گوڵاڵه خه‌یاتى یه‌كێك له ئه‌كته‌ر و سینه‌ماكاره جوانه‌كانی كوردستان، له شارى بۆكان له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان له دایك بووه و به‌شدارى چه‌ندان فیلمى سینه‌مایی كردووه و ڕۆڵى جیاوازى بینیوه. خه‌یاتى له دیدارێكى "وشه"دا تیشك ده‌خاته سه‌ر ژیانى تایبه‌ت و چالاكییه‌كانى هونه‌رییه‌كانى.
ده‌مانه‌وێ له زارى خۆته‌وه كورته‌یه‌ك له ژیانت باس بكه‌یت؟
بێگومان زۆر ئه‌سته‌مه به كورتى باسى ژیانێك و ته‌مه‌نێك بكرێت، به‌ڵام من گوڵاڵه عوسمان به "گوڵاڵه خه‌یاتى" بانگ ده‌كرێم و له دایكبووى شارى بۆكانم له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان، به‌شى زۆرى ژیانم هاوشێوه‌ى ژیان و ململانێكانى كچانى كورده له‌م كوردستانه و به‌شێكیش به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى منه وه‌ك گوڵاڵه له‌گه‌ڵ ژیان و فه‌رهه‌نگه‌كه‌م، ئه‌ویش له ڕێگه‌ى هونه‌ره‌وه و هێشتاش ڕێگه‌یه‌كى دوور و درێژم له به‌رده‌مدایه.
چۆن پێناسه‌ى هونه‌ر ده‌كه‌یت؟
هونه‌ر به‌شێكه له به‌رهه‌مێك كه تاك و كۆمه‌ڵگه ده‌بێت به‌رهه‌مى بهێنێت، واتا ئه‌گه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك نه‌توانێت هونه‌ر به هه‌موو بواره‌كانى به‌رهه‌م بێنێت، ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه ناتوانێت شانازى به‌خۆیه‌وه بكات، بۆیه ئه‌گه‌ر بمه‌وێت مرۆڤێك و كۆمه‌ڵگه‌یه‌ك هه‌ڵسه‌نگێنم، پێویسته بزانم ئه‌و كۆمه‌ڵگه‌یه چه‌نده هونه‌ر به‌رهه‌م دێنێت، بۆ من هونه‌ر ڕێگه‌یه‌كه بۆ ده‌رخستنى ده‌روونم.
ماوه‌ى چه‌نده به‌كارى هونه‌رییه‌وه سه‌رقاڵیت؟
نزیكه‌ى 17 ساڵه ده‌ستم به كارى هونه‌رى كردووه، به‌شدارى چه‌ندان دراما و كورته فیلمم كردووه، به‌ڵام زیاتر حه‌ز به به‌شدارى كورته فیلم ده‌كه‌م، بۆیه كورته فیلمم زۆره و ڕۆڵى جیاوازم له‌م فیلمه سینه‌مایییانه‌دا به‌رجه‌سته كردووه. یه‌كه‌م فیلمى سینه‌مایی كه به‌شداریم تێدا كرد، فیلمى سینه‌مایی "زارا" بوو كه له شارى بۆكان به‌رهه‌م هێنرا.
جگه له كارى نواندن و سینه‌ما، گۆرانیشت گوتووه، بۆ داهاتوو هیچ پڕۆژه‌یه‌كت له بوارى گۆانیگوتندا ده‌بێت؟
به‌ڵێ بۆ یه‌كه‌م جار جیا له كارى سینه‌مایی، له رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ى كافیتریایه‌كى كولتوورى و هونه‌رى له مێگامۆڵى شارى هه‌ولێر، ئاهه‌نگێگى گۆرانیم پێشكه‌ش كرد و به‌خۆشحاڵییه‌وه جێى ڕه‌زامه‌ندى ئاماده‌بووان بوو، هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین ئه‌لبوومی گۆرانیم تۆمار كردووه كه له هه‌شت تراك پێك دێت و ئاماده‌یه بۆ بڵاوكردنه‌وه، به‌ڵام ئێسته به‌دواى سپۆنسه‌ردا ده‌گه‌ڕێم بۆ ئه‌وه‌ى ته‌واوی بكه‌ن، هاوكات داوا له بنه‌ماڵه‌كانی فه‌رهه‌نگی و هونه‌ری و ده‌سه‌ڵاتداران و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان ده‌كه‌م پشتیوانى ئه‌م ماده خاوه به پیته‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى كوردى بكه‌ن، چونكه هه‌موو كه‌س ده‌زانێت له‌م سه‌رده‌مه‌دا كارى هونه‌ریى به گشتى، پێویستى به پشتیوانى و هێزێكى مادى هه‌یه، ئێمه‌ى كچانى كوردیش ته‌نیا له‌سه‌رمانه توانا‌مان هه‌بێت و له‌م پێناوه‌دا تێ‌بكۆشین و خزمه‌تى گه‌وره به هونه‌ر و سینه‌ماى كوردى بكه‌ین.
جگه له نواندن و گۆرانیگوتن حه‌ز به چ بوارێكى تر‌ى هونه‌رى ده‌كه‌ى؟
هه‌موو بواره‌كانى هونه‌ر بۆ من وه‌ك یه‌ك وان، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ى من سه‌ره‌تاى ده‌ركه‌وتنم له بوارى سینه‌مادا بوو، بۆیه تواناى خۆم زیاتر له بوارى سینه‌مادا ده‌بینم دواتر گۆرانیگوتن.
كام له فیلمه‌كان جێى شانازین بۆت؟
شانازى به‌هه‌موو ئه‌و فیلمانه ده‌كه‌م كه به‌شداریم تێدا كردوون و له هه‌مووان زۆر به جوانى ڕۆڵم به‌رجه‌سته كردووه، به‌ڵام له فیلمى "دوو ماڵ له باخێكدا" له دیدارى سینه‌ما له نیگاى ئافره‌تدا وه‌ك باشترین و دیارترین كچه ئه‌كته‌ر ده‌ركه‌وتم، به‌هۆى ئه‌مه‌وه زۆربه‌ى میدیا عه‌ره‌بییه‌كان گرنگییان پێ دام، ئه‌م فیلمه له ده‌رهێنانى هاوڕێى خۆشه‌ویستم ناجیه سه‌لیمى بوو كه به‌بۆنه‌ى 8ى مارس ڕۆژى جیهانى ئافره‌تان له مێگامۆڵ نمایش كرا.
له ژیانى هونه‌ریدا چ شتێك وه‌ك ئاسته‌نگ هاتووه‌ته پێشت؟
باشتر وایه بڵێین ڕۆژێك دێت ئاسته‌نگه‌كانى به‌رده‌ممان به تایبه‌تى بۆ ئافره‌تان، كه‌مێك كه‌متر ببێته‌وه، وا هه‌ست ده‌كه‌م به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌مان له به‌رامبه‌ر ئاسته‌نگه‌كانى ژیانى هونه‌رى ئه‌وه‌نده وزه‌ى پێویسته كه زۆر كه‌س به هه‌بوونى توانا و حه‌ز و ئاواته‌وه، ته‌نانه‌ت ئاماده نییه بێته ئه‌م بواره‌وه و واز له‌م بواره دێنێت.
زۆر له‌و ئه‌كته‌ره ئافره‌تانه‌ى كورد كه به‌شدارى درامایه‌ك یان فیلمێكى سینه‌مایی ده‌كه‌ن، به‌هۆى قسه‌ى كۆمه‌ڵگه‌وه ناتوانن ببنه ئه‌كته‌رێكى ڕچه‌شكێن، ئایا تۆ ئه‌و ڕێچكه‌یه ده‌شكێنی؟
ئافره‌تێك كه دێته بوارى هونه‌رییه‌وه، كاتێك سه‌ركه‌وتوو ده‌بێت كه بزانێت كاره‌كه‌ى به‌شێكه له خه‌باتى ژنان و پێویسته ئاماده‌ى ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هه‌موو ره‌خنه‌یه‌كى هه‌بێت، هه‌روه‌ها به بڕواى من ئافره‌تى كورد تا ئێسته زۆر ڕچه‌یان شكاندووه و منیش هه‌وڵى خۆمم داوه و به‌رده‌وامم، به‌ڵام ئه‌و ڕچه‌شكاندنه نه‌بێته‌ى هۆى ناشیرینكردن و شێواندنى فه‌رهه‌نگ و كولتوورى كوردى.
لاوازیى دۆخى سینه‌ما و دراما له كوردستاندا بۆ چ هۆكارێك ده‌گه‌ڕێنیته‌وه؟
كوردستان كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى ده‌ست لێنه‌دراوه و پڕه له بابه‌تى گرنگ بۆ كردنه فیلم و ده‌ركه‌وتنى له ئاستى دنیادا، به‌ڵام ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به دۆخى سینه‌ما و دراماوه هه‌یه له كوردستاندا، ئه‌وه‌یه كه كێشه‌ى فه‌رهه‌نگیمان هه‌یه و هێشتا كۆمپانیا گه‌وره‌كانى كوردستان و خاوه‌ن سه‌رمایه‌كان نه‌بوونه‌ته خاوه‌نى ئه‌م فه‌رهه‌نگه كه له بوارى سینه‌ما كار بكه‌ن و كورد به دنیا بناسێنن، هه‌روه‌ها سینه‌ما و دراماى كوردى له نه‌بوونى فه‌رهه‌نگى سینه‌ماسازى و كارى هونه‌رى ناتوانێت ڕكابه‌رێكى باش بێت بۆ سینه‌ما و دراما بیانییه‌كان.
زۆر جار ده‌بینم شیعر ده‌نووسی و بڵاو ده‌كه‌یته‌وه، ئاشنایه‌تیت چۆنه له‌گه‌ڵ شیعر و ئه‌ده‌بیاتدا؟
حه‌زم له شیعره و تا ئاستێك ژینگه‌ى كورده‌وارى له ڕۆژهه‌ڵاتى كوردستان ئه‌وه‌ى بۆ ڕه‌خساندووم به ئه‌ده‌بى كوردى ئاشنابم، به‌ڵام ئێسته شیعر نانووسم، به‌ڵكو چه‌ند ساڵێك به‌ر له ئێسته شیعرم زۆر نووسیوه، هه‌روه‌ها زۆربه‌ى شیعره‌كانیشم فارسین، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نزیكه‌ى 30 شیعرى كوردیم هه‌یه.
وشه/ محه‌مه‌د جه‌مال