دیسان سووكایەتی بە پیكێ كرایەوە

:: PM:12:27:05/06/2017 ‌

هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوێنێ یەكشەم لە ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەوروپا دووبارە بە قسەی نەشیاو سووكایەتییان بە گیرارد پیكێی بەگریكاری یانەی بەرشەلۆنەی ركابەریان كرد.

پیكێ مانگی رابردووش لەكاتی ئاهەنگی بەدەستهێنانی ناسناوی خولی ئیسپانیاش بەهەمانشێوە لەلایەن هاندەران و بەشێك لە یاریزانانی یانەی ریال مەدرید لەسەرووی هەموویانەوە دانی كارڤاخالی بەگریكارەوە سووكایەتی پێ كرابوو و چەندان وشەی نەشیاویشی ئاراستەكرابوو.

هاندەرانی یانەی ریال مەدرید لە ئاهەنگەكەكەی دوێنێدا لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ بەدەنگی بەرز هاواریان دەكرد "پیكێی بێ ئەقڵ یاڵا سڵاو لە یانەی ریال مەدریدی پاڵەوان بكە".

هەروەها هاوارییان دەكرد "پیكێ چونكە تۆ بەرشەلۆنەیی ئەوا كەم ئەقڵ و ناتەواوی، هەی بێ ئەقڵ یاڵا سڵاو لە ریال مەدریدی پاڵەوان بكە".

ئەم رق و قینە و سوكایەتییانەی هاندەرانی یانەی ریال مەدرید بەهۆی ئەو لێدوانانەی پیكێیەوە بوو كە لە ماوەی ئەم وەرزەدا بە سێرجیۆ رامۆس و یانەی ریال مەدریدی گوتبوو.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دانی كارڤاخالی بەرگریكاری یانەی ریال مەدرید لە كاتی ئاهەنگگێڕانی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا مانگی رابردوو چەند وشەیەكی نەشیاوی ئاراستەی پیكێی كردبوو و دواتریش بەشێكی زۆری یاریزانەكانی هاوڕێی هەمان رستەیان گوتبووەوە.

كارڤاخال بە بڵندگۆ هاواری كردبوو "پیكێ، ئەی پشیلەی پیس، ئێستا كاتی ئەوەیە سڵاو لە پاڵەوانەكان بكەی" دواتریش هاندەران بەدەنگێكی بڵند هەمان رستەیان دەگووتەوە.

لەمبارەیەوە پیكێ لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتیی نووسیبووی: بەم سووكایەتیانەی یاریزانانی یانەی ریال مەدرید دڵتەنگ نەبووم، ئەوان مافی خۆیانە ئاهەنگی بەدەستهێنانی خولی ئیسپانیا بگێڕن و بەمشێوەیە دڵخۆشی خۆیان دەرببڕن.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م