رووبەری دەریاچەی ورمێ سێ هێندە زیادی كردووە

:: PM:01:30:08/06/2017 ‌

بەرزایی ئاوی دەریاچەی ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان بەراورد بە چوار ساڵ لەمەوبەر، ٩٠ سانتیمەتر زیادی كردووە و رووبەرە ئاوییەكەشی سێ هێندە فراوانتر بووە.

پەرویز ئاراستێ بەڕێوەبەری گشتیی پاراستنی ژینگەی پارێزگای ورمێ ئاشكرای كرد، سەرەڕای ئەوەی كە رێژەی باران لە ورمێ بەراورد بە ساڵی رابردوو ٢٨% دابەزیوە، بەڵام رووبەری ئاوی دەریاچەكە لە ٧٣٠ كیلۆمەتری چوارگۆشە لە ساڵی ٢٠١٣ بەرەو دوو هەزار و ٥٦٣ كیلۆمەتری چوارگۆشە زیادی كردووە و بڕی ئاوی دەریاچەكە گەیشتووەتە دوو ملیار و ٥٩٠ ملیۆن مەتری سێجا.

بەگویرەی "ئیرنا" دەریاچەی ورمێ بە دووەم گەورەترین دەریاچەی سوێری دنیا هەژمار دەكرێت كە لە دوو دەیەی رابردوو مەترسی وشكبوونی لەسەر بووە. یەكێك لە هۆكارەكانی كەمبوونەوەی ئاوی دەریاچەكە لە رابردوودا پێوەندی بە پێڕەوكردنی شێوەی كۆنی ئاودێری لە ناوچەكە هەبووە كە ئاوێكی زۆر بە فیڕۆ دەچێت و هۆكاری سەرەكیش، كەمبوونەوەی باران بووە لە دووو دەیەی رابردوو.

ئاوی دەریاچەی ورمێ دەبێت نزیكەی سێ مەتری تر بەرز ببێتەوە تا بگاتە ئاستی ناوەندیی ئاوی دەریاچەكە. بەو سیستەمە نوێیەی لە ئاوەدێری زەوییە كشتوكاڵییەكانی نزیك دەریاچەكە پێڕەو دەكرێت، رێژەی بەكاربردنی ئاو ٤٠% دابەزیوە كە یارمەتی زیادبوونی ئاوی دەریاچەكەی داوە. نزیكەی ٤٨ هەزار تۆن لە زەوییە كشتوكاڵییەكانی ورمی لە دوو ساڵی رابردوودا میكانیزە كراون و بە سیستەمی نوێ ئاو دەدرێن.

رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ یەكێك بوو لە گرنگترین پلانەكانی كابینەی حەسەن رووحانی سەرۆك كۆماری ئێران دوای ئەوەی پۆستەكەی وەرگرت. لە كۆتاكانی خولی یەكەمی دەسەڵاتی رووحانی، ئەو سیاسەتی رزگاركردنی دەریاچەكەی گۆڕیبوو بۆ رووبەڕووبوونەوەی كاریگەرییەكانی وشكبوونی دەریاچەكە.

لە خولی پێشوویدا رووحانی تریلیۆنێك و ٧٠٠ ملیار تمەن بودجەی پەسند كرد بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە كە دەكاتە نزیكەی نیو ملیار دۆلار، بەڵام خەلیل ساعەتی سەرۆكی دامەزراوەی رزگاركردنی دەریاچەكە گوتی، لەو بڕە پارەیە تەنیا ٣٠٠ ملیار تمەن بۆ ئەو مەبەستە خەرج كراوە كە دەكاتە نزیكەی ١٠٠ ملیۆن دۆلار.

تەرخان نەكردنی ئەو بودجەیەی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو بەگوتەی ئەو بەرپرسە، هۆكار بووە لەوەی زۆرێك لە پلانەكان بۆ رزگاركردنی دەریاچەكە تووشی شكست ببن.

رووحانی لە ماوەی دەسەڵاتیدا دەستەی ژیاندنەوەی دەریاچەی ورمێی پێك هێنا. ئەم دەستەیە پڕۆژەیەكی 26 لایەنەی بۆ ژیاندنەوەی دەریاچەكە پێشنیاز كرد. ئەندامانی دەستەكە گوتیان پڕۆژەكانیان سەركەوتوو بووە. ئەوان كۆتای ساڵی رابردوو ئاشكرایان كردبوو ئاستی ئاو لە چاو ساڵی ٢٠١٥، سەرووی ٤٠ سانتیمەتر بەرز بووەتەوە.

بەڵام شارەزایان هێشتا بەوپەڕی نائومێدییەوە چاو داهاتووی دەریاچەكە دەكەن و دەڵێن، گرنگترین هۆكاری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوەكەی، بارانە زۆرەكانی وەرزی بارانی ساڵی رابردوو بووە نەك سیاسەت و پلانەكانی حكوومەت. بارانی ئەمساڵی پارێزگاكە بەراورد بە ساڵی رابردوو زۆر كەمتر بوو، بۆیە بە پێویست دەزانرێت رێوشوێنی بەهێزتر بۆ رێگریكردن لە وشكبوونی دەریاچەكە بگیرێتە بەر.

پێشتر پسپۆڕانی ژینگە هۆشدارییان دابوو ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا مەترسی بۆ سەر ژیانی پێنج ملیۆن كەس لە دانیشتووانی دەوروبەری ورمێ دروست دەبێت. بڕی ئەو خوێیەی لە دەریاچەكەدا هەیە دەگاتە ١٠ ملیار تۆن، ئەگەر وشك ببێت، ئەوا با وردە خوێیەكە بۆ دەوروبەری خۆی دەگوازێتەوە و كشتوكاڵی ناوچەكەش لە ناو دەبات.

دەریاچەكە سنووری رۆژهەڵاتی كوردستانە لەگەڵ ناوچەی ئازەربایجان و وشكبوونی دەریاچەكەش هەڕەشەیە بۆ سەر دانیشتووانی هەردوو شاری ورمێی كوردستانی و تەورێزی ئازەربایجانی.

لە بازنەی ١٠٠ كیلۆمەتری نزیك دەریاچەی ورمێ سەرووی پێنج ملیۆن كەس دەژین. یەكێك لە گرنگترین ئەو شارانەی لە بەردەم مەترسیدایە ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، بریتییە لە شاری تەورێز كە بە ناوەندی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژهەڵات هەژمار دەكرێت.

 ئەو شارە ئازەرینشینە و ئەگەر دەریاچەكە وشك بێت، ئەوا دەبێت چۆڵ بكرێت و شارەكە بۆ شوێنێكی تر بگوازرێتەوە و گواستنەوەی شارەكەش یەك تریلیۆن دۆلاری تێ دەچێت، لە كاتێكدا رزگاركردنی دەریاچەی ورمێ بە بەرنامەیەكی ١٠ ساڵە شەش ملیار دۆلاری پێویستە.

تەورێز ١٤٦ كیلۆمەتر لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی كوردستان دوورە. ورمێ لە دەریاچەكە نزیكترە، بەڵام مەترسی زیاتر بۆ سەر تەورێز دێتە كایەوە، چونكە ئاراستەی بای ناوچەكە خوێی دەریاچەكە بۆ سەر شاری تەوریز دەگوازێتەوە و ناوچە كشتوكاڵییەكانیش تووشی وشكبوون دەكات.



 ئەگەر دەریاچەكە مەترسی بۆ سەر شارێكی كوردنشین دروست بكردایە و خەڵكەكەی ناچار بكرانایە ناوچەكەیان جێ بهێڵن، دەمێك بوو ئێران هاوكاری وشكبوونی دەریاچەكەی دەكرد، بەڵام لە سایەی سەری كاریگەرییە مەترسیدارەكانی وشكبوونی دەریاچەكە بۆ سەر ناوچە توركی و شیعەنشینەكان، حكوومەت هەوڵی رزگاركردنی دەریاچەكە دەدات.






وشە - سلێمان تاشان