ئاڵای سپی باشیك دادەپۆشێت
تیرۆریستان لە ترسی پێشمەرگە بەردەوامن لە ڕاكردن

:: PM:04:15:27/10/2016 ‌

دوای گەمارۆدانی شارەدێی باشیك لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە، ئێستە ئاڵای سپی تەواوی شارەدێیەكەی داپۆشیوە و پۆل پۆل خەڵكی دێنە پێش و خۆیان ڕادەستی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن.

سەعات 6:30 خولەكی بەیانی رۆژی یەكشەم 23 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان دەستیان بە هێرش و پێشڕەوی بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شارەدێی باشیك كرد و لە میانەی دوو رۆژی هێرشەكەی پێشمەرگە، توانرا لە هەموو لایەكەوە گەمارۆی باشیك بدرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەمیش هێزەكانی پێشمەرگە چوونە نێو گوندی فازڵییە و بە تەواوی كۆنتڕۆڵیان كردەوە.

سەرچاوەیەك لە گوندی فازڵییە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئێستە فازڵییە بە تەواوی كۆنتڕۆڵ كراوەتەوە و ئارامە، خەڵكی پۆل پۆل بە ئاڵای سپییەوە خۆیان ڕادەستی پێشمەرگە دەكەن، پێشمەرگەش دوای ئەوەی پشكنین و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ دەكەن، بەرەو دەرەوەی گوندەكە ئاراستەیان دەكەن و لەوێ ئاو و خۆراكیان پێ دەدرێت.

هەروەها گوتی،  تیرۆریستانی داعش بە تەواوی لە ناوچەكە ڕایان كردووە و گورزی پێشمەرگە ترسی زۆری خستوونەتە دڵەوە، بۆیە لە میحوەرەكانی باشوور ڕووبەڕووبوونەوەی توندیان هەیە، بەڵام لە بەرامبەر پێشمەرگە خۆیان ڕاناگرن و هەڵدێن.

ئاماژەی دا، لە گوندی فازڵییە و عومەر قابچی تەنیا تیرۆریستێكی داعش بە برینداری گیراوە و هەندێكیش كوژراون و ئەوەی تر هەمووی ڕایان كردووە.

سەرچاوەكە ئەوەشی بۆ "وشە" گوت، كە بە دووربین سەیری ناو شارەدێی باشیك دەكەن، هەموو خەڵكی ئاڵای سپیان لەسەر خانووەكانیان هەڵداوە و چاوەڕوانی چوونی پێشمەرگە بۆ ناو باشیك دەكەن، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە بە وریایییەوە مامەڵە دەكەن و بە پێی پلان پێشڕەویی دەكەن.

شارەدێی باشیك دەكەوێتە 12 كیلۆمەتر باكوری رۆژهەڵاتی مووسڵ و ناوچەیەكی كشتوكاڵی بەپیتە و زیاتر بە چاندنی زەیتوون بەناوبانگە، زۆرینەی دانیشتووانی ئێزدی و مەسیحین و هەریەك لە عەرەب و توركمانیش تێیدا نیشتەجێن، 24 گوندی بەسەرەوەیە و ژمارەی دانیشتووانی 70 هەزار كەس دەبێ و سەر بە شارۆكەی حەمدانییە و یەكێكە لە ناوچە گرنگەكانی دەشتی نەینەوا.


وشە - رامیار جەواد