كونسوڵخانەی ئەمەریكا لە هەولێر ئاشنای كولتوور و مێژووی رواندز كرا

:: PM:06:35:04/06/2017 ‌

شاندێكی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە هەولێر سەردانی شارۆكەی رواندزی لە سنووری پارێزگەی هەولێر كرد و لەلایەن بەرپرسانی دەڤەرەكە پێشوازی لێ كرا و بە مێژوو و كولتوور و هونەری رواندز ئاشنا كرا. 

ئەمڕۆ یەكشەم چواری حوزەیران، كوێستان ئەحمەد قایمقامی شارۆكەی رواندز بە "وشە"ی راگەیاند، لەگەڵ شاندی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا باسمان لە پڕۆژە خزمەتگوزارییەكان و بەرەوپێشڤەچوونی رواندز و لایەنی مێژوویی و رۆشنبیری شارەكە كرد، دواتر سەردانی پاركی (وەستا رەجەب)یان كرد، كە تۆپەكەی وەستا رەجەبی تێدا پارێزراوە و یەكێكە لە پاشماوە مێژووییەكانی سەردەمی پاشای گەورە لە رواندز.

روونی كردەوە، شاندەكە هەروەها سەردانی كتێبخانەی گشتیی رواندزی كرد، هاوكات سەردانی سەر خەرەندی رواندزیان كرد و بە بەرزی و ترسناكی خەرەند سەرسوڕمان بوون و سروشت و دیمەنەكەیان زۆر بەلاوە گرینگ بوو.

هەر ئەمڕۆ شاندەكە سەردانی پانكی گەشتیاریی رواندزیان كرد و چەند یارییەك و شوێنیكی پانكی گەشتیارییان بەسەر كردەوە و بە مێژوو و كولتوور و لایەنی رۆشنبیریی و هونەری ناوچەكە ئاشنا بوون، جگە لەوەش خۆشحاڵی خۆیان و بە سروشت و دیمەنە جوانەكانی رواندز، هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە دەربڕی. 

شارۆكەی رواندز لە رووی كارگێڕییەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە، بە دووری 117 كم لە بەشی باكوری شاری هەولێر هەڵكەوتووە.

رواندز/ موڕشید برادۆستی 









وشە - مه‌حموود ئیسماعیل