حەشدی شەعبی 16 خانووی هاووڵاتییانی كوردی سووتاند

:: PM:02:55:27/10/2016 ‌

لە گوندێكی دەوروبەری شارەدێی سەعدییەی سەر بە شارۆكەی خانەقین، میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دەستیان بە هاوەنباران كردنی خانووی هاووڵاتییانی كوردی ئەو گوندە كردووە و تا ئێستەش 16 خانوو سووتێنراون.

كەسایەتییەكی كوردی گوندی مەرجانەی سەر بە شارەدێی سەعدییە، لە ترسی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی نەیوێرا ناوی خۆی بڵاو ببێتەوە بۆ "وشە" گوتی، ماوەی چەند رۆژێكە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی بە چڕی لە رێی هاوەنەوە بۆردمانی گوندەكە دەكەن، ئەمە لە كاتێكدایە گوندەكە هیچ كێشەی تێدا نییە و تەواو ئارام و بێ كێشەیە و خەریكە خێزانە كوردەكان كە پێشتر ئاوارەی بووبوون، بگەڕێنەوە ناو خانووەكانیان لە مەرجانە.

هەروەها گوتی، جگە لە هاوەنباران كردن، میلیشیاكان دەستیان بە سووتاندنی خانووی كوردەكانی نێو گوندەكە كردووە و بەشێكی خانووەكانیشیان وێران كردووە.

ئەحمەد زڕگووشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدییە لەوبارەوە بۆ "وشە" گوتی، پێشمەرگە هاوسنووری مەرجانەیە، بەڵام گوندەكانی دەوروبەری سەعدییە لە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبییەوە، ئێمە وای بۆ دەچین كە داعش هاوەنبارانی گوندەكە بكات، بۆ ئەوەی رێگە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان بگرێت.

لە بەرامبەردا ئەو كەسایەتییەی گوندەكە دووپاتی كردەوە، كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبین ئەو كارە دەكەن.

هاوكات هێمن مەحموود ئەفسەر لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەو سنوورەدا بۆ "وشە" گوتی، ئێمە خۆمان دیمەنی سووتاندنی خانووی هاووڵاتییانی كوردمان لە گوندی مەرجانە لەلایەن میلیشیاكانی حەشد بینیوە، ئەوەندەشی ئاگەدار كراوین، لە دوو شەوی ڕابردوو 16 ماڵی كورد لە نێو گوندەكە سووتێنراون.

هەروەها گوتی، بەشێك لەو خانووانە بۆ شوێنی حەواندنەوەی میلیشیاكانی شیعە كەڵكیان لێ وەردەگیرا، بەڵام ئێستە ئەوان كە دەزانن ئاوارەكان دەگەڕێنەوە، خانووەكە جێ دەهێڵن و دەیسووتێنن.

جێی باسە هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە ناوچە دەشتایییەكانی نێوان سەعدییە و جەلەولا جێگیر بوونە و گوندی مەرجانەش دوای سنووری پێشمەرگەیە.

سەعدییە یەكێكە لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان و دەكەوێتە باكوری رۆژهەڵاتی شاری بەغدا و سەر بە شارۆكەی خانەقین و پارێزگای دیالەیە، زۆرینەی دانیشتووانی كوردن و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بە پیتە بە زۆری خورمای لێ دەڕوێنرێت.

لە 13 حوزەیران/یۆنیۆی 2014 رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەستی بەسەر ئەو شارەدێیە گرت و دوای شەش مانگ مانەوەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش، لە 29 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 2014 توانرا شارەكە لە تیرۆریستان پاك بكرێتەوە.

میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە حوزەیران/یۆنیۆی 2014 لەسەر فتوایەكی عەلی سیستانی مەرجەعی شیعەكانی عێراق لە گرووپ و رێكخراوە چەكدارییە جیاجیاكانی شیعەی عێراق پێك هێنران و وەك جیهادكردن دژی رێكخراوی تیرۆریستی داعش وەستانەوە، لە هەمان ساڵ باڵی دەستڕۆیشتووی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە ڕێی فڕۆكەخانەی سلێمانییەوە هێنرانە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە و باشووری كەركووك و شارۆكەی خورماتوو.

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوو چەندان جار لە خورماتوو شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان پێشمەرگە و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی دروست بووە، بەگوێرەی بۆچوونی هاووڵاتییانی ناوچەكەش، تا ئەو میلیشیایانە لەو ناوچانە هەبن، بەردەوام مەترسین بۆ سەر گیانی هاووڵاتییانی كورد.

گەرمیان/ سەبری هۆرینی.


وشە - باز ئه‌حمه‌د