د. مەقسوود ئیسماعیل:
وەزارەتی تەندروستی گرنگی بە سلێمانی دەدات و جیاكاری دەكات

:: AM:10:22:05/06/2017 ‌

د. مەقسوود ئیسماعیل بەڕێوەبەری تەندروستیی سۆران، لە دیدارێكی "وشە"دا رای دەگەیەنێت، لە كەرتی تەندروستی كوردستاندا جیاكاری زۆر لە نێوان پارێزگای هەولێر و سلێمانیدا دەكرێت، بەجۆرێك سلێمانی پێنج بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە لە كاتێكدا هەولێر تەنیا یەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە. ئاشكرای دەكات "كێشەی كەمی دەرمانمان بۆ دروست بووە و هەشت مانگە دەرمانی تەواومان وەرنەگرتووە".
 
بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سۆران چەند نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی هەیە؟
نزیكەی 50 نەخۆشخانە و بنكەی تەندروستی هەیە، سێ لەو نەخۆشخانانە لە رواندز، سیدەكان و خەلیفانن و پزیشك لە ماوەی 24 سەعات نەخۆش بەڕێ دەكات، حەوت بنكەی ناوشار پزیشكی پلەبەند نەخۆش بەڕێ دەكات، بنكەكانی تر لەلایەن كارمەندانی تەندروستی نەخۆش دەبینن و چارەسەر دەكەن، هەزار و 500 پزیشك و كارمەند بەگشتی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سۆران مووچەخۆرن.

لە رووی كەمی دەرمان دەگوترێ  كێشەتان هەیە؟ 
نەبوون و كەمی دەرمان یەكێكە لە كێشە سەرەكییەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان و تەواوی بنكە تەندروستییەكانمان، لە ئەیلوولی 2016ەوە دەرمانمان بۆ نەهاتووە كە پێشتر دوو مانگ جارێك بڕێكی دیاریكراو لە تەواوی دەرمانەكانمان بۆ دەهات، ئێستە ئەو دەرمانانەی زۆر پێویستن، ماوە ماوە وەكو داواكاری ئیزافی وەری دەگرین.

بەرەو وەرزی هاوین و گەرما دەڕۆین، حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشك لەو سنوورە زیاد دەبن ساڵانە، ئایا ئەو دەرمانانە لای ئێوە دەست دەكەون كە چارەسەری پێوەدانی مار بكەن؟ 
پێشتر ئەو دەرمانانەمان هەبوون، بەڵام ئێستە دەرمانی پێوەدانی مار بە تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سۆران دەست ناكەوێت، هەرچەندە بە نووسراو داوامان لە هەولێر كردووە و پێیان راگەیاندین لە هەموو هەولێریش ئەو دەرمانانە نییە!، ئەمەش دەبێتە هۆی جیاكاری لە نێوان سلێمانی و هەولێر .

چۆن جیاكاری، واتە كەرتی تەندروستی لە پارێزگای سلێمانی زیاتر بایەخی پێ دەدرێت؟
بێگومان جیاكاری زۆر هەیە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی پێنج بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هەیە، كەچی لە هەولێر تەنیا یەك بەڕێوەبەرایەتیی گشتی تەندروستی هەیە، ئێمە شتێكی كەممان پێویست بێت بەو هەموو دوورییەوە دەبێت بچینە هەولێر، لە كاتێكدا ئەو دەڤەرە چوار شارۆكەی هەیە وەك سۆران، مێرگەسۆر، رواندز و چۆمان. لە سنووری پارێزگای سلێمانی شارۆكە هەیە حەوت بنكەی تەندروستی هەیە، راستەوخۆ سەربە وەزارەتە، ئێمە پەنجا بنكەمان هەیە سەربە تەندروستی هەولێرین، بۆچی؟

دوو نەخۆشخانەی گەورەی سۆران لەسەر میلاكی تەندروستیی سۆران هەڵگیران، بۆچی؟ 
دوو ساڵ بەر لە ئێستە بەبێ ئاگاداری ئێمە، بڕیار درا نەخۆشخانەی ئاشتی و لەدایكبوون بگوازرێتەوە سەر میلاكی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستیی هەولێر و فریاكەوتنی سۆرانیش بە نەخۆشخانەی ئاشتییەوە لكێنرا، تا ئێستە هۆكارەكە نازانین. لە جیاتی ئەو بڕیارە پێویست بوو تەندروستیی سۆران بكرێت بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی، ئەو بڕیارە سۆرانی پارچە پارچە كرد.

رێژەی نەخۆشییە درێژخایەنەكان لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سۆران چەندە؟ 
رۆژ بەڕۆژ نەخۆشی درێژخایەن لە تەواوی كوردستان لە زیادبووندایە، بەتایبەت لە سۆران. دیارترینیان نەخۆشیی (شەكرە و پاڵەپەستۆی خوێن) كە هۆی تووشبوون زیاتر بۆ خۆراك و خواردن دەگەڕێتەوە، حاڵەتی بۆماوەیی هۆكارێكی ترە و لە هەمانكات بارودۆخی ئابووری كاریگەریی هەیە بۆ تووشبوون بە نەخۆشیی دریژخایەن، بۆ ئەم نەخۆشانە دەفتەرێك دروست كراوە بۆ وەرگرتنی دەرمانی مانگانە، بەردەوام و بەخۆڕایی بۆیان دابین دەكرێت، لە بنكەی تەندروستیی هەندرێن بەشێكمان كردووەتەوە بەناوی نەخۆشییە درێژخایەنەكان و چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت، هەروەها نەخۆشیی دەروونی و رۆماتیزم و گەدە و تالاسیما لە سۆران هەیە، رێژەیان دەگاتە چوار هەزار نەخۆشی درێژخایەن بێجگە لە تالاسیما، بەهۆی هاتنی رێژەیەكی زۆری ئاوارەكان و هەبوونی نەخۆشیی درێژخایەن تیایاندا، ناتوانین وەك پێویست و مانگانە دەرمانی نەخۆشییە درێژخایەنەكان وەك پێشتر دابین بكەین.

واتە لە سۆران نەخۆشیی شێرپەنجە بوونی نییە؟ 
بێگومان هەیە و رێژەیەكی زۆری خەڵك نەخۆشیی درێژخایەنی شێرپەنجەیان هەیە، بەڵام بۆ چارەسەر دەبێت روو لە نەخۆشخانەی نانەكەلی شاری هەولێر بكەن و لە سۆران چارەسەریان بۆ ناكرێت، هەرچەندە پزیشكی پسپۆڕی شێرپەنجە لە نەخۆشخانەی ئاشتی سۆران هەیە، بەڵام ئەو بەشە نەكراوەتەوە بۆ چۆنیەتیی پشكنینیان و ئەو ئامێر و دەزگەیە نییە كە نەخۆشیی شێرپەنجە دیاری بكرێت و چارەسەری لە سۆران بۆ بكرێت.

تا ئێستە لە سنووری سۆران هیچ حاڵەتی نەخۆشیی ئایدز تۆمار كراوە؟ 
هیچ حاڵەتێكی ئایدز لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی سۆران تۆمار نەكراوە و تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە، نەخۆشیی ئایدز زیاتر لەو كەسانە بڵاو دەبێتەوە كە هەڵگری ئەو ڤایرۆسە بن و لە وڵاتێكی تر روو لە كوردستان و سۆران بكەن، بۆیە ئێمە بە هاوئاهەنگی بنكەی نشینگە، پشكنینی ئایدز بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە هاتوونەتە كوردستان، هەروەها ئەوەی هاوسەرگیری پێك دێنێت، بەڵام تا ئێستە ئەو حاڵەتە لە سۆران تۆمار نەكراوە. 

دەگوترێ لە دەرمانخانە و نۆرینگەكانی سۆران دەرمانی هۆشبەر دەفرۆشرێ؟ 
نۆرینگەكان سەربە سەندیكای كارمەندانی تەندروستین و لەو سەندیكایە مۆڵەتیان پێ دەدرێت، بەڵام لیژنەی ئابووری سەربە قایمقامیەتی سۆران و نوێنەری تەندروستی، پێویستە سزای یاسایی ئەو كەسانە بدەن كە ئەو جۆرە دەرمانە دەفرۆشێت و سەرپێچی رێنوێنی دەكات، چونكە نۆرینگە و دەرمانخانە بەپێی یاسا نابێت لە 18 مادە زیاتر دەرمان بفرۆشن و بەپێی راپۆرتی پزیشك دەرمان بە نەخۆش بدات، بەڵام زۆربەی نۆرینگەكانی سۆران زیاتر لەو رێژەیان هەیە و پێشێلی رێنوێنییەكان دەكەن، بێسەروبەری بەو نۆرینگە پزیشكییانەوە دیارە و جۆرە دەرمانێك بە خەڵك دەفرۆشن وەك دەرمانی مێشك و ئازارشكێن و هێوركەرەوە كە بۆ فرۆشتن پێویستی بە راپۆرتی پزیشك هەیە.

كێشەی مادەی هۆشبەر لە رووی تەندروستییەوە چییە و چیتان كردووە بۆ رێگریكردن لێی؟
مادەی هۆشبەر زۆر پێوەندی بە ئێمەوە نییە، ئێستە سەنتەرێك لە هەولێر بۆ ئەم مەبەستە كراوەتەوە، ئەو كەسانەی ئالوودەی مادەی هۆشبەرن، لەو سەنتەرە راهێنان و چارەسەریان بۆ دەكرێت. 

چیتان كردووە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی شوێنی نێرگەلە و كافتریا و ئەو شوێنانەی تەندروست نین؟
لە وەزارەتی تەندروستی بڕیارێكمان بۆ هاتووە و تیایدا قەدەغەی پێدانی مۆڵەت بە كردنەوەی نێرگەلەخانە كراوە كە پێشتر مۆڵەتی كاركردن بەو شوێنانە دەدرا، لەمەودوا چیتر مۆڵەتیان پێ نادرێت، ئەوانەی پێشتریش مۆڵەتیان پێ دراوە، كەمترین شتی ناتەندروست ببینین دایدەخەین و رێوشوێنی یاسایییان لەگەڵ دەكەین، چونكە دەنگۆی كێشانی مادە هۆشبەرەكان لە شوێنی نێرگەلەكێشان لە ئارادایە .

ماوەی 20 ساڵە بەشێكی زۆری بنكە تەندروستییەكان باڵەخانەیان نۆژەن نەكراوەتەوە؟ 
چەندان جار نووسراومان ئاراستەی سەرووی خۆمان كردووە بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی باڵەخانەی ئەو بنكە تەندروستییانە، چونكە بەشێكیان هیچیان بەسەر یەكەوە نەماوە و وەك كەلاوەیان لێ هاتووە، پەنجا بنكەی تەندروستیمان هەیە، بەشی زۆریان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوەیە، ئەویش پێویستی بە دابینكردنی بودجەیە، ئێستە ناتوانین یەك قەنەفە و یەك مەغسەل و هیچیتریش بۆ ئەو بنكانە بكڕین. 

دەگوترێ لە سنووری تەندروستیی سۆران رێژەیەكی زۆری كارمەندان دەوام ناكەن و بە شێوەی بندیوار مووچە وەردەگرن؟
پێشتر لە بنكە تەندروستییەكانی سەربە بەڕێوەبەرایەتیمان ئەو دیاردەیە هەبوو، دوا بەدوای پێكهێنانی لیژنەیەك و لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە بارودۆخی ئەو بنكە تەندروستییانە،  سەردانی تەواوی بنكە تەندروستییەكانمان كرد، دەركەوت ئەو حاڵەتە هەیە، بۆیە رێژەیەكی زۆری كارمەندانمان فەسڵ كردوون و بەشێكیشمان گواستەوە بۆ شوێنی نیشتەجێبوونیان وەك سیدەكان، یا هەولێر تا دەوامی رۆژانەیان بە جوانی بكەن. 

سۆران/مورشید برادۆستی



وشە - تایبه‌ت