كۆمپانیای سامسۆنگی كۆریای باشوور، باشترین و پێشكەوتووترین شاشەی كۆمپیوتەری بەرهەم هێنا، بۆ ئەوانەی بەردەوام كار لەسەر كۆمپیوتەری دیكستۆپ و یاریی دەكەن، تایبەتمەندی زۆر ناوازەی تێدایە.
ئەو شاشە نوێیە ناوی CHG90 و لە جۆری Super Ultra Wideه و قەبارەكەی 49 بۆسە دەبێ و بە پێشكەوتووترین شاشەی كۆمپیوتەر لە مێژووی مرۆڤ هەژمار دەكرێ و كوالێتییەكەی سێ هەزار و 840 بە هەزار و 80 پیكسل دەبێ.
شاشەكە بەشێوەیەكی كەوانەیی دروست كراوە و یارمەتی مرۆڤ دەدا تا بە تەواوی هەموو لایەك بە ئاسانی ببینێ و هیچ پێویستی بە جووڵەی بەردەوامی سەری نەبێ تا لایەنێكی تری دیمەنەكان ببینێت.
لە بنەڕەتدا ئەو شاشەیە بۆ یاریكردن دروست كراوە، بەڵام بژاردەیەكی زۆر ناوازە و تایبەتیشە بۆ دیزاینەران، نرخی ئەو جۆرە شاشەیەش دەگاتە هەزار و 499 دۆلاری ئەمەریكی.
كۆمپانیای سامسۆنگ یەكێكە لە كۆمپانیا زەبەلاح و بەناوبانگەكانی بواری تەكنەلۆجیا و ئەلیكترۆنی لە كۆریای باشوور و دنیا، لە بواری مۆبایل و ئامێرە ئەلیكترۆنییە كارەبایییەكان بەرهەمی زۆر بەهێز و ناوازەی خستووەتە بازاڕەكانەوە.