رێژەی شێرپەنجە زیادی كردووە
ئێران كۆمەڵكوژی هەرێمی كوردستان دەكات

:: AM:11:52:09/06/2017 ‌

بەپێی ئەو بەدواداچوونەی "وشە” كە لە خاڵە سنوورییەكانی كوردستان و ئێران كردوویەتی، لە ماوەی پێنج مانگی رابردوودا، كۆماری ئیسلامی سەتان تۆن كەرەستەی ماوەبەسەرچوو و ژەهراوی رەوانەی كوردستان كردووە، هەر لەو ماوەیەدا دەیان ملیۆن لیتر بەنزینی تێكەڵ بە مادەی "بێنزاین” رەوانەی كوردستان كردووە كە نەخۆشیی شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە. وەزارەتی تەندروستی "زیادبوونی ژمارەی تووشبووانی شێرپەنجە” رادەگەیەنێت. بەڵام لە سلێمانی ساڵانە هەزار كەس پێوەندی بە نەخۆشخانەی هیوای شێرپەنجە دەكەن.

بەپێی ئامارێكی بەڕێوەبەرایەتیی كۆمەڵگەی دەروازەی مەرزی نێودەوڵەتیی باشماخ كە تایبەت بە "وشە” دراوە، لە ماوەی ئەمساڵدا (1/1 تا 1/6/2017) لەلایەن بەش و هۆبە جیاوازەكانی مەرزەكەوە، كاری لەناوبردن و گەڕانەوە بۆ ئەم مادە خۆراكی و كەلپەلانە ئەنجام دراوە كە سەرجەمیان لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هێنراونەتە ناو خاكی هەرێم و بۆ بەكارهێنان نەشیاون.
بەپێی ئامارەكە، لەو ماوەیەدا پاش ئەنجامدانی پشكنین بۆ بڕێكی یەكجار زۆر، بستەی برژاوی توێكڵدار، لەلایەن كارمەندانی یەكەی پشكنینی خۆراكی كۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی باشماخەوە، دەركەوت ماوەی بەسەرچووە و پاشان مێژووی بەكارهێنانی بە ساختە لێ دراوە، دواتر دەركەوت بەسەرچووە و بۆنی كردووە و ئەو مێژووەی لێی دراوە ساختەیە، بەڵام بەهۆی نەبوونی هیچ بڕگەیەكی یاسایی گومرگی بۆ لەناوبردنی، كاری گەڕانەوەی بۆ كرا و بە لیژنە گەڕێنرایەوە بۆ ئێران.

هەر بەپێی ئامارە تایبەتەكەی ئەو مەرزە كە بە "وشە” دراوە، لەو ماوەیەدا "لە كۆمەڵگەی باشماخ دەست بەسەر زیاتر لە دوو هەزار و 500 كگم فستقی قاچاخدا گیراوە، هەروەها لەلایەن پۆلیسی گومرگی باشماخەوە، توانراوە دەست بگیرێت بەسەر ئۆتۆمۆبێلێكی جۆری لۆریی بارهەڵگر كە بڕی دوو هەزار و 800 كگم (علی بابای) بار كردبوو، بەشێوەیەكی شاراوە كە خاوەنەكەی ئێرانی بووە و بەنیاز بووە بەقاچاخ رەوانەی بكات، ئێستە پەڕاوی یاسایی بۆ كراوەتەوە و لەدوای لێكۆڵینەوەی تەواو سزا دەدرێت”.

لەلایەكی ترەوە هەر لەو ماوەیەدا، كاری گەڕانەوە بۆ ئەم مادانە بەرەو ئێران ئەنجام دراوە كە بەكارهێنانیان لەڕووی تەندروستییەوە زیانی بۆ هاووڵاتییانی كوردستان هەبووە، لەوانە: سێو بڕی 110 هەزار و 478 كگم، قەیسی وشك بڕی 23 هەزار كگم، خوێی خۆراك بڕی 53 هەزار و 750 كگم، قەزوانی وشككراو بڕی 18 هەزار و 980 كگم، دۆشاوی تەماتە بڕی دوو هەزار و 140 كگم، خەیارشۆری ئێرانی بڕی 10 هەزار و 340 كگم، هێلكەی تروكاندن بڕی 900 كارتۆن، بەنزین 60 تانكەر.

ئامارەكە ئەوەش دەخاتە ڕوو كە كاری لەناوبردنی بار بۆ ئەم بارانە كراوە كە لە ئێرانەوە هاتوون و بۆ بەكارهێنان نەشیاون، جگەری ئێرانی 20 كگم، تووتنی نێرگەلە 120 كگم. بەپێی ئامارێكی تر كە "وشە” لە مەرزی پەروێزخان /خاڵی سنووری گەرمیان ئێران/ دەستی خستووە، لە ماوەی ئەمساڵدا دەست گیراوە بەسەر هەشت تۆن خواردنەوەی كهوولی كە لە ئێرانەوە رەوانەی سنوورەكە كراوە، هەرچەندە كۆماری ئیسلامییە و مەی قەدەغەیە تیایدا.


هەر لە پەروێزخان لە پێنج مانگی رابردوودا 183 هەزار و 774 تۆن خۆراكی خراپ و ماوە بەسەرچوو گیرا كە بەشێكی لەناو براوە و ئەوەی تری رەوانەی ئێران كراوەتەوە.


ئەمساڵ لەو مەرزە پێنج تانكەر بەنزینی خراپ كە لە ئێرانەوە ئامادە كرابوو بۆ كوردستان ئاودیو بكرێ، گەڕێنرایەوە بۆ خۆیان، بەپێی زانیارییەكان ئەو تانكەرانە هی كۆمپانیاكانی "سمود گرووپ” بووە.

رۆژی دووشەم 42 تانكەر بەنزینی مەترسیدار لە ئێرانەوە هاتە سلێمانی و رووداوەكە كاردانەوەی گەورەی لێ كەوتەوە دوای ئەوەی لە پشكنین دەركەوت مادەی كیمیایی تێكەڵ كراوە.


محەمەد حەسیب بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی بە”وشە”ی ڕاگەیاند، بڕێكی زۆر لە بەنزین لە خاڵە سنوورییەكانی پــــــارێزگای سلێمانی هاتووەتە ناوچەكەوە كە زۆر مەترسیدارن، ئەو بەنزینە جگە لەوەی خراپە بۆ ئۆتۆمبێل و ئەگەری سووتانی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا مادەیەكی ژەهراوی تێدایە كە مەترسیدارە بۆ سەر تەندروستیی مرۆڤ و نەخۆشیی شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە.
ئەو بەرپرسە تایبەتمەندەی بواری سووتەمەنی دووپاتی دەكاتەوە كە "ئەو بەنزینە دوای ئەوەی هاتووەتە ناو سلێمانی، بردوویانە بۆ پكشنین تا بزانرێت جۆری بەنزینەكە چییە و ئۆكتانی چەندە، بەڵام لە پشكنین دەركەوتووە زۆر مەترسیدارە و مادەی كیمیایی تێدا بووە كە خراپە و شێرپەنجەی پێوەیە”.

"بەنزینەكە لە ئێرانەوە هاوردەی سلێمانی كراوە، ئەمساڵ و ساڵانی ڕابردووش بەردەوام ئەو جۆرە بەنزینە خراپە دێتە سنوورەكە، جارێك شەش تانكەر و جارێك هەشت تانكەر و بە بەردەوامیش بەنزینی خراپ و ژەهراوی هاتووەتە سلێمانی، بەڵام لە كاتی پشكنین ڕێگری لێ كراوە بڵاو بێتەوە و دەستی بەسەردا گیراوە”. حەسیب وای گوت.


خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە”وشە”ی ڕاگەیاند، لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتیی كوردستان تووشی نەخۆشیی شێرپەنجە بوون، ڕێژەكەیش بەردەوام زیاد دەكات.


بەپێی ئامارێك لە ساڵی 2007 تا ساڵی 2016 لە سلێمانی 20 هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە تۆمار كراوە و بۆ سەرجەم ئەو نەخۆشانەی ڕوویان لە نەخۆشخانەی هیوا كردووە، تایبەت بە پارێزگای سلێمانی ساڵانە هەزار حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی شێرپەنجە زیاد دەكات.


غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە”وشە”ی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆر تانكەری بەنزینی خراپ و ژەهراوی كە بە ملیۆنان لیتر دەبن، لە ئێرانەوە ڕەوانەی مەرزەكانی سنووری سلێمانی دەكرێن بۆ ئەوەی بێتە ناو پارێزگاكەوە كە زۆر مەترسیدارن بۆ ئۆتۆمبێل و بۆ تەندروستیی هاووڵاتییان بە تایبەتی نەخۆشیی شێرپەنجە.


غالب ئەوەشی گوت، "لە ماوەی یەك هەفتەدا 63 تانكەر بەنزینی خراپ كە لە ئێرانەوە هاتوونەتە سلێمانی، دەستیان بەسەردا گیراوە و هاتنی ئەو بەنزینە بەردەوامیش دەبێت”. بە گوتەی ئەو بەرپرسەی سلێمانی، "ئەگەر ڕێگری نەكەن، شار پڕ دەبێت لەو بەنزینە، ئەو مادەی ژەهراوییەی تێی دەكەن و شێرپەنجە بڵاو دەكاتەوە ناوی (بێنزاینـە”.


"جیا لەمە، ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 300 تانكەر بەنزینی خراپ و ژەهراوی لە ئێرانەوە هاتبوونە ناوچەكە و دەستی بەسەردا گیراوە”. ئەندامەكەی ئەنجوومەنی پارێزگا وای گوت.

رێبین پێنجوێنی-  وشیار عەلی- بڕیار محەمەد



وشە - باز ئه‌حمه‌د