ئەردۆغان: رێگە نادەین شەنگال ببێتە قەندیلێكی تر

:: PM:04:44:27/10/2016 ‌

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا رای گەیاند كە رێگە نادەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) قەندیلێكی تر لە ناوچەی شنگال دروست بكات و داواش لە ئەمەریكا دەكات كە بەهاوبەشی و بەبێ بەشداریی پەیەدە و یەپەگەوە رەقە لە داعش پاك بكەنەوە.

ئاشتن كارتەر وەزیری بەرگریی ئەمەریكا و مایكل فالۆنی هاوتا بەریتانیایییەكی لە كۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی لە برووكسل رایان گەیاند كە جەنگی ئازادكردنەوەی رەقە لە چەند هەفتەی داهاتوو دەست پێ دەكات.

 هاوكات جەنەراڵ ستیڤن تاونسند گەورە فەرماندەی سەربازیی ئەمەریكا لە عێراق دووپاتی كردەوە كە یەكینەكانی پاراستنی گەل بەشێكن لەو هێزەی بەشداری لە دابڕینی رەقە دەكات و ئەوان تاكە هێزن لەسەر ئاستێكی نزیك كە بتوانن ئەوە بكەن و بەم نێزیكانە دەست پێ دەكەین.

ئەمڕۆ ئەردۆغان لە ئەنكەرە لە میانەی ئاهەنگێكدا رای گەیاند كردەوەگەلی "قەڵغانی فورات" كە لە 24ی ئابی رابردوو لەناو سووریا دەستمان پێ كرد، فرەوانتر دەكەین و بەرەو شارەكانی باب و منبەج و رەقە پێشڕەوی دەكەین و دووپاتی كردەوە كە ئەو بە تەلەفۆن لەگەڵ باراك ئۆبامای سەرۆكی ئەمەریكا لەوبارەوە قسەی كردووە.

ئەردۆغان لەبارەی عێراقەوە رای گەیاند كە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە كەركووك و مووسڵ و تەلەعفەر و شنگال بەردەوام دەبین و ئاشكرای كرد كە هەوڵێك هەیە بۆ دروستكردنی قەندیلێكی تر لە شنگال و ئێمەش رێگە بەوە نادەین.  

ئەردۆغان ئاماژەی كرد كە وڵاتەكەی رەوتێكی نوێی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر لە توركیا پێڕەو دەكات كە پشت بە وشككردنی تیرۆرە لە سەرچاوەكەیەوە بەر لە هاتنی بۆ ناو توركیا، وەك ئاماژەیەك بۆ بەشداریكردن لە جەنگی دژ بەداعش لە سووریا و عێراق. 

ئەردۆغان پێشتر لەبارەی ئازادكردنەوەی رەقە رای گەیاندبوو كە بە ئەمەریكایییەكان دەڵێین ئەگەر پرسەكە پێوەستە بە لەناوبردنی داعش ئەوە با بەیەكەوە ئەو كارە بكەین و پێویستیمان بە پارتی یەكێتی دیموكراتی و یەكینەكانی پاراستنی گەل نییە.

سێشەمی رابردوو فرانسوا هۆڵاند سەرۆكی فڕەنسا ئاماژە بۆ ئەگەری دەست پێكردنی جەنگی ئازادكردنەوەی شاری رەقە لە دوای ئازادكردنەوەی مووسڵ كرد و رای گەیاند كە بیر لەوە دەكەنەوە كە دوای چەند هەفتەیەك چی پێویستە بكرێت بۆ رەقە، كە گەورەترین مۆڵگەی داعشە لە سووریا.

17ی ئەم مانگە جەنگی ئازادكردنەوەی مووسڵ بە بەشداری سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەپاڵپشتی ئاسمانی هێزەكانی هاوپەیمانان دەستی پێ كرد و تا ئێستە دەیان گوند ئازاد كراونەتەوە و هێزەكان بەرەو گەمارۆدانی سەنتەری مووسڵ لە پێشڕەویدان. 

سەرچاوە: تەرەتە، ئەلحەیات


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل