زۆرێك لەوانەی بەڕۆژوو دەبن بەدەست سەرئێشەی بەرۆژووبوونەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی كاتێك لە دەوامی رۆژانەی سەر كار دەبن، یان ناچاری شوفێریكردنی دوور و درێژ و هاتن و چوون بۆسەر كارەكانیان دەبن، تەنانەت كاتێك بۆ بازاڕكردن دەچن، هەروەها بەهۆی كەمخەوی و خەوی پچڕ پچڕیش تووشی دەبنەوە.
لەو كاتانە تۆ ناتوانیت چارەسەری دەرمان وەربگریت، بەڵام دەتوانی بە چەند رێگەیەكەوە كۆنترۆڵی سەرئێشەكە بكەیت، وەك لە راپۆرتێكی ماڵپەڕی "بۆڵدسكای"ی تایبەت بە تەندروستی بڵاو كراوەتەوە و وەك ئەوەی خوارەوە:
1-خۆت لە سەرچاوەی رارایی بەدوور بگرە، كاتێك هۆكاری سەرەكی سەرئێشەكەت رارایی و نیگەرانییە لە شتێك، تۆ دەتوانی بۆ ماوەیەك خۆت لەو سەرچاوەیە بەدوور بگریت، بۆ نموونە ئەگەر كەسێكی لە نزیكتەوە بە دەنگی بەرز قسە و هاواری دەكرد، تۆ لەو شوێنە دووربكەوە و سەرئێشەكەت نامێنێت.
2-چاوت بنووقێنە و خۆت بدە دەستی خەیاڵتەوە، زیندەخەون باشترین رێگەیە بۆ نەهێشتنی نیگەرانی و راراییەوە كە سەرئێشە دروست دەكات، بۆیە ئەو كاتەی بەرۆژوویت و سەرئێشەت هەیە و هەست دەكەیت كە خەریكە سەرت دەتەقێت، ئەوە چاوت بنووقێنە بۆ چەند خولەكێك خۆت بدە دەستی خەیاڵ.
3-لە شاشەی كۆمپیۆتەر و مۆبایل و لابتۆب دوور بكەوە، چاوەكات پێش هەموو شتێك هەست بە رارایی و بێزاربوون دەكەن كە دواتر سەرئێشە دروست دەبێت، بۆیە هەوڵ مەدە كە چاوەكانت ماندوو بكەیت لە رێگەی سەیركردنی زۆری شاشەی مۆبایل و لابتۆپ و كۆمپیۆتەرەوە كە سەرئێشە زیاتر دەكەن، هەروەها زۆر سەیركردنی تەلەڤزیۆن باش نییە و پێویستە بۆ ماوەیەكی كەمیش بێت خۆت لەوانە بەدوور بگریت.
4-خۆشتن، زۆر جار چارەسەری سەرئێشە بریتییە لە وەرگرتنی دۆشێك و وەستان لەژێر ئاودا و خۆشتن، تەنانەت حەسانەوە لەناو ئاوێكی گەرم بۆ چەند كاتێك.
5-چارەسەری بە بۆن، لە زۆرێك لە حاڵەتەكان چارەسەر ئەوەیە كە چەند مۆمێكی بۆندار هەڵبكەیت و دەشتوانی پەڕۆكێكی تەڕكراو بخەیتە سەر چاوەكانت و بۆ چەند خولەكێك پاڵكەویت.
6-زۆر جار مەساجكردن و شێلانی ناوچەی ناوچاوان چارەسەرێكی باش و كاریگەرە بۆ سەرئێشە، بۆیە لەسەر پشت پاڵ بكەوە و بۆ چەند ساتێك دەست بە شێلانی نێوچەوانت بكە و هەست بە جیاوازی دەكەیت.
7- راهێنانی هەناسەوەرگرتن، هەناسەوەرگرتن بە قووڵی باشترین شتە بۆ نەهێشتنی سەرئێشە كە بیكەیت، بۆیە تۆ دەتوانیت تەنیا دابنیشیت و چاوەكانت بنووقێنیت و دەست بە هەڵمژینی هەناسەیەكی قووڵ بكەیت و دواتر بە هێمنی بیدەوە تا هەست بە پڕبوونی گەدەت بە هەوا دەكەیت و دواتر بەهێواشی بیكە دەرەوە، تۆ 10 جار دووبارەی بكەوە و ئەو رێگەیە تەنیا چارەسەری ناكات، بەڵكو رێگریشی لێ دەكات.
8-حەساندنەوەی ماسوولكەكان، دەست بكە بە سووڕاندنی ملت بۆ لای راست و چەپتەوە و بە شێوەیەكی بازنەیی، دواتر دەست بكە بە جوڵاندنی شانەكانت بەرەو پێشەوە و دواووە، ئینجا هەر راهێنانێك لەوانەی باس كران بۆ 10 جار دووبارەی بكەوە، كە ئەوانە دەبنە مایەی حەسانەوەی ماسوولكە و چارەسەری سەرئێشە.