گیایەكی كوردستان كیلۆی بە 150 هەزار دینارە بۆ مادەی هۆشبەر بەكار دێ

:: AM:11:16:04/06/2017 ‌

جۆرێكی گیا لە ناوچە شاخاوییەكانی سنووری شارۆكەی ئامێدی و ئاكرێ‌ هەیە، بە زمانی ناوچەیی ناوی "بنكێ‌ گیا"یە واتە "رەگی گیا"، ئەم رووەكە زۆر بەنرخە و لە رووی دارایییەوە و كیلۆی لە نێوان 100 تا 150 هەزار دینار دێتە فرۆشتن. بەپێی بەداوادچوونی "وشە"، گیایەكە دوای ئامادەكردن، رەوانەی دەرەوە دەكرێت و "مادەی هۆشبەر"ی لێ دروست دەكرێ.

فەیسەڵ باشووری هاووڵاتییەكی شارەدێی دێرەلووكی سەربە شارۆكەی ئامێدییە، بە"وشە"ی راگەیاند كە بنكێ‌ گیا، یەكێكە لە گیا شاخاوییەكان و تەنانەت هەندێ‌ جار لە ناوچە نزم و دەشتاییەكانیش دەڕوێت، بەڵام وەك ئەو دووپاتی دەكاتەوە، "زیاتر لە ناوچە شاخاوییەكان هەیە، مرۆڤی كارامە دەتوانێ رۆژانە دوو كیلۆ لەو گیایە كۆ بكاتەوە".

بەگوتەی باشووری، رۆژانە خەڵكانێكی زۆر لە سنووری شارۆكەی ئامێدی دەچنە ناوچە شاخاوییەكان بۆ كۆكردنەوی ئەو جۆرە گیایە، چونكە پارەیەكی زۆر دەكات. "ئەگەر كەسێك كیلۆیەكیش كۆ بكاتەوە، لە 100 تا 150 هەزار دینار مسۆگەر دەكات".

لەبارەی هۆی گرانیی ئەو گیایە، فەیسەڵ بە پشتبەستن بە زانیارییەكانی ئەوە دەخاتە ڕوو كە ئەو  گیایە بۆ دروستكردنی "مادەی هۆشبەر" بەكار دێ وەك "تریاك ، هیرۆین، مۆرفین، حەشیش و كۆكاین". بەڵام وەك خۆی ئاماژەی بۆ دەكات، ئەوان نازانن چۆن و لە كوێ‌ ئەو مادانەی پێ بەرهەم دێنن. 

"ئەوەی ئێمە دەزانین ئەوەیە كە ئەو گیایە دەچێتە توركیا و لەوێشەوە بۆ ئوسترالیا، ئەمەریكا، لبنان و  بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا، لەبەرئەوە بەهایەكی بەرزی هەیە بۆ خەڵكی ناوچەكە"، باشووری وای گوت.

شێخزادە یاسین بەساڵاچوویەكی سنووری شارەدیێ‌ دینارتەی سەربە شارۆكەی ئاكرێیە، ئاماژە بەوە دەدات كە لە پێشوودا خۆی بۆ ماوەی سی ساڵ بەردەوام ئەو جۆرە گیایەی رنیوە و دواتر بە پارە ساغی كردووەتەوە. یاسین بە"وشە"ی گوت "بنكێ‌ گیا یەكێكە لە بەرهەمە بەنرخەكانی سنووری ئاكرێ‌، تەنانەت بە نرخترین گیای سروشتییە لەو ناوچەیەدا". 

"كاتێك ئێمە لە ناوچە شاخاوییەكان ئەو گیایە دێنین و لە ماڵەوە توێكڵی لێ دەكەینەوە دواتر لەگەڵ شیری مانگا یا بزن لەسەر ئاگر تا پلەی 180 دەیكوڵێنین تا دڵنیا دەبین شیر چووەتە ناو گیایەكە و رەنگی گۆڕاوە، دواتر دایدەنێن لەبەر تیشكی خۆر تا وشك دەبێت، ئیتر ئامادە دەبێت بۆ فرۆشتن، چونكە كڕیارەكان ئاوا دەیانەوێت و دەڵێن تەنیا بە وشكی دەتوانین بیبەینە دەرەوەی وڵات"، شێخزادە وای گوت.

ئەو بەساڵاچووە ئەوەیشی خستە ڕوو كە ساڵانی رابردوو تەنانەت ئێستەیش كڕیاران لە پارێزگای دهۆك و هەولێر دەهاتن ماڵ بە ماڵ و گوند بە گوند دەگەڕان بۆ كڕینی ئەو جۆرە گیایە، ئێمە نازانین سوودی چییە و خەڵك بۆ وا عەوداڵی ئەو گیایەیە، بەڵام دەزانین گیایەكە بۆنێكی خۆش و تامێكی تیژی هەیە. شێخزادە بە تێگەیشتنی سادەی خۆی دووپاتی كردەوە، "ئەگەر كەسێك بە خاوی بنكی گیا بخوات، ئەوا كەمێك گێژ دەبێت".

ئەو پیاوە بە ئەزموونە لەبارەی چۆنیەتی و جۆری گیایەكە گوتی، "بنكی گیا چەند جۆرێكی هەیە و سەرەتا گوڵێكی جوان و سەرنجڕاكێشە، كاتێك وەرزی بەهار كوتای دێ، رەنگی دەگۆڕێت و رەگەكەی بۆ فرۆشتن بەكار دێ، بنكێ‌ گیای واتە رەگی گیا".

عەلی سووریانی وەك كڕیاری گیایەكە ئەوە دەخاتە ڕوو كە ماوەی زیاتر لە 20 ساڵە مامەڵە بەو گیایە دەكات و بە"وشە"ی راگەیاند، "بنكی گیا گیایەكی ناسراوە و لە هەموو ناوچەكانی كوردستان هەیە، بەڵام لە سنووری شارۆكەی ئامێدی و ئاكرێ‌ زۆرترە، بەشێوەیەك هەندێ‌ ساڵ بە تۆن كۆ دەكرێتەوە، نرخی ئەو گیایە بەپێی جۆرەكەی دەمێنێتەوە كە باشە یاخۆ خراپ، بەڵام بەشێوەیەكی گشتی كیلۆی ئەو جۆرە گیایە لە نێوان 70 بۆ 150 هەزار دینار دەكڕین، دواتر رەوانەی دەرەوە بە تایبەتی توركیا و ئێرانی دەكەین و داوایەكی زۆریشی لەسەرە".

سریانی وەك دوانەكەی تر، بەگوتەی خۆی نازانێ ئەو گیایە بۆچی بەكار دێ، بەڵام باس لەوە دەكرێت كە مادەی هۆشبەری لێ بەرهەم دێت. ئەو بازرگانە دڵنیایی دەدات كە "لە كوردستان هیچ شتێك لەو گیایە دروست ناكرێ، بەڵام سەرچاوەیەكی باشی داهاتە بۆ خەڵك".

بەپێی بەدواداچوونەكەی "وشە" دەركەوت، ئەو گیایە بەناوی هەوێنی دروستكردنی دۆندرمە بە وشكی رەوانەی دەرەوە دەكرێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەك دەروازەكان رێگە نادەن ئەو جۆرە گیایە بە تەڕی بچێتە دەرەوە و دەیناسنەوە.

ئامێدی/نەوزاد هلۆری 







وشە - تایبه‌ت