زەڵمای خەلیل زاد باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق وای دەبینێت كە دوای نەمانی داعش، هەرێمی كوردستان ئەو تەنگژە دارایییەی كە تێی كەوتووە تێپەڕی دەكات.
ئەمڕۆ لە هۆڵی سەعد عەبدوڵا لە شاری هەولێر، كۆنفرانسی "پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان" دەستی پێ كرد كە دوو رۆژ دەخایەنێت و چەندان پانێلی جیاواز لەخۆ دەگرێت كە بازرگان و خاوەنكارانی كوردستان لەگەڵ حكوومەت تاوتوێی كێشە و پرسە ئابوورییەكان دەكەن.
ئەمڕۆ لە كۆنگرەكەدا زەڵمای خەلیل زاد باڵوێزی پێشووی ئەمەریكا لە عێراق وتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا ئاماژەی بۆ دۆخی ئابووری هەرێم كرد و رای گەیاند، دوای نەمانی داعش پرسە گرنگەكە چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەولێر و بەغدایە.
زیاتر گوتی، دوای نەمانی داعش، هەرێمی كوردستان تەنگژە دارایییەكە تێپەڕ دەكات و حكوومەتی هەرێمیش داوا كراوە بۆ داڕشتن و پێڕەوكردنی پڕۆگرامێكی شەفاف و تۆكمە بۆ فایلی ئابوورییەكەی بەمەبەستی پێشوەچوونی.
خەلیل زاد دووپاتی كردەوە كە لەوە دڵنیام بەوەی دۆخی ئابووری هەرێم دوای داعش بەرەو باشتر دەچێت.
لە میانی كۆنگرەكەی ئەمڕۆی هەولێر، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دووپاتی كردەوە ئاسانكاری گەورەیان بۆ كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی دەرەكی كردووە.
زیاتر گوتی، هەرێم لە 2004ەوە تا كاتی دروستبوونی تەنگژەكە گەشەسەندنی گەورەی بەخۆیەوە بینی و رێژەی بێكاری لە 10.4% بۆ 5.2% كەم بووەوە و داهاتی كەرتەكانی پیشەسازی و گەشتیاری و نیشتەجێكردن گەیشتە 47 ملیار دۆلاری ئەمەریكایی.
نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە دوایین كۆبوونەوەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا كرد و گوتی، دەرگەی تازەی گەیشتن بە چارەسەری كێشەكان كراوەتەوە و هیواخوازین بتوانین سەرجەم كێشەكان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكەین.
وشە/شەفەق نیوز-و: مەحموود ئیسماعیل