رێککەوتننامەی گۆڕان و یەکێتی هەڵدەوەشێتەوە

:: AM:10:11:28/10/2016 ‌
هەریەک لە یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان و بزووتنەوەى گۆڕان ڕای دەگەیەنن، فشارى ناوخۆیی حزبەکانیان لەسەرە بۆ کۆتاهێنان بە ڕێککەوتنکەى نێوانیان، فشارەکان دوو ئاراستەن، بەشێکیان بەهۆى نەبوونى بەرژەوەندیى هەندێ کەس و بەشێکیشیان بەهۆى جێبەجێ نەکردنى ڕێککەوتنەکە، فشارەکانیان دروست کردووه.

نزیک دەبێتەوە لە شەش مانگ، هەریەک لە یەکێتى و گۆڕان ڕێککەوتنێکى 23 مادەیییان ئیمزا کرد و بەهۆیەوە ئەو دوو لایەنە کۆتایان بە ناکۆکییەکانى نێوانیان هێنا، بەڵام ئێستە فشارەکان بۆ هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنەکە لە فراوانبووندان. هەرچەندە هەر سەرەتای ئیمزاکردنی رووبەڕووی رەخنەی ئەوە بووەوە کە رێککەوتنەکە ناوخۆیییە و تەنیا بۆ سنووری سلێمانییه‌.

بە گوتەى ڕەئووف عوسمان سەرۆکى جڤاتى نیشتمانى بزووتنەوەى گۆڕان، لەناو گۆڕاندا جۆرێک فشار هەیە بۆ وازهێنان و هەڵوەشاندنەوەى ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتى. لەبارەی هۆی فشارەکان لەو ماوە کەمەدا کە هێشتا رێککەوتنەکە جێبەجێ نەکراوە، عوسمان بە"وشە"ـى گوت، "هۆکارەکەى بۆ جێبەجێ نەکردنى ڕێککەوتنەکە دەگەڕێتەوە لەلایەک، لەلایەکى تریشەوە ئەو ڕێککەوتنە تا ئێستە نەبووەتە جووڵێنەرى ئەو دۆخە چەقبەستووەى لە هەرێمدا هەیە".

سەرۆکى جڤاتى نیشتمانى گۆڕان دووپاتی کردەوە وەک کە گۆڕان سوورن لەسەر بەردەوامیدان بەو ڕێککەوتنەى لەگەڵ یەکێتیدا کردوویانە.
ئەو ڕێککەوتنەى یەکێتى و گۆڕان لە کاتێکدا بوو کە هەرێمى کوردستان لە دۆخى چەقبەستوویى سیاسیى و پەککەوتنى پەرلەمان و تەنگژەی داراییدا بوو. ئەوان گوتیان، "بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و گۆڕینی بڕیاری کوردستان رێک دەکەوین"، بەڵام تا ئێستە بارودۆخەکان هەروەک خۆیان ماون.

لای خۆیانەوە یەکێتیى نیشتمانیی دووپاتی دەکەنەوە کە ئەوان سوورن لەسەر پەرەپێدانى ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ گۆڕان. سامان گەرمیانى ئەندامى سەرکردایەتیى یەکێتى بۆ "وشە"ـى ڕوون کردەوە، هۆى خاوبوونەوەى جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ گۆڕان، پێوەندى بە کێشە ناوخۆیییەکانى یەکێتییەوە هەیە.

گەرمیانی زیاتر گوتی، "لەناو گۆڕان و یەکێتیش فشار هەیە بۆ هەڵوەشاندنەوەى ئەو ڕێککەوتنە، چونکە ئاشکرایە ڕێککەوتنەکە لە بەرژەوەندیى هەندێ کەس نییە لە ناو هەردوو لایەندا".
ئەو ڕێککەوتنەى نێوان یەکێتى و گۆڕان، باڵى گشتى و دەستڕۆیشتووى یەکێتى کە هێرۆ برایم ئەحمەد سەرپەرشتى دەکات لەگەڵ گۆڕان ئەنجامى داوە، بەپێى زانیارییەکانى بەردەست "وشە"، باڵى ناوەندى بڕیارى ئەو حزبە دژى ئەو ڕێککەوتنەیە و هەوڵ بۆ هەڵوەشاندنەوەى دەدەن.

مانگی رابردوو بۆ گەرمکردنەوەی ئەو بەستەڵەکەی باڵی بەسەر رێککەوتنەکەدا کێشاوە، شاندێکی گۆڕان سەردانی باڵی دەستڕۆیشتووی یەکێتی کرد و قسەیان لەبارەی رێککەوتنەکە کرد، بەڵام رۆژێک بەسەر کۆبوونەوەکەدا تێنەپەڕی، ناوەندی بڕیاری راگەیەنراوێکی ئاراستەی هەردوولا کرد کە "هیچ بڕیارێکی ئەو کۆبوونەوانە، گوزارشت لە بڕیاری یەکێتی ناکات".

ناوەندی بڕیار لە یەکی ئەیلوول/سێپتێمبەری رابردوو بە سەرکردایەتییەکی بەهێزەوە رووبەڕووی قۆرخکارییەکانی ناو یەکێتی بووەوە و بەرامبەر هێرۆ برایم وەستانەوە کە چیتر قبووڵ ناکەن یەکێتی بەو شێوەیە بەڕێوە ببرێ.

ئێستە رێککەوتنەکە بە مەرگی خۆی شاد بووە، بەڵام هەروەک رێککەوتنی ستراتیجیی نێوان پارتی و یەکێتی، کەس نییە هەڵوەشاندنەوەکەی رابگەیەنێ، بەتایبەت کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتیی گۆڕان دووشەمی رابردوو پەیامێکی لە بەریتانیاوە ئاراستەی حزبەکەی کردووە تا "ئامادەکاری بکەن بۆ کشانەوە لە حکوومەت و دەسەڵاتە خۆجێییەکان".

بزووتنەوەى گۆڕان، ساڵى 2009 بە سەرکردایەتیى نەوشیروان مستەفا لە یەکێتى جیا بووەوە و بەشدارى هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەى هەمان ساڵى کرد و توانى سەرکەوتن بەدەست بێنێت، لە ماوەى ئەو حەوت ساڵەدا، پێوەندییەکانى ئەو دوو لایەنە بەتایبەت لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى هەڵبەز و دابەزى زۆرى بەخۆیەوە بینى و دواجار لە 17ی ئایار/مایۆی رابردوو ڕێککەوتنێکى سیاسییان ئیمزا کرد. 
بە بڕواى چاودێرانى سیاسیى، ئەگەر جێبەجێکردنى ڕێککەوتنەکەى ئەو دوو لایەنە بەو جۆرە سست بێت، ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى زۆرە. یەحیا ئەحمەد مامۆستاى زانکۆى سلێمانى و چاودێرى سیاسیى بە"وشە"ـى گوت، "خەڵک لە سەرەتادا پێشوازییەکى زۆریان لەو ڕێککەوتنە کرد، بەڵام نزیکەى شەش مانگە هیچ دەرئەنجامێکى ئەو ڕێککەوتنە نەبینراوە".

ئاماژەی دا، "ئەگەر ئەو ڕێککەوتنە بەو سستییە جێبەجێ بکرێت و هیچ لە بارودۆخى ئێستە نەگۆڕێت، ئەگەرى هەڵوەشاندنەوەى زۆره‌.

سلێمانى/ شاد کەیوان


وشە - تایبه‌ت