چوار پڕۆژەكەی شیعە بۆ داهاتووی عێراق چین؟

:: AM:11:24:09/06/2017 ‌

خەریكە چوار پڕۆژە بۆ قۆناغی دوای داعش یان داهاتووی عێراق بە روونی گەڵاڵەبوونیان بۆ دەكرێت، ئەوان لە لە رووی شێوازی خستنەڕوو و راگەیاندن و ئامانج و پاساو جیاوازن لە یەكتر، كە بریتین لە زۆرینەی سیاسی و زۆرینەی نیشتیمانی و پڕۆژەی نیشتیمانی و حەشدونا.

لەو پڕۆژانەدا نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێڕاق بانگەشەی پڕۆژەی زۆرینەی سیاسی دەكات، لەو كاتەی عەمار حەكیم خۆی كردووە بە خاوەنی پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانی و و موقتەدا سەدریش پاڵ بە پڕۆژە نیشتیمانییەكەیەوە دەنێت، هەرچی هێڵی هێزەكانی ناو حەشدی شەعبییە كە بە هێزەوە و بە وریەكی بەرزەوە بەهۆی سەركەوتنییان لە بەرەكانی جەنگەوە خۆیان ساز دەدەن بۆ خستنەڕووی پڕۆژەیەك بۆ گۆڕین و ئاراستەكردنی پڕۆسەی سیاسی.

لە شرۆڤەكردنی هەرچوار ئاراستەكەوە دەردەكەوێت كە هەر لایەنەكیان بەرگری لە پڕۆژە و دیدی خۆی دەكات و بە دەربازی دادەنێت بۆ رزگاركردنی داهاتووی سیاسی لە عێراق، بەتایبەتی لە 2017 كە رەنگە ببێتە ساڵێكی یەكلاكەرەوە بۆ دۆخی سیاسی وڵات، بەو هۆیەی پڕۆسەی سیاسییەكەی یان سەركەوتوو دەبێت یان شكستخواردوو، ئەوەش لەسایەی ئەو بارەگرانییەی دۆخی ناوەخۆیی و دەرەكییەیەی كە هەیە سەرەڕای ئەو راكێش راكێشەی لە ناوچەكەدا هەیە كە دەوڵەتی عێراق بەرەو هەڵدێری مەترسیدار پاڵ دەنێت.

بۆ نموونە ئێستە ناكۆكییەكانی سعوودیە و قەتەر خۆی سەپاندووە و باڵی بەسەر دۆخی سوننەی عێراقیشدا كێشاوە و ئێستە ئەوان خەریكە لە نێوان كۆنگرەی برووكسڵی ئەمەریكایی و سعوودی بەمەبەستی لێخستنی سەلیم جبووری و باڵا دەستی هەر حزبێكی ئیخوانی سەر بە قەتەر و كۆنگرەی ئەنكەرە پەرتەوازەن، لەو دۆخەشدا پێكهاتەی شیعە چوار پڕۆژە دەخاتە روو وەك ئەوەی خوارەوە:

یەكەم: زۆرینەی سیاسی، لایەنگر و بانگهێشتنكارانی دەڵێن كە زۆرینەی سیاسی واتە پەنجا كۆ یەك لە شیعە و سوننە و كورد لەوانەی براوەی هەڵبژاردنن و توانای پێكهێنانی هاوپەیمانیەتی و چوونە ناو پەرلەمانیان هەیە بۆ پێكهێنانی حكوومەت دوای راسپاردنی سەركۆمارەوە، ئەوانەن كە زۆرینەی سیاسی و پەرلەمانی و حكوومەتی پێك دێنن و ئەوانەی تریش دەچنە ریزی ئۆپۆزسیۆنی ئاشتیانەوە.

هەروەها زۆرینەی سیاسی ئەركی بنیاتنانی پڕۆژەیەكی حكوومەتی نیشتیمانیان لەسەرە و خاوەن یەكهەڵوێست و گوتارن، بۆیە ئەو پێكهاتە سوننەی لەناو زۆرینەكەدان ئەوانیش باوەڕیان بە یەكپارچەیی عێراق و سەقامگیرییەكەی هەیە و ئەوەش تەواو ئەوەیە كە نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بانگەشەی بۆ دەكات. 

دووەم: زۆرینەی نیشتیمانی، واتە بەشداری پێكردنی هێزە نیشتیمانییە سەرەكییەكان لەناو پڕۆسەی سیاسیدا لە شیعە و سوننە و كوردەوە لەوانەی توانای كارتێكردنیان لەسەر دۆخی عێراق ناوچەكە و نێودەوڵەتی هەیە كە ئەوەش دەبێتە مایەی پتەوكردنی ریزەكانی یەكێتی نیشتیمانی و بانگەشەكانی عەمار حەكیمی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی بەو ئاراستەیە دەڕوات.

سێیەم: پڕۆژەی نیشتیمانی، واتە ئەو پڕۆژەی كە جیاوازییە تایفییەكان ناهێڵێت و روو لە بنیاتنانی دەوڵەتێكی مەدەنی و دادوەر دەكات و كەسانی فەرمانڕەوا لەسەر بنەمای پێوەری نیشتیمانی و توانست دەبێت و وەك موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی سەدر و بانگهێشتنكاری دەڵێت، مەرج نییە سەرۆك وەزیرانی كەسێكی شیعە بێت و مەبەست نەهێشتنی بەشبەشێنەی تایفی و پێكهاتنی حكوومەتێكی نیشتیمانییە. 

چوارەم: پڕۆژەی حەشدنا، ئەگەر هەموو لایەنەكانی حەشدی شەعبی رێككەوتن لەسەر دابەزینیان بە یەك لیست بۆ هەڵبژاردنەكان و ببنە رێچكەیەكی پاڵپشت بۆ پڕۆسەی سیاسی و پارێزەری، واتە گۆڕینی دەسكەوتە سەربازییەكەی حەشدی شەعبی بۆ دەسكەوتێكی سیاسی كە دەنگیان لەناو پەرلەمان و حكوومەتدا هەبێت و بەڵكو لایەنێكی كاریگەر و گرنگیش بن.

بە كورتی پڕۆژەی زۆرینەی سیاسی لە رووی خستنەڕووەوە بەهێزترینە، بەڵام لە رووی ناوەندی عەرەبی و ناوچەكە و نێودەوڵەتییەوە لاوازترینە و رەنگە هەلی باشی لەبەردەم نەبێت ئەگەر مەرجەعیەت بەلای شێواوەكانی تری فەرمانڕەوایی لار بكاتەوە، ئەگەرچی رۆڵی بە گرنگ دەمێنێتەوە لە دیاریكردنی حكوومەت و رێژكەی حكوومەت و سەرۆكایەتی هاوپەیمانی نیشتیمانی، بەتایبەتی ئەگەر لەگەڵ پڕۆژەی چوارەمی حەشد هاتە گونجان.

هەرچی پڕۆژەی زۆرینەی نیشتیمانییە، لە رووی بەهێزییەوە لە هی زۆرینەی سیاسی لاوازترە لە ناوەخۆی وڵاتەوە، بەڵام لە دەرەوەی عێراق بەهێزە، ئەگەرچی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە پاڵپشتی ناكرێت.

هەرچی پڕۆژە نیشتیمانییەكەی سەدرە كە نە لە ناوەخۆ و نە لە دەرەوە ئەو هێزەی هەیە و تاكە هەلی بەردەمی لایەنگرانی رەوتی سەدرن كە رۆڵیان دوای دەركەوتنی ئەنجامی هەلچبژاردنەكان كۆتایی دێت و رۆڵی هاوپەیمانیەتییەكان دەست پێ دەكات.

سەرچاوە: مەدار




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل