بەشێك لە حزبەكانی كوردستان، دژایەتی هەموو هەنگاوێكی حكوومەت دەكەن و ڕای گشتی وا تێدەگەیەنن هەر هەنگاوێكی حكوومەت، ماڵوێرانی بۆ خەڵكی كوردستان دێنێت بەبێ ئەوەی هیچ بەدیلێك ڕابگەیەنن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشێك لەو حزبانە هەر لە بنەڕەتەوە بڕیاری دژایەتیكردنی هەموو هەنگاوێكی حكوومەتیان داوە بە تایبەت لە دۆسیەی نەوتدا.
هەفتەی ڕابردوو شاندی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەردانی ڕووسیای كرد و لەوێ چەند گرێبەستێكی گرنگیان واژوو كرد، بەڵام لەناو كوردستانەوە بەشێك لە حزبەكان كەوتنە ڕەخنەگرتن لە حكوومەت و ئەو گرێبەستانەیان بە ماڵوێرانی بۆ هەرێم بە ڕای گشتیی كوردستان ناساند. ئەمە لە كاتێكدا ئەوانەی ئەو ڕەخنانە دەگرن، هیچ بەدیلێكیان نییە و هەموو هەنگاوێكی حكوومەت بە هەڵە و پڕ كەموكوڕی ناو دەبەن.
ئومێد خۆشناو سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، بەشێك لە حزبەكان لە بنەڕەتەوە ئاڵای دژایەتیكردنیان بەرامبەر هەر هەنگاوێكی حكوومەتی هەرێم هەڵبڕیوە بەتایبەتیش لە دۆسیەی نەوتدا. خۆشناو گوتی، "ئەوان خۆیان زۆر بە دڵسۆزی میلەت پیشان دەدەن، بەبێ ئەوەی یەك بەدیلی جێگرەوەیان بۆ ڕەخنەكانیان هەبێت".
"حكوومەتی هەرێم نەوت بەڕێ دەكات و ئەو حزبانە ڕەخنەی لێ دەگرن، ڕای دەگرێت و ڕەخنەی لێ دەگرن، گرێبەست دەكات و دەڵێن كوردستان تاڵان دەكەن، گرێبەست ناكات و دەڵێن كار هیچ گەشانەوەیەك نەماوە و ئابووریی كوردستان داتەپیوە، لەوەوە دەردەكەوێت نیازی ئەو حزبانە تەنیا لە دژایەتیكردندایە و هیچی تر". خۆشناو وای گوت.
دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێم هەموو تواناكانی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ كۆتاهێنان بە تەنگژەی داراییی كوردستان و باشتركردنی ژیانی مووچەخۆران و خەڵكی كوردستان.
ساڵی 2017دا حكوومەتی هەرێم توانیویەتی بەشێوەیەكی باشتر لە ساڵی پار مووچەی فەرمانبەران بدات و ناو بەناویش بەشە بودجەیەك بۆ بەڵێندەران وەبەرهێنەران خەرج دەكات. وەك بەرپرسانی حكوومی ڕای دەگەیەنن، بارودۆخەكە بەرەو باشتربوون هەنگاو دەنێت.
عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان كە خۆی و حزبەكەی یەكێكن لەوانەی بەردەوام ڕەخنە لە حكوومەت دەگرن، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، "ئەو گرێبەستانەی حكوومەتی هەرێم دەیانكات، سەرجەمیان ماڵوێرانی بۆ نەوە لە دوای نەوەی كوردستان دێنن".
لەبارەی ڕەخنەگرتنی ئەوان و بێ بەدیلیان، ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان گوتی، "ئێمە لە دوورەوەین و هیچمان بەدەست نییە، بەڵام ئەوەی حكوومەتی هەرێم دەیكات نەزانترین كەس دەزانێت هەرێم دەخاتە چ مەترسییەكەوە، بە پێچەوانەوە سەدان جار ئێمە باسی چۆنیەتیی مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسیەی نەوت و داهات و بودجەمان كردووە و نەخشەڕێگەی ئابووریشمان هەیە و ڕامان گەیاندووە".
تێكچوون و ئاڵۆزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان بە هۆكارێكی بەرچاوی ناڕەزایی بەردەوامی بەشێك لە حزبەكان دەزانرێت و باس لەوە دەكرێت، بەشێك لە ڕەخنەكان تەنیا پێوەندی بە شكاندن و بە كەمگرتنی هەوڵەكانی یەكترەوە هەیە نەك خەمخۆری و دووربینی.
بۆچوونێكی رژدیش هەیە لەلایەن چاودێرانەوە، بە وردبوونەوەی لە ئەزموونی سێ ساڵی رابردووی كوردستان بەوەی حزبە رەخنەگرەكان قسە لەسەر چاككردن ناكەن، بەڵكو داوای بەشە گەندەڵی دەكەن، لێرەوە دەردەكەوێ كە هەمووان دەیانەوێ كوردستان نغرۆی گەندەڵی ببێ.