هاوسەرگیریی نایاسایی لە هەرێمی كوردستاندا هەڵدەكشێت

:: AM:09:21:14/06/2017 ‌


رێكخراوەكانی بواری ژنان و لایەنە چاودێرەكان، دووپات لە هەڵكشانی رێژەی ئەنجامدانی هاوسەرگیریی نایاسایی لە كوردستاندا دەكەنەوە. بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان ئاماژە بەوە دەكات كە تەنیا دەزانن حاڵەتەكە زیادی كردووە، بەڵام داتایەكی فەرمییان لەوبارەیەوە نییە.

هەوار محەمەد یەكێك لەو ژنانەیە گرێبەستی هاوسەرگیری لە دادگا ئەنجام نەداوە و ئێستە لە هاوسەرەكەی جیابووەتەوە. ئەو بە"وشە" دەڵێ‌، "ژنی دووەمی هاوسەرەكەم بووم، چونكە لە دادگا ژنی دووەم مارە ناكرێت، لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیریمان كرد، بەڵام بەهەر هۆكارێك جیابووینەوە و لە دادگاش نەمتوانی داوای مافەكانم بكەم".

هەوار هاوشێوەی چەندان ژنی تر كە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان كردووە و لە چەندان مافی یاسایییان بێبەش بوون.

محمەد گۆمەشینی گوتەبێژی دەستەی مافی مرۆڤ لە كوردستان، بۆ "وشە"ی روونكردەوە، "هاوسەرگیری لە دەرەوەی دادگا هۆكارێكە بۆ پێشێلكردنی مافی مرۆڤ، چونكە پیاوان لەزۆر حاڵەتدا كە لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان لەگەڵ ژنێك كردووە، بەردەوام پێشێلكارییان بەرامبەر كردووە و بە ئارەزووی خۆشیان لێیان جیابوونەتەوە، چونكە بێباك بوون بەرامبەر بە یاسا".

گۆمەشینی دەڵێ‌، "ئەو حاڵەتە لەكوردستان زیادی كردووە، زۆرینەی حاڵەتەكانیش هاوسەرگیریی خوار تەمەن 18 ساڵ و هێنانی ژنی دووەم و سێیەم و چوارەمە لە دەرەوەی رێوشوێنە یاسایییەكان، ئەو هاوسەرگیرییانە زیاتر لەگەڵ ئافرەتانی ئاوارە و پەنابەردا دەكرێن".
"لەبەرئەوەی گرێبەستەكە لە دادگادا ناكرێت، لەو حاڵەتەدا پێشێلكاری زۆری مافەكانی مرۆڤ بەرامبەر بە ژنەكە دەكرێت، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێك بدرێت بۆ كۆتاهێنان بەو جۆرە هاوسەرگیرییانە" گۆمەشینی وای گوت.

شیلان جەعفەر جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و خێزان لە پەرلەمانی كوردستان، بۆ "وشە"ی دووپات كردەوە، "حاڵەتەكانی هاوسەرگیری نایاسایی لە دەرەوەی دادگاكاندا هەڵكشاون، بۆنموونە، دادگا رێگە نادات پیاو ژنی دووەم بێنن بە چەند مەرجێك نەبێت، ئەوەش وا دەكات پیاوان لە دەرەوەی دادگا و بە نایاسایی كارەكە بكەن".

"ئافرەتان بوونەتە قوربانی ئەم حاڵەتە، چونكە دوای هاوسەرگیری زۆربەی ئەوانە جیادەبنەوە،ئەمەش بۆ پیاوان كارێكی زۆر قورس نابێت، بەڵام بۆ ئافرەتان زۆر قورسە و مافی پێشێل دەكرێت و ناتوانێ بەیاساو لەرێگەی دادگاوە داوای مافی خۆی بكات"، شیلان جەعفەر وای گوت.

هاوكات كوردە عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی توندوتیژی دژی ژنان لە وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بۆ "وشە" ئاماژەیدا، "لەبەرئەوەی هاوسەرگیرییەكان نایاسایین و لە دەرەوەی دادگاكاندا بەڕێوە دەچن، نەمانتوانیوە داتا و ئامارێكی وردمان لەورووەوە دەست بكەوێت، بەڵام ئەوەی دەزانین لەو دوو ساڵەی رابردوودا حاڵەتەكە زیادی كردووە".

زیاتر دەڵێ‌، "ئەو هاوسەرگیرییانە زۆربەیان ئەو پیاوانەن كە ژنی دووەم و سێیەم دێنن بەبێ‌ رەزامەندی ژنی یەكەم،یان هاوسەرگیریی خوارتەمەن 18ساڵ،بەڵام ئەوانەی لە ساڵی 2016دا ژنی دووەمیان هێناوە و لە دادگادا گرێبەستیان كردووە، لە شاری هەولێر 42 حاڵەت،لەشاری دهۆك 11حاڵەت و تائێستەشئاماری پارێزگای سلێمانیمان بەدەست نەگەیشتووە".

هه‌ڵه‌بجه‌/سەلام هانەدنی


وشە - تایبه‌ت