ئامێری تیشکی شێرپەنجەی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر مانگ نییە تێک نەچێت

:: AM:11:23:28/10/2016 ‌
لە کورستان دوو ئامێری تیشکی بۆ چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجە هەن، یەکیان لە هەولێر و ئەوەی تر لە سلێمانییە. ئەوەی هەولێر مانگ نییە پەکی نەکەوێت و زۆربەی جاریش چاککردنەوەی مانگێک دەخایەنێت. ئەوان کە گوایە لەبەر بەرژەوەندیی نەخۆش زیاد لە پێویست کاری پێ دەکەن، بەو هەوڵەیان زیان لە نەخۆش و ئامێرەکەش دەدەن. بەپێی ئامارەکان، ئەگەر بەشێوەی ستاندارد بەکار بهێنرێت، بەبێ ئەوەی پاڵەپەستۆی لێ بکرێت، ڕێژەیەکی زۆر زیاتری نەخۆش چارەسەر وەردەگرێت.

لینەر ئامێرێکی تیشکییە و تایبەتە بە چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە. نەرمین دوو ساڵە ناوی لینەر دەناسێت. نەخۆشییەکەی پێی ناساندووە. له ماوەی دوو ساڵی نەخۆشییەکەیدا، تەنیا جارێک لە هەولێر بەو ئامێرە چارەسەری وەرگرتووە و دوو جارەکەی تر، لە دەرەوەی کوردستان بووە. بەو دوو جارەی کە لە تورکیا بە ئامێری لینەر چارەسەری تیشکی کردووە، زیاتر لە ١٥ هەزار دۆلار خەرجییەکەی بووە. هەرچەندە ئەگەر لە هەولێر ئەو لێزەرەی بۆ کرابایە، هیچی نەدەچوو، بەڵام وادەی وەرگرتنی چارەسەری نەخۆشی شێرپەنجه،‌ نابێت دوا بکەوێت و ئەوکاتەش ئامێرەکەی هەولێر لە کار کەوتبوو. ئەو لەکارکەوتنە بەردەوامەی ئەو ئامێرە، زۆرانی وەک نەرمینی بۆ چارەسەر ڕەوانەی دەرەوه کردوون. 

فاتمەش خەمی لەکارکەوتنی ئامێرەکەی هەولێری هەژموون کردووە و دەزانێت چەندە تاڵە. ئەو کە شێرپەنجەی سینگی هەیە، له وادەی دیاریکراو بۆ وەرگرتنی چارەسەر دەچێتە نەخۆشخانەی ڕزگاری، بەڵام بەر لەوەی نۆرەی ئەو بگات، ئامێری لینەرەکە پەکی دەکەوێتەوە و ئەویش هەرزوو خۆی دەگەیەنێتە سلێمانی و بە تکا و پاڕانەوە لەوێ تیشکەکەی بۆ دەکرێت. خۆ ڕۆزەیش دەڵێ، "چوار مانگە چاوەڕێ دەکەم، تا ئێستە نازانم ئەو ئامێرە چۆنە". ڕۆزە کە دوو مانگ لە چاوەڕوانیدا بەڕێ دەکات و نۆرەکەی نزیک دەبێتەوە، لەکارکەوتنی ئامێرە‌کە، دووبارە نۆرەکەی درێژ دەکاتەوە. تێکچوونی ئەو ئامێرە لای کارمەندی نەخۆشخانە و تەنانەت نەخۆشکانیش بووەتە شتێکی ئاسایی، چونکە ئەگەر مانگی دوو جار نەبێت، ئەوە جارێک هەر پەکی دەکەوێت و نەخۆشەکان ناچارن لە سلێمانی، یا لە دەرەوەی هەولێر چارەسەر وەربگرن. خۆ هەر کاتێک ئەو ئامێرە لە کار دەکەوێت، کەمترین کاتی چاکبوونەوەی حەفتەیەکە و زۆربەی جاریش لە مانگێک نزیک دەبێتەوە. لە دوایین جاری تێکچوونیشی ١٥ ڕۆژی خایاند تا چاک کرایەوە.

دکتۆر بێستوون سەیفەدین لێپرسراوی یەکەی چارەسەری تیشک لە نەخۆشخانەی ڕزگاری ئاماژە بە ژمارەی زۆری نەخۆشان دەدات و ڕای دەگەیەنێ، ڕۆژانە چارەسەری نزیکەی ٧٠ نەخۆشی پێ دەکەن. ئەو دەڵێ، "ئەو نەخۆشانەی پێویستن، به ‌ناچاری زیاتر پاڵەپەستۆ لە ئامێرەکە دەکەین و چارەسەریان بۆ دەکەین". هەڵبەت ئەوە لەکاتێکدایە ئەگەر ئامێرەکە کار بکات.

کە بەپێی زانیارییەکانی "وشە" لە هەشت مانگی ڕابردوودا، نۆ جار ئەو ئامێرە لەکار کەوتووە کە دوو جاریان نزیکەی مانگێکی خایاندووە.

جەبار عوسمان کەریم بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی ڕزگاری، لەگەڵ ئەوەی گومانی ئێمە لە شارەزایی و پسپۆڕی ئەو کەسانەی کار بەو ئامێرە دەکەن دەڕەوێنێتەوە، هۆکاری زوو تێکچوونی بەردەوامی ئەو ئامێرە، بۆ ئەو پاڵەپەستۆ زۆرە دەگەڕێنێتەوە کە لەسەریەتی و ڕۆژانە زیاد لە پێویست کاری پێ دەکرێت. جیا لەوە ئەو دەڵێ، "جاران تەنیا بەیانیان کاری پێ دەکرا، بەڵام ئێستە ئێوارانیش کاری پێ دەکەین".

سەرەتا نۆرەی چارەسەر بەو ئامێرە زیاتر لە شەش مانگ بوو، بەڵام ئێستە بەو هۆیەی لە هەشتی بەیانیەوە تا هەشتی شەو کاری پێ دەکرێت، نۆرەکان کەمتر بوونەتەوە. هەر وەک ئەوان دەڵێن، ئێستە نۆرە لە سێ مانگ تێ ناپەڕێت.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی، تەنیا لە هەولێر نزیکەی هەزار و ٩٠٠ نەخۆشی شێرپەنجە هەن، بەڵام بەگوتەی بەڕێوەبەرانی ئەو نەخۆشخانەیە، ئەوە تەنیا نەخۆشی هەولێر نین کە بەو ئامێرە چارەسەریان بۆ دەکرێت.

جەبار عوسمان ڕای دەگەیەنێ، بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە ژمارەی سەردانکەرانی نەخۆش، لە نەخۆشخانە حکوومییەکان زۆر زیادی کردووه و ‌سەرباری ژمارەی زۆری نەخۆشانی شێرپەنجەی هەولێر و دهۆک، ئێستە چارەسەری ئاوارەیەکی زۆریشی پێ دەکرێت. 
ئەگەرچی ئەوان ئاماری نەخۆشانی ئاوارەیان جیا نەکردووەتەوە، بەڵام بەبڕوای بەڕێوەبەری کارگێڕیی نەخۆشخانەی ڕزگاری، ژمارەی نەخۆشانی ئاوارە، ئەگەر لە نەخۆشانی ناوخۆ زیاتر نەبن، کەمتر نین.

بەپێی زانیارییەکان ئەو ئامێرە کە لە ٢٠٠٧وە لە نەخۆشخانەی ڕزگاری کاری پێ دەکرێت. نابێت ڕۆژی لە ٤٠ نەخۆش زیاتری پێ چارە بکرێت، بەڵام ئەوان ڕۆژانە زیاتر لە ٧٠ نەخۆشی پێ بەڕێ دەکەن. هەر ئەوەیش هۆکارە بۆ زوو تێکچوونی ئامێرەکە کە هەر جارەی پارچەیەکی تێک دەچێت و چەند ڕۆژێکیشی پێویستە تا چاک دەکرێتەوە.

بەڵام وەنەبێت ئەو پاڵەپەستۆکردنە لەو ئامێرە، سوودی بۆ نەخۆشەکان هەبووبێت و نۆرەکانی کەم کردبێتەوه، بەڵکو بە پێچەوانەوە.
بەپێی ئاماری نەخۆشخانەی ڕزگاری، لە سەری ئەمساڵەوە تا ئێستە، لەبەر کارنەکردنی تەنیا ٥٣٥ نەخۆش بەو ئامێرە چارەسەر کراوە. کە بە پێوانەی ئەو ناخۆشخانەیە‌ بێت، بەوەی ڕۆژی چارەسەری ٧٠ نەخۆشی پێ دەکەن. ئەوا بەو پێیە، لە نۆ مانگی ڕابردوودا تەنیا حەفتەیەک ئەو ئامێرە کاری کردووە.

لەگەڵ ئەوەی وەزارەتی تەندروستی ئاگاداری زوو زوو تێکچوونی ئەو ئامێرە نییه، بەڵام ‌دکتۆر خاڵس قادر گوتەبێژی ئەو وەزارەتە ڕای دەگەیەنێ، هەموو ئامێرێک پێشبینی دەکرێ بۆ تێکچوون و باس لە چاککردنەوەی ئامێری‌ نەخۆشخانە حکوومییەکان دەکات، کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو لەسەر کۆمپانیایە.

بەوەی باشە ئەو ئامێرە بە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەک، زەمان کراوە و تێچووی چاکردنەوەی لەسەر ئەوانە، خۆ ئەگەر بەو شێوەیە نەبوایە، ڕەنگە نیوەی بودجەی کوردستان ئەو ئامێرە بیبردایە. نەخۆشانی شێرپەنجەش کە نابێت چارەسەریان دوا بکەوێت، لەبەر لەکارکەوتنی بەردەوامی ئامێری لینەرەکەی نەخۆشخانەی ڕزگاری، بە ناچاری زۆربەی جار لە دەرەوەی هەولێر چارەسەر وەردەگرن.

وشە/ هەولێر- چواس خالید












وشە - تایبه‌ت