ئەدهەم بارزانی لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی دەدوێ

:: PM:04:20:27/10/2016 ‌

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی  پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕای گەیاند كە پۆستی پارێزگاری سلێمانی گرنگە و ناكرێ تا سەر بەو شێوەیە بە هەڵواسراوی بمێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم، لە ناو ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەدهەم بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی  پارتی دیموكراتی كوردستان لە پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، لەگەڵ ئەو ئەنجوومەنە كۆ بووەوە و دواتر لە ڕاگەیاندراوی نووسینگەكەیدا بڵاویان كردەوە كە باس لە رەوشی سیاسی و كارگێڕیی شاری سلێمانی و كێشە و پرسە هەنووكەیییەكان كراوە و ناوبراو گوتوویەتی: وەك پارتی هەر پڕۆژەیەك لە خزمەتی خەڵكی شاری سلێمانی بێت، بەهەموو شێوەیەك ئێمە پشتگیری و پێداگری لەسەر دەكەین.

هەر لەو نووسراوەدا كە وێنەیەكی دەست "وشە" كەوتووە، ئەدهەم بارزانی لەبارەی پۆستی پارێزگاری سلێمانی ڕای گەیاندووە: پۆستێكی گرنگی لەو شێوەیە ناكرێت بەو جۆرە بمێنێتەوە، دەبێت كاری پێویست بكرێت بۆ چارەسەركردنی، فراكسیۆنی پارتیش لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی هاوكار دەبێت.

لە ڕاپۆرتێكدا كە ئەمڕۆ چوارشەم لە لاپەڕە 3ی هەفتەنامەی "وشە" بڵاو بووەتەوە، د. سامی جەلال بەڕێوەبەری گشتیی دیوان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندووە: دیاریكردنی پارێزگاری سلێمانی بە وەكالەت بۆ ڕاییكردنی كاروباری هاووڵاتییان  ئێستە لە وەزارەت تاوتوێ دەكرێت.

لە بڵاوكراوەی نووسینگەی ئەدهەم بارزانی ئاماژە بەوە كراوە كە  ئازاد محەمەد سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رای گەیاندووە: لە كۆبوونەوەكەماندا هەموو لایەكمان یەكدەنگ بووین لەسەر ئەوەی رێگەچارەسەرێكی گونجاو بۆ بارودۆخەكە بدۆزینەوە.

بەپێی رێككەوتنی گۆڕان و یەكێتی، دەبێت لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا، كاندیدێكی سەر بە گۆڕان پارێزگاری سلێمانی بێت، بەڵام وەك دەردەكەوێت، بەهۆی كێشەی سیاسی و یاسایییەوە، تا ئێستە نەتوانراوە ئەوە بكرێت، ئەوەش كێشە سیاسییەكانی نێوان یەكێتی و گۆڕان قووڵتر دەكاتەوە.


وشە - كوردۆ شابان