسەركردنی گرفتی نابینایی‌، ئەوەیە كە ئەم ئامێرە بنچینەی وەرگرتن و گواستنەوەی زانیارییەكانی لە ڕێگەی تیشكی رووناكییەوە دەبێت، دوور لە بەكارهێنانی تەزووی كارەبای پچڕپچڕ كە ئەگەری لێكەوتەی خراپی زۆرە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ و هاوكات لە بەكارهێنانی بلوتوس (Bluetooth) لە گواستنەوە و گەیاندنی زانیارییەكان و كواڵیتی بەرزی بینین.
بەگوتەی نەبیل، ئێستە بەشە جیاجیاكانی ئامێرەكە ئامادەیە بە مەبەستی بەكارهێنان و پراكتیزەكردنی لەسەر ئاژەڵی تاقیگەیی (مشك)، دواتر تاقیكردنەوە زانستییەكان بۆ ئاستی بەرزتر هەنگاو دەنێن و لەسەر (مەیموون) و لە كۆتادا لەسەر (مرۆڤی خۆبەخشی نابینا) تاقی دەكرێنەوە. 
"دەكرێت لەڕووی شێوازی بەكارهێنان و دامەزراندنی بەشە جیاجیاكانی ئامێرەكە لە جەستەی مرۆڤدا وەك چوار بەشی سەرەكی پۆلێن بكەین، هەریەك تەواوكەر دەبێت لە گواستنەوەی زانیاری و نیشانە تایبەتەكان ‌بۆ ورووژاندنی خانەكانی مێشك لە ڕێی تیشكی رووناكی و پاشان بۆ لێكدانەوە و شیكردنەوەی زانیارییەكان لە مێشك و هەڵچنینی وێنەی مەبەست بەشێوەیەكی بەرچاو لە بیری كەسی نابینادا، لە سەرەتادا چاوێلكەكە (Eyeglass with camera and wireless power transfer)  كە بە ئەندازەی سێ رەهەندی داڕێژراوە و دروست كراوە كە ناوەڕۆكەكەی لە "كامێرایەكی تایبەتی بچووكراو و بۆردی گەیاندنی تەزووی كارەبای بێتەل" پێك دێت كە بەرپرسە لە وەرگرتنی وێنەكان و گواستنەوەیان بۆ دەزگەیەكی نیمچە ئاڵۆزی هاوشێوەی كۆمپیوتەرێكی بچووكراو (Processor board)  كە كاری شیكردنەوە و گواستنەوەی زانیارییەكانی وێنەكە بەشێوەیەكی تایبەت دەكات و دینێرێت بۆ ئاستێكی جیاواز لە بەشێكی تری ئامێرەكە كە لەژێر پێستی كەلەی سەر دادەندرێت (Implant controller) ، پڕۆسەی ناردن و وەرگرتنی زانیارییەكان لە رێگەی بلوتووسەوە دەبێت كە تایبەتمەندی و بەهای ئامێرەكە زیاتر دەكات، لە كۆتا بەشی ئامێرەكە (Optrode) كە لە ڕێی نەشتەرگەری تایبەتەوە كەلەی سەر كون دەكرێت و تێیدا بەشێوەیەكی درێژخایەن و تەندروست دەچێنرێت كە بەرپرس دەبێت لە پێدانی تیشكی رووناكی بە خانەكانی مێشك و دروستبوونەوەی وێنەكان لە مێشكی كەسی نابینا كە بەم شێوەیە خوێندنەوە بۆ وێنەكان بە شێوەیەكی ناڕاستەوخۆ دەكرێت، لەڕێی ئەم دەزگەیەوە چارەسەری نابینایی تا ئاستێكی یەكجار بەرچاو دەكرێت"، دكتۆر نەبیل وای گوت.
ئەو قوتابییە كوردە كە ئەگەر دەنگدانەوەی جیهانی لە توێژینەوەكەی دەكرێ، رای دەگەیەنێت كە ئێستە چاوێلكە سەرسوڕهێنەرەكە بە هەموو بەشەكانیەوە لە بەكارهێنانی سەرەتایی سەركەوتوو بووە لەسەر مشك و ئەنجامی یەكجار گرنگی بەدەستەوە داوە. ئاشكرای كرد، "بڕیارە بەپێی هەنگاوە زانستییەكان لە سەلماندنی ئەنجامە سەرەتایییەكانی توێژینەوە زانستییەكە بۆ ساڵی داهاتوو، بە هاوبەشی زانكۆی نیوكاسڵ و‌ زانكۆ پێشكەوتووەكانی ئیسپانیا لە بواری زانستی پزیشكی چاودا كار بە ئامێرەكە بكرێت لەسەر مەیموون و دواتر بۆ ساڵی 2020 ـ 2021 لەسەر مرۆڤ وەك هەنگاوی كۆتا و یەكلاكەرەوە تاقیكردنەوەكان كۆتایان پێ بێت". 
بەپێی زانیارییە پزیشكییەكان، ئێستە شەش گرووپ لە دنیادا سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەن لەسەر چۆنیەتیی ورووژاندنی خانەكانی مێشك لە ڕێی تەزووی پچڕپچڕی كارەباوە، بەڵام تواناكانی نەبیل لە زیادكرنی ئەگەرەكانی سەركەوتنی پڕۆژە زانستییەكەی هۆكار بوو لە دامەزراندنی گرووپێكی زانستی كە بۆ یەكەم جارە‌ (تیشكی رووناكی) وەك بنچینەیەك بۆ ورووژاندن بەكار دێنن، كە لە كەسانی شارەزا پێك هاتوون لەژێر ناوی (OVCP) لە زانكۆی نیوكاسڵ بەمەبەستی ئەنجامدانی توێژینەوەی زیاتر لەو بوارە و بەكارهێنانی ئامێرە پزیشكییەكە لە هەنگاوەكانی داهاتووی لەسەر مرۆڤی نابینادا. 
خەونەكانی توێژەرە كوردەكە وەك خۆی دەڵێ، تەنیا لە بوونی بە یەكەم كەس لە داهێنان و بەكارهێنانی چاوێلكە سەرسوڕهێنەرەكەی چڕ نابێتەوە، بەڵكو "دەمەوێ هاووڵاتییانی نابینا لە كوردستان یەكەم كەس بن سوود لەو تەكنۆلۆجیایە وەربگرن، سەرەڕای هەبوونی پلانێكی دوورمەودای زانكۆی نیوكاسڵ لەبارەی داهاتووی راگەیاندنی ئەنجامە مەزنەكەی پڕۆژەكە بۆ مرۆڤی نابینا لە دنیادا".

 بەریتانیا - تۆڵە فەرەج



وشە - تایبه‌ت