بۆ یەكەم جار، كۆمپانیای "مایكرۆسۆفت" گەورە بەرهەمهێنەری تەكنەلۆژیی ئەمەریكی، كۆمپیوتەرێكی خستە بازاڕەكانەوە كە دەبێتە ڕكابەرێكی بەهێزی "ئای ماك" كە كۆمپانیای "ئەپڵ"ی هاونیشتمانی بەرهەمی دەهێنێ.
پێشتر مایكرۆسۆفت، تەنیا پڕۆگرامی بەرهەم دەهێنا، وەك پڕۆگرامەكانی ویندۆز و ئۆفیس و ئەوانی تر، بەڵام دوای ئەوەی كە ئەپڵ پێشكەوتنی گەورەی بەدەست هێنا بەوەی بەرهەمە سۆفتوێرەكانی، هەر خۆشی هاردوێریان بۆ دروست دەكات، ئەمیش هەوڵی دا ڕێچكەی بگرێتەوە، بۆیە دوێنێ چوارشەم یەكەم كۆمپیوتەری بەناوی "Surface Studio" بڵاو كردەوە كە بڕییەتی لە تایبەتمەندی بۆ بەكارهێنەر.
ئەگەرچی سیستەمی "ویندۆز"ی مایكرۆسۆفت، هێشتا یەكەم سیستەمی بەكارهێنانە، ئینجا دوای ئەو ئەندرۆید، ئایۆس و لینۆكس دێن، بەڵام بەهۆی ئەو پێشڤەچوونەی ئەپڵ بەخۆیەوە بینیوە لەگەڵ ئەو سەركەوتنانەی گۆگڵ لە ئەندرۆید دەستی كەوتووە، كۆمپانیاكەی "بیل گیتس"ی ناچار كرد بە پلانەكانیاندا بچنەوە.
نرخی ئامێرەكە لە بازاڕەكانی ئەمەریكا لە سێ هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەكات تا دەگاتە چوار هەزار 200 دۆلار كە بەپێی تایبەتمەندییەكانی دەگۆڕێ.
یەكێ لە خاڵەكانی كە ڕكابەری پێ دەكەن ئەوەیە، مۆنیتەری كۆمپیوتەرەكە تەنكترینە لە دنیا بە 12.5 ملم.
سەرچاوە: ماڵپەڕی مایكرۆسۆفت