بڕیارە لەم مانگەدا كاروانێكی ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانی سوپای ئەمەریكا بە درێژایی ڕێی ویلایەتی میشیگان بڕۆن، ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانەی لەو كاروانەش بەشدار دەبن، سەرجەمیان بێ شوفێرن و خۆكارانە كار دەكەن، پێشتر ئۆتۆمبێلی مەدەنی خۆكار لەلایەن كۆمپانیاكان بەرهەمهێنراو تاقی كراوەتەوە، بەڵام ئەمە یەكەم جارە ئۆتۆمبێلی سەربازیی خۆكار لەلایەن سوپای ئەمەریكاوە بەكار بهێنرێت.
ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییانە تەنیا بارهەڵگری سەربازی ئاسایین و بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیك ئەمەریكا تەكنەلۆجیای خۆكار و بێ شوفێر لە تانك و زرێپۆشەكانیشی بەكار بهێنێت.
سەرچاوەیەك لە سوپای ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئامانج لە تاقیكردنەوەی ئەو ئۆتۆمبێلە سەربازییە خۆكارە بۆ پێوانەكردنی سیناریۆ مەترسیدارەكانە كە ڕووبەڕووی ئەو ئۆتۆمبێلانە دەبنەوە و ژیانی سەربازانیش دەكەوێتە مەترسییەوە.
هەر ئۆتۆمبێلێكی خۆكاری سوپای ئەمەریكا كە لەو نمایشە بەشدار دەبن، كەسێك لە پشتەوەی سوار دەبێ و تەنیا بە ئایپادێك فەرمان بە ئۆتۆمبێلەكە دەكات چی بكات و بۆ كوێ بڕوات و سیستەمی خێرایی و وەستان و هەموو تایبەتمەندییە بەهێزەكانی تێدا جێگیر كراوە، ساڵی ڕابردوو ئەو ئۆتۆمبێلانە لە ڕێگەیەكی خێرایی دەرەوە تاقی كرانەوە و سەركەوتنێكی بەرچاویان بەدەست هێنا.
پۆل رۆگرز سەرۆكی بەشی توێژینەوە لە سوپای ئەمەریكا، قۆناغی تاقیكردنەوەكان خەریكە تەواو دەبن، ئەوكات قۆناغی پلاندانان و چۆنیەتیی بەكارهێنانیان پەرەیان پێ دەدرێ و ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دەتوانرێ بێ ئەوەی ژیانی هیچ سەربازێك بكەوێتە مەترسییەوە بنێردرێن بۆ مەترسیدارترین شوێنەكان و لە تەواوی هێرشەكان كە دەكرێته سەر سوپای ئەمەریكا، سەربازان دوور بخاتەوە و تاقیكردنەوەكە لە پردی بلوۆتەر لە میشیگان و لە شەقامی 69 ئەنجام دەدرێت.