کوردستان مەی قەدەغە ناکات

:: AM:10:44:28/10/2016 ‌
پەرلەمانی عێراق، یاسای قەدەغەکردنی هێنان و فرۆشتن و خواردنەوەی مادە کهوولییەکانی دەرکرد، بەڵام کوردستان پێوەی پابەند نابێت، هاوکات ڕەخنەی ئەوە دەگیرێت، لە کاتێکدا دەیان کێشەی تر هەیە گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت، بەڵام پەرلەمانی عێراق مادەی کهوولی قەدەغە دەکات.

ئەو قەدەغەکردنە لەناو یاسای داهاتی شارەوانییەکاندایە و لە بڕگەیەکدا باس لە قەدەغەکردنی هاوردەکردن و مامەڵەکردن دەکات، لە یاساکەشدا دیاری کراوە هەر کەسێک پێوەی پابەند نەبێت، بە بڕی ١٠ بۆ ٢٥ ملیۆن دینار پێژماردن سزا دەدرێت.
موسەنا ئەمین پەرلەمانتاری کورد لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، لەبەرئەوەی تا ئێستەش خاڵە سنوورییەکانی هەرێم بە‌هاوبەشی لەگەڵ حکوومەتی ناوەند بەڕێوە دەبرێن، وا لە هەرێم دەکات نەتوانێت شتێک هاوردە بکات کە لە بەغداوە قەدەغە کرابێت و بڕیارەکە کوردستانیش دەگرێتەوە.

بەڵام جۆزێف سڵێوا ئەندامی ئەنجوومەنی کلدانی سریانی ئاشووری لە پەرلەمانی عێراق بە"وشە"ـی گوت، "ئەو بڕیارە پێچەوانەی دەستوور و یاسا و بنەما دیموکراسییەکانە". 

ئاماژەی دا، ئەو بڕیارە مەترسی لەسەر کۆمەڵگە زیاد دەکات و دووپاتی کردەوە، "هەموو هەوڵێک دەدەین ئەو بڕگەیە پەک بخەین و کێشەی بۆ دروست بکەین و دەشتوانین ئەوە بکەین". باسی لەوەش کرد، لە کۆتاکانی پەسندکردنی ئەو یاسایە ئەو بڕگەیەی بۆ زیاد کراوە.
بە‌پێی دەستووری عێراق هیچ یاسایەک دەرناکرێت پێچەوانەی دەقە نەگۆڕەکانی ئیسلام بێت، بۆیە پەرلەمانی عێراق یاسای قەدەغەکردنی خواردنەوە کهوولییەکان، بەرهەمهێنان و مامەڵەکردن و هاوردەکردنی قەدەغە ‌کردووە، چونکە لە ئیسلامدا قەدەغە ‌کراوە. بەڵام بە بڕوای شارەزایانی بواری ئیسلام، ئەو بڕیارە بە هەڵە لە قەڵەم دەدرێت.

یوونس ڕاوی لێکۆڵەری ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات، قورئان بە هیچ شێوەیەک مەی حەرام نەکردووە. ئەو گوتی "ئەم یاسایە دژ بە مادە ٢ـی دەستووری عێراقییە، کاتێک‌ دەڵێ‌: دروست نییە یاسایەک دەربچێت دژی پرەنسیپی دیموکراسی، دروست نییە یاسایەک دەربچێت دژی ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بێ".

لای خۆیەوە وەزارەتی ئەوقافی کوردستان لەبارەی ئەو بڕیارە دەڵێن، "ئێمە لەگەڵ قەدەغەکردنی مادە کهولییەکاندا نین".
مەریوان نەقشبەندی بەرپرسی ڕاگەیاندن و پێوەندییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئازادیی تەواوی هەموو مرۆڤداین، بۆیە لەگەڵ ئەو بڕیارەدا نین، بۆیە پێویستە حکوومەتی هەرێم پێوەی پابەند نەبێت و لێکەوتە خراپەکانی زیاتر دەبن".

ئەم پرسە بووەتە جێی مشتومڕ و ناکۆکی و هاوکات لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بەشێوە و تەنزی جیاواز جیاواز ئەو بڕیارە ڕەت دەکرێتەوە.

لە شیعرێکیدا جەمیل خالید ئەلعامرییە، بەناونیشانی "وازم لە عەرەق هێناو دەچم عەمامەیەک دەکڕم"، ئەو بڕیارە دەخاتە بەر ڕەخنەیەکی کۆمیدی و لە ماڵپەڕی یوتیوب چەندان کلیپ لەسەر ئەو شیعرە دەرکراوە، هاوکات لەگەڵ بڕیارەکەى پەرلەمانى عێراق بۆ قەدەغەکردنى مەى، عێراقییەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دروشمى (ئەى ویسکى توڕە مەبە، سبەى عەمامە لەسەرەکان دەڕۆن)یان بەرز کردەوە.

وشە/ سلێمانی–شاد کەیوان


وشە - تایبه‌ت