خۆشەویستەكەی "شلێر"ی كرد بە ژن و جێی هێشت

:: PM:01:52:06/06/2017 ‌

كچێك دوای ئەوەی ماوەی ساڵێك پێوەندی خۆشەویستیی لەگەڵ كوڕێكدا دەبەستێ، لە دوا دیداردا خۆشەویستەكەی دەستدرێژیی دەكاتە سەر و لە بەردەم شەڵتەر "شوێنی داڵدەدانی ئافرەتان" فڕێی دەدا، ئەوان گرتیانە خۆیان، بەڵام خێزانەكەی چاوەڕوانی هاتنە دەرەوەی دەكەن لە شەڵتەر بۆ ئەوەی بیكوژن، خۆشەویستەكەیشی هەوڵی نییە.

شلێر كچێكی /٢٣ ساڵ/، ماوەی چەند مانگێكە لە شەڵتەر دەژی، ژیانە سەختەكەی لە شەڵتەر و ئەو هەموو خەمە گەورەیە ڕووخساریان وەك ناخی شێواندووە، چونكە شڵتەر هەرچەندە پارێزراوی بە شلێر بدات، ئەو ترسە ناڕەوێنێتەوە كە دڵی شلێری هەژاندووە بەرامبەر كەسوكارەكەی هەیەتی.

ئەو، ماكسییەكی درێژ و لەچكێكی ڕەنگ مات هاوشێوەی ڕووخساری خۆی لەسەر بوو، كاتێك دەیویست باسی ژیانی بكات، قوڕگی پڕ دەبوو لە گریان و بەدوای یەكدا دەیگوت "نامەوێ كەس بزانێت لێرەم دەنا دەكوژرێم"، بەڵام دوای دڵنیا بوون لە پارێزراوی، چیرۆكە هەرەسهاتووەكەی بۆ "وشە" گێڕایەوە.

شلێر كە لە سەرەتای تەمەندایە بۆ ژیان، دەڵێ "پێوەندییەكی زۆرباشم لەگەڵ ڕێباز هەبوو، بڕیارمان دابوو هاوسەرگیری بكەین، ڕێباز چەند جارێك گوتی دێمە داوات، بەڵام هەموو جارەكان بیانوویەكیشی بۆ نەهاتن دەهێنایەوە وەك خزمێكیان مردووە و دایكی لەناكاو نەخۆش كەوتووە و نەشتەرگەری بۆ دەكرێت و چەندان شتی تر، منیش بەهۆی خۆشەویستییەكەمەوە بڕوام بە هەموو قسەكانی دەكرد و خەمباریش دەبووم بۆ رووداوە درۆیینەكانی".

ڕێباز زیاتر لە جارێك بە شلێری گوتووە لەو چەند ڕۆژەدا دێمە داوات، ئەمە وا دەكات شلێر بە دایك و خوشكەكانی دەڵێت كوڕێك داوای دەكات، چەند جارێك ئەو حاڵەتە دووبارە دەبێتەوە و ئەو رۆە هەر نەهات كە داخوازكارانی لە دەرگەی ماڵەكەیان بدەن، بۆیە دواجار دایكی لە شلێر تووڕە دەبێت و وەك خۆی دەیگێڕێتەوە "دایكم گوتی یاریی منداڵان نییە هەموو جار دەڵێیت دێن و نایەن، ئەگەر ئەو كوڕە پیاوە با یەكجار بێتە پێش و ئێمە نەكاتە گەمەی خۆی".

شلێر كە چاوەكانی پێش ماوەیەك پڕ بوون لە رووناكی بۆ داهاتوو و ئێستە تەنیا فرمێسك دەناسن، بەم شێوەیە بەردەوام بوو، دوای هەڵوێستی دایكم ترسێكی زۆر چووە دڵمەوە و دەمزانی ئەگەر هەروا بەردەوام بێ، دایكم ئەو هاوسەرگیرییەم ڕەت دەكاتەوە، بۆیە زۆرم لە ڕیباز كرد ئەم جارە بە ڕاستی بێتە داوام، ئەو بەڵێنی دا و گوتی پارەی تەواوم نییە، بۆیە هەموو زێڕەكانی خۆم فرۆشت و پێم دا.

"ئەو ڕۆژەی دەبوو بۆ بەیانی ڕێباز بێتە داخوازیم، گوتی دەبێت ئێوارەكەی یەك ببینین و قسە لەسەر داخوازییەكە و وردەكارییەكان بكەین، هێندە بە دڵخۆشی چوومە ئەو دیدارە قەت پێشبینی ناكرێت، بەڵام ئەوە دواین خۆشی ژیانی من بوو". شلبێر وای گوت.

سەختی ئەو ماڵئاوایی ئەو ئێوارەیە و ئازاری چەشتووی ناخی شلێر، ئێستەیش روون دیارە بە رووخسارییەوە، كاتێك بە توندی دەستەكانی دەگووشی و دەیگوت، "زۆر بە تامەزرۆیییەوە خۆم گەیاندە لای ڕیباز و گوتم با بچین لە شوێنێك دابنیشین، بەڵام پێی باش بوو هەر لەناو ئۆتۆمبێل بین و گوتی با زوو كۆتای بە قسەكان بێنین و بڕۆین خۆمان بۆ داواكردنەكە ئامادە دەكەین، شەربەتێكی دامێ گوایە بەتایبەت بۆی هێنابووم، دوای نزیكی سەعاتێك هەستم بە گێژبوون دەكرد، كۆنترۆڵم بەسەر خۆما نەما، هەموو شتێكم هەست پێ دەكرد كە كردی، بەڵام توانای هیچم نەبوو، ئەو زاڵمە ئەوەی ویستی كردی، دواتر كاتێك خۆم بینییەوە لەناو ئەم شەڵتەرە بووم".

دوای ئەنجامدانی هەموو پێداویستییەك لەڕووی تەندروستی و پاراستنی شلێر، هەوڵ بۆ وەرگرتنەوەی مافی شلێر و گرتنی ڕێباز دراوە، بەڵام بەو هۆیەی رێباز ناونیشانی خۆی بەهەڵە بە شلێر داوە و ژمارەكەی داخراوە، نەتوانراوە بدۆزرێتەوە و بگیرێ، هەرچەندە دەنگۆی چووەنە دەرەوەی وڵاتی هەیە، بەڵام شەڵتەر و شلێر دڵنیا نین لەوە.

شلێر ئێستە وەك خۆی باسی دەكات، شەو و ڕۆژێكی بە ساڵێك لێ دەڕوات و هیوای بۆ دەرچوون لەو ژیانە نییە كە پێشتر چركەكانی خاو دەكردەوە بۆ هەڵمژینی هەوای پاك و زوو گەیشتن بە ئارەزووەكانی. ئێستە دنیاكەی بچووك بووەتەوە بۆ بەسەربردنی كاتەكان لەگەڵ ژمارەیەك ژنی تر كە چیرۆكەكانیان لە هی خۆی كارەساتترن و لەوپەڕی بێئومێدیدا جار جار دڵی یەك دەدەنەوە.

وشە/هەولێر-ئیڤان عەبدوڕەحمان



وشە - تایبه‌ت