تای سپینەر دەگاتە ئینتەرنێتیش

:: PM:05:36:13/06/2017 ‌

"مایك بۆج" دیزاینەر و داهێنەر لە ماڵپەڕی "FFFFidget" كە بریتییە لە ماڵپەڕێكی لاساییكردنەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت، هەستا بە دانانی یاری سپینەر وەك گێمێك لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت كە یاریكەر دەتوانێت بە هاوشێوەی یارییە راستییەكە بەكاری بێنێت.

كردنەوە و بەكارهێنانی یارییەكە ئاسانە و تەنیا كردنەوەی ماڵپەڕەكەی دەوێت و هەمان هەنگاوەكانی بەكارهێنانی یارییەكە لە راستیدا لەخۆ دەگرێت و بە شێوەی راستی یارییەكە دەست بە خولانەوە دەكات بەپێی هێزی بەكارهاتوو بۆ خوڵانەوەی.

یاری سپینەر بارییەكی سادە و ساكارە كە بریتییە لە ئامێرێك بە پەنجە دەخولێتەوە، ئەو چەند بۆلبەرینێك لەخۆی دەگرێت و ئەو یارییە ئێستە لە ناو خەڵكی بە گەورە و بچووكەوە زۆر باو و بڵاوە و كێبەركێی پێ دەكرێت لەبارەی درێژی ماوەی خولانەوەی و ئالوگۆڕی پەنجە و دەست.

ئەو یارییە لە دنیا و ئەمەریكا بەشێوەیەكی شێتانە بڵاو بووەتەوە و لە لیستی باشترین 10 پڕفرۆشترین یارییەكانە لە ماڵپەڕی ئەمازۆن، تایبەت بەو یارییانەی بەدەست دەكرێن و وا ئەمڕۆش لە ئینتەرێتەوە فەراهەم كراوە بۆ یاریكردن كە ئەو دیزاینەرە شتی زیاتری بۆ كۆپییە ئەلیكترۆنییەكەی زیاد كردووە بەوەی دەتوانیت لەكاتی خولانەوەی سپینەرەكە رەنگی باگراوەندی بگۆڕیت.

ماوە بگوترێت كە ئەو یارییە زۆر بەخێرایی لە قوتابخانەكانی ئەمەریكا و ئەوروپا بڵاو بووەوە و ئەوەش هەندێك لە مامۆستاكانی تووڕە كرد و دوای چەند مانگێك لە دەركەوتنی ژمارەیەك قوتابخانە هەستان بە قەدەغەكردنی بەهۆی ئەو پاڵۆزی و پەرتەوازەكردنی بیر و تەركیزەی قوتابی كە ئەو ئامێرە دروستی دەكات لەناو پۆلدا. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل