شكستخواردووان بە سەركەوتنیان گۆی زەوییان گۆڕی

:: PM:03:43:04/06/2017 ‌

 

ڕەنگە ناوی زۆر بازرگان و بیرمەند و داهێنەری گەورەتان بیستبێ و وابیر بكەنەوە، كەسانی زۆر بەهێز و ژیر و لێهاتوون و شكستیان نەبینیوە و سەركەوتنی زۆر گەورەیان بە دەست هێناوە لە ژیانیاندا، بەڵام ئەگەر ژیانی ئەو كەسانە بخوێنیتەوە كە بە داهێنان و سەركەوتنەكانیان ژیانی مرۆڤیان لەسەر گۆی زەوی گۆڕی، ئەوا بۆتان دەردەكەوێ ڕێگەی هیچ مرۆڤێك بێ دڕك نییە و گوڵڕێژ نەكراوە، بەڵكو لە ئەنجامی شكست و شكاندنەوە و سەركۆنەكردن و دوورخستنەوە و قەدر نەزانینی كارەكانیان، ئەوان سوورتر بوون و بەردەوام بوون، ڕەنگەی ئەو خەڵكەی ئێستە شكست دەخۆن و مات و مەلوول دادەنیشن، تەنیا جیاوازییەكیان لەگەڵ ئەواندا ئەوە بێ، ڕاستەوخۆ دوای شكستەكان خۆیان ڕادەست دەكەن و سوور نابن لەسەر گەیشتن بە سەركەوتن و بەدیهێنانی ئامانجەكانیان.
ئەو ناوانەی لە خوارەوە دەیانبینی، بیرمەند و دانا و داهێنەر و سەرمایەدارانن، بەڵام بەر لەوەی بەو شێوەیە ناوبانگ پەیدا بكەن و ببن بە كەسایەتیی جیهانی بە كار و داهێنانەكانیان خزمەتی مرۆڤایەتی بكەن، چۆن ژیان و تووشی چی بوون و چەند شكستیان خواردووە، بیخوێننەوە و ئاگەدار بن.

یەكەم: بیل گێتس
ولیام هنری گیتسی سێیەم بە "بیل گێتس" ناسراوە و لە 28 تشرینی دووەم/نۆڤێمبەری 1955 لە شاری سیاتڵی ئەمەریكا لە دایك بووە و لە بنەڕەتدا خانەوادەكەی ئێرلەندی-سكۆتلەندین، باوكی پارێزەرێكی بەناوبانگ بووە و دوای گەورەبوونی ناردوویانەتە بەر خوێندن لە بیركاری و زانستەكان بێ سنوور زیرەك بووە، بۆیە خانەوادەكەی ناردوویانەتە قوتابخانەی "لیكساید"ی تایبەت كە زۆر بەناوبانگ بووە لە ڕووی فێربوونەوە، بێل بۆ یەكەم جار لە ژیانی لەو قوتابخانەیە كۆمپیوتەری بینی و هەر لەو قوتابخانەیەش لەگەڵ هاوڕێكەی پۆل ئالان ئاشنای یەكتر بوو، لە تەمەنی 13 ساڵییەوە لەگەڵ پۆل ئالان بە تەواوی خوویان بە كاركردن لەسەر كۆمپیوتەر كرد، لە پایزی 1973 بێل پێوەندی بە زانكۆی هارڤارد كرد و دواتریش پۆلی هاوڕێشی هاتە زانكۆكە و دەستیان بە خوێندن كرد، بەڵام ئەوان تەواوی مێشك و هزریان لەلایەن كۆمپیوتەرەوە داگیر كرابوو، بۆیە شەو تا بەیانی خەریكی كۆمپیوتەر دەبوون و بە ڕۆژیش لە وانەكانی زانكۆ خەویان لێ دەكەوێت، دوای ساڵێك ئەوان زانكۆی هارڤاردیان بە جێ هێشت و وازیان لە خوێندن لە بەناوبانگترین زانكۆی دنیا هێنا كە ئەو كاتە زۆرێك لە خەڵكی هەموو هیوا و ئاواتیان خوێندن بوو لەو زانكۆیە، پۆل لەوكاتەی بۆ دیداری بێل دەڕۆیشت لە ڕێگە و لە ماركێتێك گۆڤارێكی ئەلیكترۆنی بینی و لەسەر بەرگەكەی وێنەی كۆمپیوتەر "ئالتێر 8800" دانرابوو و نووسرابوو "یەكەم كۆمپیوتەری مایكرۆیی تایبەت بە كاروباری بازرگانی"، پۆل ئالان گۆڤارەكەی كڕی و چوو بۆ لای بێل، لەماوەی چەند ڕۆژێك بێل پێوەندی بە كۆمپانیای "میتس" كرد كە كۆمپانیای بەرهەمهێنەری كۆمپیوتەری "ئالتێر 8800" بوو، پێی ڕاگەیاندن كە لەگەڵ پۆلی هاوڕێی بەرنامەیەكی وەرگێڕانی گەشە پێ داوە بۆ كۆمپیوتەرەكەیان بە زمانی پرۆگرامینكی باسك. ئەوان هیچ بەرنامەیەكیان ئامادە نەكردبوو، بەڵام لە دوای تەلەفۆنەوە دەستیان بە پرۆگرامینگ كرد و دوای هەشت هەفتە پرۆگرامەكەیان تەواو كرد و پۆل ئالان بە فڕۆكەیەك چوو بۆ بارەگای كۆمپانیای میتس و بەرنامەكەی خستە ڕوو، بێ ئەوەی هیچ كێشەیەكی هەبێ، لەلایەن كۆمپانیاكەوە پۆل وەك جێگری بەڕێوەبەری بەشی پرۆگرامینگی كۆمپانیاكە گرێبەستی لەگەڵ كرا و بێڵیش لەگەڵیدا كاری دەست كەوت، ئەوان بەردەوام بوون لە بەرهەمهێنان و داهێنانی پرۆگرامی زۆر پێویست و ناوازە لەو كاتەی كە تازە دنیای ئەلیكترۆنیی و كۆمپیوتەر بەرەوپێش هەنگاوی دەنا، هەرچەند زانكۆیان بە جێ هێشت و زۆرجاریش تووشی شكست بوون، بەڵام لە كۆتادا بیل گێتس توانی ئیمپراتۆریەتی مایكرۆسۆفت دابمەزرێنێ و خۆیشی ببێ بە یەكێك لە ملیاردێرەكانی دنیا، بە داهێنانەكانی كۆمپانیای مایكرۆسۆفتیش جیهانی بە تەواوی بەرەو پێشتر برد و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە دنیا ئەنجام دا.

دووەم: ونستن چەرچڵ
هەرچەندە تا تەمەنی گەنجیشی كەسێكی تەواو شكستخواردوو و گەمژە بووە، بەجۆرێك لە پۆلی شەش چەند جارێك شكستی خواردووە و نەیتوانیوە خوێندن تەواو بكات، بەڵام دوای شكستە زۆرەكانی چووە نێو دنیای سیاسەت و لێزانانە ململانێكانی بردەوە و بوو بە سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا و خەڵاتی نۆبلی بردەوە، لە تەمەنی 62 ساڵیش دا كاتێك لەبارەی شكستەوە پرسیاریان لێ كرد، گوتی: ئێوە لەبارەی كام شكستەكانەوە قسەم بۆ دەكەن، ئەمانە ئەزموون بوون تا بەهێزترم بكەن.

سێیەم: هنری فۆرد
ناوەكەی ماركەیەكی بازرگانی و بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی فۆردە كە یەكێكە لە پڕفرۆشترین كۆمپانیاكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، ئەو خاوەنی كۆمپانیای جیهانی فۆردە بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، ڕێگەی گەیشتنی خۆی و كۆمپانیاكەی گوڵڕێژ نەكرابوو، بەڵكو چەندان جار لە بازرگانی و خوێندن تووشی شكستی گەورە هات، لە پێنج پڕۆژەی گەورەی بازرگانی شكستی گەورە و زیانی زۆری بەركەوت، بەڵام نەوەستا و تا توانی سەركەوتن بە دەست بهێنێ، لە ئەزموونی شەشەمی بازرگانیدا كۆمپانیای فۆردی دامەزراند، كە یەكێكە لە كۆمپانیا جیهانییەكان و سەرمایەیەكی یەكجار زۆری بۆ خۆی كۆكردەوە.

چوارەم: ئەبراهام لینكۆلن
سەرۆكی شازدەیەمینی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە دوای پێگەیشتنەوە تا تەمەنی 60 ساڵی، دەیان پڕۆژەی بازرگانی و جووڵەی سیاسیی كرد بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێ، بەڵام لە سەرجەمیان شكستی هێنا، تا لە كۆتا و لە تەمەنی 60 ساڵیدا خۆی بۆ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا كاندید كرد و توانی سەركەوتن بە دەست بێنێ و بوو بە یەكێك لە سەرۆكە بەهێزەكانی ئەمەریكا لە مێژووی ئەو وڵاتە.

پێنجەم: والت دیزنی
لەو ڕۆژنامەیەی كاری لێ كرد، دوای چەند ڕۆژێك دەریان كرد، بەهۆی ئەوەی وێنەكانی دوور لە خەیاڵ و داهێنان لێك درانەوە، بەڵام ئەو كۆڵی نەدا و بەردەوام بوو، تا لە كۆتادا وێنەكانی فیلمی ئەنیمەیشتی "سپیەتی بەفر"ی گرتە ئەستۆ كە سەركەوتنێكی یەكجار گەورەی بە دەست هێنا و دەركەوت وێنە و دیمەنەكانی لێوانلێو بوون لە بیر و داهێنان، بەڵام سەرنووسەری ڕۆژنامەكە بەهیچ شێوەیەك هەستی بە داهێنانەكانی ئەو نەكردووە، چونكە پێویستی بە كەسێكی بیرتیژ و لێزان هەبووە تا داهێنانەكانی ببینێت لە نێو وێنەكانیدا.

شەشەم: ئەلبێرت ئەنشتاین
ئافرێنەر و داهێنەرێكی زۆر دەگمەن و ناوازەیە، سەرەڕای ژیرییە زۆرەكەی، بەڵام ئەو تا تەمەنێكی زۆر لە ڕووی هزری و توانای بیستن و قسەكردنەوە زۆر كێشەی هەبووە و تا چوار ساڵی نەیبیستووە و تا حەوت ساڵیش نەیتوانیوە بخوێنێتەوە، لە قوتابخانە دەركراوە و لە كۆلێژی هونەرەكانی جێبەجێكردن دەركراوە، كەچی لە كۆتادا بە تیۆرە گرنگەكانی لەبواری زانستی فیزیا بوو بە ئەستێرەیەكی درەشاوە لە زانست و زانیندا.

حەوتەم: چارلز داروین
لە منداڵییەوە باوكی بەردەوام ڕەخنەی لێ گرتووە بەوەی كەسێكی بێ توانا و تەمبەڵە، چارلز لە یاداشتەكانی ژیانی خۆی دەڵێ، لەلایەن باوكم و مامۆستاكەم، من تەنیا منداڵێك بووم كە ئالوودەی خەون بووبووم، توانای عەقڵ و ژیری و بیركردنەوەی خۆم بە فیڕۆ دەدەم.
سەرەڕای ئەو ناسناو و تێگەیشتنانە لە داروین، بەڵام ئەو بوو بە یەكێك لە مەزنترین زاناكانی مێژووی مرۆڤایەتی، ئێستەش تیۆرەكەی لە زانكۆ هەرە گرنگەكانی دنیا دەخوێنرێ و زانا گەورەكانی دنیا لە توێژینەوە زانستییەكانیان پشت بە تیۆرەكەی ئەو دەبەستن.

هەشتەم: ئیسحاق نیوتن
ژیانی لێوانلێو بوو لە شكست، لە خوێندن شكستی هێناوە و دواتر لەلایەن مامەیەوە ڕاسپێردراوە بۆ سەرپەرشتیكردنی باخی خانەوادەكەیان، لەمەشدا شكستی خواردووە و دواتر مامەی دووری دەخاتەوە و دەینێرێت بۆ زانكۆی كامبریدج بۆ ئەوەی لە دەست گەمژەیی نیوتن ڕزگاری ببێ، بەڵام ئەو دوورخستنەوەیە بووە كانگەی هەڵقوڵانی بیر و هزری و بوون بە یەكێك بە زانا بەهرەمەندەكانی مێژووی مرۆڤایەتی.

نۆیەم: سویتشیرۆ هیۆندا
بازرگان و سەرمایەداری بەناوبانگی دنیا و خاوەنی كۆمپانیای "هیۆندا" بۆ بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل، لە ژیانی حەزی بە خوێندن و قوتابخانە نەبووە، ساڵانە كە كارتی نمرەی كۆتای ساڵی وەردەگرتەوە، لە هەموو وانەكان كەوتبوو، بەڵام بە قەڵەم نمرەكانی بەرز دەكردەوە، تا ماڵەوەیان بە سەركەوتووی بزانن، تا لە 15 ساڵی فێڵەكەی ئاشكرا دەبێ و واز لە خوێندن دێنێ و بەرەو تۆكیۆ دەڕوات بۆ دۆزینەوەی دەرفەتێكی كار، سەرەتا لە كارگەیەكی دروستكردنی ماتۆڕسكیل دەستی بەكار كرد، تا دواتر كارگەیەكی تایبەت بە خۆی دانا، بەڵام لە بەدبەختی ئەو لە جەنگی دووەمی جیهانی كارگەكەی بۆردمان كرا و بە تەواوی ئاگری تێبەربوو، دوای كۆتایی جەنگ جارێكی تر كارگەكەی وەك كۆمپانیایەك تۆمار كردەوە بەناوی "هیۆندا"ی، ئێستە خاوەنی 100 داهێنانی فیكرییە و خاوەنی هیچ بڕوانامەیەك لە هیچ بوارێك نییە.

دەیەم: تۆماس ئەدیسۆن
مامۆستاكەی نامەیەكی پێچراوی بۆ دایكی ڕەوانە كرد و لێی نووسی كوڕەكەت زۆر گەمژەیە، مەینێرەوە بۆ قوتابخانە چونكە ئەو ناتوانێ هیچ فێر ببێ، دایكی پێچەوانەی ئەمەی پێ گوت و كوڕەكەی 999 جار هەوڵی دا داهێنانێكی ناوازە بهێنێتە دی، بەڵام شكستی هێنا و لە هەزارەمین هەوڵدانیدا توانی گڵۆپی كارەبایی دروست بكات و دنیا بە داهێنانەكەی ڕووناك بكاتەوە.

سەرچاوە/ئەراجیك.

 



وشە - باز ئه‌حمه‌د