ئەگەری رووخاندنی دێگەڵە بەهێزە
لە كەیسی دێگەڵەدا 200 سكاڵا تۆمار كراوە

:: PM:04:11:09/06/2017 ‌

تا ئێستە كێشەی زێدەڕۆیی زەوییەكانی شارەدێی دێگەڵە وەك خۆی ماوەتەوە و رۆژانە بەدەیان كەس بانگێشتی بنكەی پۆلیسی ئەو سنوورە دەكرێن بەمەبەستی وەرگرتنی گوتەیان، ئەوەش دوا بەدوای ئەوەی بڕیاری گرتن بۆ ژمارەیەك هاووڵاتیی سنوورەكە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی كۆیە دەرچوو.

غازی عەلی سەرۆكی لیژنەی سكاڵا و دەستپاكی لە ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، بە"وشە"ی راگەیاند، لە چوارچێوەی زیادەڕۆیییەكانی سنووری هەولێر، یەكێك لەو كەیسانەی لە بەردەستدایە، شارەدێی دێگەڵەیە كە زیادڕۆیییەكی زۆری كراوەتە سەر، هەرچەندە كۆمەڵێك خەڵك خۆیان خاوەنی ئەو شوێنانەن و لە گوندەكاندا نیشتەجێن، بەڵام كۆمەڵێك خەڵكی تر كە مافی ئەوەیان نییە بەناوی دروستكردنی باخ و ڤێلا زیادەڕۆیییەكانیان ئەنجام داوە.

زیاتر دەڵێ‌، "دێگەڵە كەیسێكی تێكەڵاوە، بەتایبەت لەلایەن داواكاری گشتی تەڕ و وشك لەسەر ئەو كەیسە پێكەوە سووتێنراوە، زیاتر لە 170 دۆسیەی كردووەتەوە بۆ ئەو كەسانەی خانوویان لەو سنوورە دروست كردووە".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی دا، "لە زاری بەڕێوەبەری شارەدێیەكەوە زانیاریمان پێ دراوە كە دەسەڵاتیان نییە لەسەر هەندێك كەس كە زێدەڕٍۆیییان كردووە، بۆیە بەلاڕێدابردنێك لە كەیسی دێگەڵەدا هەیە و دەیانەوێت هەموو ئەوانەی لەو ناوچەیە زێدەڕۆیییان كردووە، پێكەوە وەرگرتنی رێوشوێنیان لەگەڵدا بكرێت و جیاوازی نەكرێت لەوەی كامەیان زێدی خۆیانە".

بەپێی زانیارییەكانی "وشە" لە داواكاری گشتی زیاتر لە 200 سكاڵا لەسەر هاووڵاتییانی شارەدێی دێگەڵە تۆمار كراون، بەڵام ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر دەڵێت، "كۆی ماڵەكانی ئەو سنوورە ناگات بەو ژمارەیە و تێكەڵیەك لەسەر ئەو كەیسە هەیە، سەرباری ئەوەی جیاوازی هەیە لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی تۆمار كراون، بەتایبەت ئەوانەی لە بەرزایییەكانی دێگەڵە خانوویان دروست كردووە".

غازی عەلی ئاماژەی دا، ئەوان رێگر نین لە كۆنترۆڵكردنی زێدەڕۆیی، بەڵام پێویستە مامەڵەكردن و بەدواداچوونەكان بە جیاوازی نەكرێت و بۆ هەمووان پێویستە وەك یەك بێت، پێویستە داواكاری گشتی بیر لە پاراستنی مافی ئەو هاووڵاتییانەش بكاتەوە كە لەو شوێنە نیشتەجێن.

لە بەرامبەردا سەرچاوەیەك لە داواكاری گشتیی كوردستان كە بەهۆی تێك نەچوونی رێڕەوی یاسایی ناوەكەی ئاشكرا ناكرێت، بە"وشە"ی راگەیاند، "ئەو كەیسە لەلایەن داواكاری گشتیی هەرێمی كوردستان زۆر بە رژدی كاری لەسەر دەكرێت و پێویستە وەرگرتنی رێوشوێنەكان تەواو بكرێن".

زیاتر گوتی، "سوورین لەسەر ئەوەی 200 سكاڵاكە كە تۆمار كراوە بجووڵێنرێن و تەواوی ئەو كەسانەیشی ناویان هاتووە بانگێشت بكرێن تا ئەوكاتەی بڕیاری لەبارەوە دەدرێت بە تێكدانی تەواوی دێگەڵە یان دۆزینەوەی میكانیزمی تر".

هاوكات حاكم هیمداد دادوەری دادگای لێكۆڵینەوە و دەستپاكی لە دادگای كۆیە، بە"وشە"ی راگەیاند، كاركردن لەو كەیسە بەردەوامی هەیە و ناتوانن زانیاری لەبارەیەوە بە وردی رابگەیەنن.
ئاماژەی دا، "رۆژانە هاووڵاتییان بانگێشتی بنكەكانی پۆلیس دەكرێن بۆ لێپرسینەوە و وەرگرتنی گوتە لێیان".

ئەو دادوەرە ئامادە نەبوو زانیاری زیاتر لەوبارەیەوە رابگەیەنێت و تەنیا گوتی، "كار دەكەین تا كەیسەكان دەگەنە ئەنجام".

شارەدێی دێگەڵە بەدووریی 35 كیلۆمەتر دەكەوێتە باشووری رۆژهەڵاتی شاری هەولێر.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم