میدیا حەسۆ: باشووری كوردستان دەرفەتی بڵاوكردنەوەی گۆرانییەكانی بۆ رەخساندم

:: PM:02:49:09/06/2017 ‌

هونەرمەندی گۆرانیبێژ میدیا حەسۆ كە لە ساڵی 1981 لە پارێزگای قامیشلۆ لە دایك بووە، ئێستە لە باشووری كوردستان دەژی، ئەو ماوەیەك پێش ئێستە كلیپێكی بەناوی "كچە پێشمەرگە" بڵاو كردەوە و دوو گۆرانیی تریشی بەناوەكانی "چوار پارچەی كوردستان و دەوڵەتی كوردی" ئامادە كردووە و بە نیازە بەم نزیكانە بڵاویان بكاتەوە، ئەو خاتوونە گۆرانیبێژە لە دیدارێكدا بۆ "وشە" وەڵامی چەندان پرسیار دەداتەوە.
 
چۆن بوو بەرەو باشووری كوردستان هاتی؟

بەرلەوەی روو لە باشوور بكەم، لە شام كارم دەكرد، بەڵام بەهۆی شەڕی نێوان رژێمی ئەسەد و سوپای ئازادی سووریا و بۆردمانكردنی ئەو ناوچانەی كارم تێدا كرد، ناچار بووم شام جێ بێڵم و بگەڕێمەوە قامیشلۆ، بەڵام لەوێش بەهۆی بێكاری و خراپیی گوزەرانمان  ناچار بووین زێدی باب و باپیرانمان جێ بێڵین و ڕوو لە باشووری كوردستان بكەین. ئێستە لە كەمپی ئاوارەكانی "دۆمیز" لە پارێزگای دهۆك نیشتەجێین.

لە كەیەوە دەستت بە گۆرانیگوتن كردووە؟

لەو كاتەوەی خۆم ناسیوە حەزم بە گۆرانیگوتن كردووە و بەشداریم لە چەندان ئاهەنگی خێزانی و كۆنسێرت كردووە، بەڵام بەهۆی نەبوونی و خراپیی باری گوزەرانمان نەمتوانی هیچ بەرهەمێكم بڵاو بكەمەوە، تا هاتمە باشووری كوردستان و لێرە توانیم وەك كچە پێشمەرگەیەك و هونەرمەندێكی ڕۆژئاوای كوردستان، یەكەم كلیپم بەناوی "كچە پێشمەرگە" بڵاو بكەمەوە.

هۆكار چی بوو ئەم كلیپەت بە ناوی "كچە پێشمەرگە" كردووە؟

لەبەر ئەوەی خۆم و دوو خوشكم پێشمەرگەین، لە هەمان كاتدا كە دەبینم چەندان كچ و ئافرەتی تری كورد شانبەشانی پیاوەكانمان لە ڕیزەكانی پێشمەرگەدان و زۆر دلێرانە سینگی خۆیان داوەتە بەر گولەی دوژمن و شەڕی مان و نەمان لە دژی تاریكپەرستان و دوژمنانی كورد دەكەن لە پێناو سەروەری و سەربەخۆیی كوردستان، هەروەها مەبەستی من لەو كلیپەدا نیشاندانی قارەمانێتی كچانی پێشمەرگەیە بە دنیا.

كێ بوون ئەوانەی كاریان بۆ كلیپی "كچە پێشمەرگە" كرد؟

ئەو كلیپە لە چیای گارە لە دەڤەری ئامێدی وێنەی بۆ گیراوە، ماوەی ساڵێكە كاری بۆ دەكەین، لە دەرهێنانی مازن عیسایە، هەروەها سەلمان جەرجیس خاوەنی هۆنراوەكەیە و ئەلمان ئەیاد ئاوازی بۆ داناوە.

هیچ بەرهەمێكی نوێت لە بەردەستدایە؟

بەڵێ‌ دوو گۆرانیی ترم ئامادە كردووە و تەنیا ماوە بڵاویان بكەمەوە، ئەم دوو گۆرانییەشم نەتەوەیین بەناوی "چوار پارچەی كوردستان" و "دەوڵەتی كوری"یە و بەم نزیكانە بڵاویان دەكەمەوە.

ئەو كاتانەی گۆرانی دەڵێی هەست بەچی دەكەیت؟

ئەو كاتانەی گۆرانی دەڵێم، دڵم زۆر غەمبار دەبێت و لە ناخمەوە هاوار دەكەم و دەگریم، بەهۆی ئەوەی ڕۆژانە چەندان پیاو و ژن منداڵ و پیر و پەككەوتە لە سووریا بە ناحەق دەكوژرێن و دەكەونە ژێر باڵەخانە و بنمیچی خانووەكان، لەلایەكی تر دەبینم نیوەی خەڵكی سووریا دەربەدەر و تێنوو و برسی و ئاوارەی وڵاتانی تر بوونە و ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشتووە، بەوەش زۆر دڵگران و نیگەرانم كە دەبینم كورد بە دەستی كورد دەكوژرێت.

تۆ یەكێك بووی لە بەشدارانی پرۆگرامی "كورد ئایدڵ" بۆچی لەو پرۆگرامەیە نەمای؟

بە شانازییەوە یەكێك بووم لە بەشدارانی پرۆگرامی "كورد ئایدڵ" و گەیشتمە قۆناغی سێیەمی ئەم پرۆگرامە، بەڵام نەمتوانی قۆناغی سێیەم ببڕم و لە پرۆگرامەكە هاتمە دەرەوە، ئەویش بەهۆی ئەوەی زۆر ماندوو بووم، لە هەمان كاتدا بەهۆی سەرقاڵیم بە كاری ترەوە نەمتوانی پڕۆڤەی زیاتر بكەم تا بەردەوام بم و سەركەوتن بۆ قۆناغەكانی تر بەدەست بێنم، هەروەها زۆر سوپاسی ماڵباتەكەم و هاوڕێكانم دەكەم كە زۆر پاڵپشت و هاندەرم بوون.

جگە لە چڕینی ستران، لەم ماوەیە وەك ئەكتەریش لە چەند فیلمێك بەشداریت كردووە، ئەو فیلمانەی نواندنت بۆ كردوون كامانەن؟

وەك ئەكتەر بەشداری فیلمێكی سینەمایی كردووە بە ناوی "جەهەنەمی سارد"، ئەو فیلمە لە لایەن دەرهێنەرێكی ئافرەتی كوردی ڕۆژئاوا بەناوی "نەسرین عابدین" لە پارێزگای دهۆك بەرهەم دەهێنرێت و بەم نزیكانەش نمایش دەكرێت، هەروەها بەشداری دوو فیلمی ترم كردووە، یەكێكیان بە ناوی "ڕەشەبا" كە لەم فیلمەدا ڕۆڵی كچە ئێزیدییەكم بینیوە كە لە دەرهێنانی حوسێن حەسەنە، هاوكات بەشداری فیلمێكی ترم كردووە بەناوی "ئەمەریكی منی نەكوشت" و هێشتا نمایش نەكراوە، ئەو فیلمەش لە دەرهێنانی جوان بامەڕنییە.

 محەمەد جەمال










وشە - تایبه‌ت