به‌رهه‌م ساڵح له‌ژێر هه‌ڕه‌شه‌دایه‌

به‌رهه‌م ساڵح جێگرى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى كه‌ له‌ كار و چالاكی سیاسیی دوور خراوه‌ته‌وه‌، ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێ كرابێ له‌لایه‌ن باڵی ده‌ستڕۆیشتووی یه‌كێتییه‌وه‌ و به‌ته‌واوی گۆشه‌گیر كراوه‌ و ده‌زگه‌ی ته‌ناهیی یه‌كێتی له‌ دژی به‌كار دێنن. براده‌ره‌كانیشی پشتیان تێ كردووه‌ و چوونه‌ته‌وه‌ ناو یه‌كێتی.

دواى قووڵبوونه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانى ناو یه‌كێتى، ڕۆژى یه‌كى ئه‌یلوولى ساڵى ڕابردوو، ناوه‌ندى بڕیار له‌لایه‌ن كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و به‌رهه‌م ساڵح جێگرانى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتییه‌وه‌ ڕاگه‌یه‌نرا و ئاماژه‌یان به‌ دۆخى شڵه‌ژاوى ناو یه‌كێتى و قۆرخكردنى ئه‌و حزبه‌ كرد له‌لایه‌ن باڵێكه‌وه‌، به‌ڵام دواتر كۆسره‌ت ڕه‌سووڵ و ژماره‌یه‌ك مه‌كته‌ب سیاسیى ناوه‌نده‌كه‌، گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی یه‌كێتى، ئه‌وه‌ش به‌رهه‌م ساڵحى "نیگه‌ران و ته‌نیا" كردووه‌.

"وشه‌" له‌ چه‌ند سه‌رچاوه‌یه‌كی باڵای یه‌كێتییه‌وه‌ زانیویه‌تی، "به‌رهه‌م ساڵح و ژماره‌یه‌ك سه‌ركرده‌ی تر وه‌ك مه‌لا به‌ختیار، گه‌مارۆ خراوه‌ته‌ سه‌ریان و هه‌ڕه‌شه‌یان لێ ده‌كرێت و هه‌ندێك جاریش به‌ هێزی ده‌زگه‌كانی ته‌ناهیی یه‌كێتی له‌لایه‌ن لاهوور شێخ جه‌نگییه‌وه‌ ترسێنراون".
به‌رهه‌م ساڵح له‌ناو ئه‌و بێهیواییه‌ سیاسییه‌دا كه‌ دووچاری كراوه‌، چه‌ندان ده‌نگۆی له‌باره‌وه‌ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌، له‌وانه‌ چوونه‌وه‌ ناو یه‌كێتی و رازیبوون به‌هه‌ر كارێك پێی ره‌وا ده‌بینن، یان دروستكردنی حزب، به‌ڵام خۆی هیچ لێدوانێكی فه‌رمی نادات. هه‌رچه‌نده‌ له‌ هه‌ندێك بۆنه‌دا به‌ جیا له‌ یه‌كێتی ده‌رده‌كه‌وێت و وه‌ك خۆی قسه‌ ده‌كات. 

له‌ دواى نه‌خۆشكه‌وتنى جه‌لال تاڵه‌بانى سكرتێرى گشتیى یه‌كێتى، ئاڵۆزییه‌كانى یه‌كێتى به‌تایبه‌ت له‌ نێوان به‌رهه‌م ساڵح و هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د هاوسه‌رى تاڵه‌بانى، زیاتر په‌ره‌یان سه‌ند و تا ئێسته‌ش ناكۆكییه‌كان به‌ شێوه‌یه‌كى قووڵ بوونى هه‌یه‌.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه‌"، باڵی ده‌ستڕۆیشتوو هه‌موو هێزێك به‌كار دێنن بۆ كوژانه‌وه‌ی ئه‌ستێره‌ی به‌ختی سیاسیی به‌رهه‌م ساڵح و ده‌زگه‌كانی ته‌ناهیی یه‌كێتیش كه‌وتوونه‌ته‌ ناو ئه‌و ململانێیه‌وه‌ و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی باڵی ده‌ستڕۆیشتوو به‌ سه‌رپه‌رشتی هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د، به‌كار دێنن.
"وشه‌" هه‌وڵى زۆرى دا كه‌سه‌ نزیكه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح وه‌ربگرێت، به‌ڵام سه‌رجه‌میان بێ ئاگایى خۆیان له‌و پرسانه‌ ده‌ربڕى و ئاماده‌ى هیچ قسه‌كردن و پێدانى زانیاری نه‌بوون.

پێشتر و له‌ كاتى قووڵبوونه‌وه‌ى ناكۆكییه‌كانى ناو یه‌كێتى، به‌رهه‌م ساڵح هه‌وڵى چوونه‌ ناو گۆڕانى دا، به‌ڵام له‌لایه‌ن نه‌وشیروان مسته‌فا ڕێكخه‌رى گشتیى گۆڕانه‌وه‌ په‌شیمان كراوه‌ته‌وه‌.




وشە - تایبه‌ت


PM:12:24:10/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 72385 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌