رووسیا هۆشداری دەداتە فڕۆکەکانی تورکیا

:: PM:04:21:28/10/2016 ‌
ئەمڕۆ هەینی ژمارەیەک فڕۆکەی تورکیا کە دەیانویست هێرشێکی ئاسمانی لە ئاسمانی سووریا ئەنجام بدەن بەر لەوەی کە سنووری ئاسمانیی تورکیا بەجێبهێڵن لە لایەن رووسیاوە هۆشدارییان پێدەدرێت و فڕۆکەکانیش یەکسەر دەگەڕێنەوە.

فڕۆکەکان دەیانویست لە باکووری حەلەب چەند ئامانجێک بپێکن. ماڵپەڕی سپوتنیکی رووسیا ئەم هەوالەی پشتراست کردووەتەوە و گوتوویەتی سووریا  و رووسیا هۆشدارییان داوەتە فڕۆکەکە ئاسمانی سووریا نەبەزێنێت.

لە ٢٤ی ئابەوە تورکیا بە بیانووی لێدانی چەکدارانی داعش لە باکووری سووریا دەستی بە جموجۆڵی سەربازی کردووە. فڕۆکەکانی تورکیا مەبەستی سەرەکییان ئەوە بووە رێگری لە پێشرەوی هیزەکانی سووریای دیموکراتیک بگرن کە پەیەدە تێیاندا باڵادەستە.

رووسیا لە خاکی سووریا سیستەمی قەڵغانی مووشەکی ئێس ٣٠٠ و ئێس ٤٠٠ی دامەزراندووە و حکوومەتی سووریاش خۆی مووشەکی بەرگری ئێس ٢٠٠ی هەیە کە هەر لە رووسیا کڕیونی.
 
 لەماوەی رابردوو پێوەندییەکانی نێوان رووسیا و تورکیا تارادەیەک ئاسایی ببوویەوە دوای ئەو بارگرژییەی لە نێوان ئەو دوو وڵاتە بەهۆی خستنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسیا بەهۆی تورکیاوە سەریهەڵدا.

دوێنێ رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا گوتی وڵاتەکەی هێرش دەکاتە سەر منبج و رەقە و ئەمڕۆکەش بینالی یڵدرم سەرۆک وەزیرانی تورکیا گوتی ئەگەر پەیەدە لە شەڕی رەقە بەشداری بکات ئەوا تورکیا بەشدار نابێت چونکە پەیەدە بە تیرۆریست هەژمار دەکات.

 لە لایەکی ترەوە پەیەدەش لە هێرشکردنەسەر رەقە داوای گەرەنتی لە ئەمریکا کردووە لەوەی تورکیا لە پشتەوەڕا هێرش نەکاتە سەر رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوە/سپوتنیک-ئیرنا


وشە - سلێمان تاشان