ئەیاد خالید: وڵاتان بڕیاری ریفراندۆم بۆ خەڵكی كوردستان دەگەڕێننەوە

:: AM:11:24:04/06/2017 ‌

ئەیاد خالید نوێنەر و بەرپرسی پرۆگرامەكانی دەزگەی وێستمنستەر بۆ دیموكراسی لە عێراق لەم چاوپێكەوتنەدا لەگەڵ "وشە"، ئاماژە بەوە دەكات كە بەهۆی نالەباری و ناجێگیربوونی بارودۆخی تەناهی، نەتوانراوە بەشێوەیەكی راستەخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران كار بكرێت و ئێستە پڕۆژەكانیان لە كوردستان ئەنجام دەدەن.


ئێوە لە ماوەی رابردوودا پڕۆژەكانتان لە 30 وڵات ئەنجام داوە و عێراق و كوردستان بەشێك بوون لەو وڵاتانە، دەمەوێت بپرسم كاركردنی ئێوە لێرە چۆنە؟

لە كوردستان لە ساڵی ٢٠١٥ سەرقاڵی پرۆگرامی نووسینەوەی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بووین بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەستەی دەستپاكی كوردستان و بەشداریكردنی نوێنەرانی هەریەك لە ئەنجوومەنی دادوەری، لیژنەكانی دەستپاكی و دارایی پەرلەمانی كوردستان، ئەنجوومەنی وەزیران و دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، لە راستیدا كاری سەرەكیی ئێمە هاوكاریكردنی پەرلەمانە، بەڵام بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانی كوردستان لە ئۆكتۆبەری ٢٠١٥ ئێمە فۆكسمان خستە سەر كاركردن لەگەڵ دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان.

هەست دەكرێت كەمتر فۆكستان لەسەر عێراقە، لە كاتێكدا ئێوە پشتگیری پەرلەمانی وڵاتان دەكەن، بۆچی كەمتر پڕۆژەكانتان لە بەغدایە؟

بەڵێ، ئێمە لە سەرەتای دەستكردن بە كاركردن لە عێراق لەوەتەی ساڵی ٢٠١٠، لەپاڵ پاڵپشتكردنی كارەكانی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان، كارمان لەگەڵ لیژنەكانی پەرلەمانی عێراقیش كردووە لە رێی سەنتەرێكی توێژینەوە و دیراسات لە شاری بەغدا و لە رێی پاڵپشتی دارایییەوە هاوكاری سەنتەرەكەمان كردووە بۆ ئامادەكردن و نووسینەوەی پۆلەسی پەیپەر و توێژینەوەی تایبەت بە هەندێ رەشنووس و پڕۆژەیاسا كە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەیویست گفتوگۆیان لەسەر بكات، بەڵام بەهۆی نالەباری و ناجێگیربوونی دۆخی تەناهی نەكراوە بەشێوەیەكی راستەخۆ لەگەڵ ئەنجوومەنی نوێنەران كار بكرێت. هەروەها خۆم وەك نوێنەر و بەڕێوەبەری پرۆگرامەكانی ئەو دەزگەیە دانیشتووی هەولێرم.

دوای پەككەوتنی پەرلەمانی كوردستان كارەكانتان رانەگرت، پڕۆژەی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیتان بۆ دەستەی دەستپاكی ئامادە كرد، پێتان وایە كاریگەریی پەرلەمان لە هەرێمی كوردستان كارەكانی ئێوە راناگرێت؟

بۆ ماوەی نزیكەی دوو ساڵ دەچێت دوای پەكخستنی پەرلەمان بەردەوام بووین لە كارەكانمان، كە ئەم پرۆگرامەی ئێستەمان لە سەرەتاوە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ پەرلەمان بوو، بەڵام بەهۆی بارودۆخەكە، گواسترایەوە بۆ دەستەی دەستپاكی، بۆیە هیوادارم لە نزیكترین كاتدا رێككەوتنی سیاسی بكرێت و پەرلەمانی كوردستان دەست بەكارەكانی خۆی بكاتەوە.

پڕۆژەی ستراتیژیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وردەكاری زۆری تێدایە، دەتوانن ئامانج و ناوەڕۆكی پڕۆژەكە بخەنە ڕوو؟

ئامانجی سەرەكیی پڕۆژەی ستراتیژی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی داڕشتنی دید و پلانێكی گشتگیرە بۆ داودەزگەكان كە كار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكەن، هەروەها رێككەوتنە لەسەر پلانێكی كاری گشتگیر بۆ جێبەجێكردنی ئەو دید و بۆچوون و ئامانجانەی لە ستراتیژەكە رێككەوتنیان لەسەر كراوە.

ناوەڕۆكی ستراتیژەكە جگە لە پێشەكی و ئاراستە و ئەولەویات و ئامانجە ستراتیژییەكان، هەشت سێكتەری لەخۆ گرتووە كە سێكتەری سیاسی و داودەزگە ناوەندییەكان و دەسەڵاتە خۆجێییەكان و دارای گشتی و كەرتی تایبەت و بازرگانی و دەزگەكانی جێبەجێكردنی یاسا و كۆمەڵی مەدەنی و میدیا و دوا سێكتەریش پێوەندی و هاوكاری نێودەوڵەتی دەگرێتەوە.

بۆچی ئەو پڕۆژەیەتان بۆ كوردستان هەڵبژارد، لە شوێنی تر ئەزموونی ئەو پڕۆژەیەتان هەیە؟

ئەمە بۆ یەكەم جارە كە دەزگەكەمان كار لەسەر پرۆگرامێكی ئاوا بكات و ئێستە كار بۆ ئەوە دەكەین ئەزموونی ئەو پڕۆژەیە بگوازینەوە بۆ هەندێ لەو وڵاتانەی كار و پڕۆژەی تێدا ئەنجام دەدەین.

بەرپرسانی هەرێم چۆن پێشوازییان لەو پڕۆژەیە كرد؟ جێی تێبینی ئێوە نییە تا ئێستە؟

لە سەرەتای دەستكردن بە پڕۆژەكە، تێگەیشتن و پێشوازی هەبوو لەلایەن دەستەی دەستپاكی و ئەو دەزگایانەی بانگێشت كران بۆ ئەندامێتی لیژنەی سەرپەرشتیاری نووسینەوەی ستراتیژەكە كە لەسەرەوە ناویان هاتووە، بەڵام بەلای بەرپرسانی حكوومەت لەو كاتەدا ئەوە بابەتێك نەبوو ئەولەویەتی پێ بدرێت و بخرێتە كار و بەرنامەیان وەك ئەوەی ئێستە هەیە كە چەند هۆكارێكی هەبوو، لەوانە ئەو ناكۆكییە سیاسییەی ئەوكاتە هەبوو، هاوكات هێشتا دەسپێشخەرییەكەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ ریفۆرم و چاكسازی لە ئارادا نەبوو، لە كاتێكدا بوو كە شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی داعش لە سەرەتاكانی بوو، بۆیە لەگەڵ بەسەرچوونی كات و كاركردنی بەردەوامی داودەزگەكان بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێك، سەرباری كاڵبوونەوەی ئەو سێ هۆكارانەی سەرەوە، میزاجە گشتییەكە بەو ئاراستەیە چوو كە ئەولەیەت بدرێت بە بابەتی چاكسازی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لەسەر ئاستی كوردستاندا.

دید و تێڕوانینتان بۆ پرسی گەندەڵی لە عێراق و كوردستان چییە؟ چ جیاوازییەك دەبینن؟

بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان و بەتایبەت شەفافیی نێودەوڵەتی، عێراق بەردەوام لە لیستی هەرە خوارووی وڵاتەكانە، بێگومان راپۆرتەكە هەرێمی كوردستان جیا ناكاتەوە لە عێراق، بەڵام رەنگە جیاوازی لە فۆرمات و ستراكتۆر و قەبارەی گەندەڵی هەبێت بەوەی كە جیاوازی هەیە لە نێوان عێراق و كوردستان لەسەر ئاستەكانی سەقامگیری تەناهی و ناكۆكییە سیاسییەكان و پێكهاتەیی و دابەشبوونی دەسەڵات.

بەو ستراتیژەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، دەتوانرێ ستۆپ بە گەندەڵی بكرێ لە كوردستان؟

پرسی كۆتاهێنان بە گەندەڵی رێژەیییە و هەرگیز بەشێوەیەكی یەكجاری كۆتا بە گەندەڵی لە هیچ شوێنیكی دنیا نایەت، بەڵكو هەبوونی ستراتیژ یارمەتیدەرە بۆ رێكخستنی ئەولەویات و دانانی ئامانج و داڕشتنی پلان و بەردەستخستنی ئامراز و هۆكار و هەروەها هاوئاهەنگی پتەوكردنی پێوەندی نێوان دەزگە تایبەتمەندەكان.

ئەگەر پڕۆژەكە جێبەجێ نەكرا هەڵوێستتان چی دەبێت؟

ئەنجوومەنی وەزیران رەزامەندی لەسەر ستراتیژەكە دەربڕیوە و ئێستە كاری بەیەكەوەیی دەكرێت بۆ داڕشتنی پلانی كار و جێبەجێكردنی، هیوادارم بەزووترین كاتیش پەرلەمان بكەوێتەوە كار و لەوێش تاوتوێ بكرێت و رێككەوتن بكرێت لەسەر میكانیزمی چاودێریكردن و بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی.

ئاستەنگ لە بەردەمتاندا چییە، بۆچی كەمتر لە میدیا پڕۆژەكانتان دەردەكەوێت؟

قۆناغی ئاستەنگەكان جیاوازن، بۆ نموونە لە قۆناغی نووسینەوەی ستراتیژەكە ئاستەنگی سەرەكی، بەردەوام نەبوونی نوێنەری ئەنجوومەنی دادوەری لە لیژنەی سەرپەرشتی نووسینەوەكە، سەرەڕای ئەوەی زیاتر لە چوار جار بەفەرمی بانگێشت كران و چەند جاریش لە ڕێی سەردانیكردن و بەزارەكی بانگهێشت دەكرانەوە، هەموو جارێك بەڵێن دەدرا و دەیانگوت شتێكی باشە بەشدار بین، بەڵام تا دوا كۆبوونەوەش هەر ئامادە نەبوون. هەروەها دابڕانی هەردوو سەرۆكەكانی لیژنەی دەستپاكی و دارایی پەرلەمانی كوردستان لە كۆبوونەوەكان، پێم وایە لەبەر پەكخستنی پەرلەمان بوو.

ئێستە بڕوایەك لای دەزگەكانی راگەیاندن دروست نەبووە بۆ ئەولەویەتدان بۆ رووماڵكردنی بابەتەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، زیاتر تەركیز هەیە بۆ رووماڵكردنی كەیس و حاڵەت نەك كاری ستراتیژی و پلانی درێژخایەن.

قسەتان لەسەر پرۆسەی دیموكراسی و حكومڕانی لە كوردستان چییە؟

كاری زۆری دەوێت و پێویستە كاری زۆر لەسەر پراكتیزەكردنی دیموكراسی و یەكتر قەبووڵكردن بكرێت.

ئێستە پرسی ریفراندۆم لە رۆژەڤدایە و زۆر لە رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی پشتگیری و پشتیوانی لێ دەكەن، دیدی ئێوە لەوبارەیەوە چییە؟

ئەوە پرسێكە پێوەست بە ویست و خواستی نەتەوەیەكە، بە حوكمی كارەكەم و مامەڵەكردن لەگەڵ دەزگە و نوێنەرایەتییە نێودەوڵەتییەكان، پێیان وایە ئەوە پرسێكی تایبەتە و بڕیاردان لەسەر ریفراندۆم بۆ خەڵك و هەرێمی كوردستان دەگەڕێتەوە.




وشە - سه‌رخێڵ هاشم