چاوەڕوان دەكرێت بۆ مانگی ڕەمەزان تەواوی مادەكانی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان بەپێی پسوولەی خۆراك دابەش بكرێت، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیایی دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی دەڵێت، بۆ ئەم مانگە سەرجەم مادەكان دابەش دەكرێن بەسەر هاوڵاتیان و ئێستەش خۆراكیان بەدەست گەیشتووە.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیایی دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ئەمڕۆ سێشەم بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بۆ مانگی ڕەمەزان تەواوی بەشە خۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان دابەش دەكرێت.
ئەوەشی گوت، شەكری مانگی كانوونی دووەمی هاووڵاتییان گەیشتووەتە شاری سلێمانی و دابەش كراوە و شەكری مانگی شوباتیش گەیشتووە و دوای پشكنین دەست بە دابەشكردنی دەكرێت، لە ماوەی چەند رۆژی رابردووش زیاتر لە هەشت هەزار تۆن شەكر دابەش كرداوە.
روونی كردەوە، چاوەڕێی هاتنی ڕۆنی مانگی چوار و پێنجیش دەكەین كە بە دەستمان بگات و بەشە ئاردیش مانگانە و بەردەوام بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، ئەوەی ماوە تەنیا برنجە كە چاوەڕێی دەكەین لەم چەند ڕۆژەدا بەشە برنجی مانگانەی هاووڵاتییانمان بەدەست بگات و ئەویش دابەش دەكەین، بەوەش سەرجەم مادە خۆراكییەكان بۆ مانگی ڕەمەزان دابەش دەكرێن.
بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك ئاماژەی كرد كە لە بەرامبەر ئەو بەشە خۆراكەی كە مانگانە دەدرێتە هاووڵاتییان، بۆ هەر كەسێك 500 دینار وەردەگیرێت، 250 دیناری بریكارەكە دەبێت و 250 دیناریشی بۆ وەزارەتی بازرگانی عێراق، هەركات لە بەغداوە ئاگەدار كراینەوە بۆ زیادكردنی ئەو پارەیە ئێمەش زیادی دەكەین.
سلێمانی/ هۆشیار عەلی