مانگى داهاتوو بڕیار لەسەر خوێندنى ئەمساڵى پارێزگاى سلێمانى دەدرێت

:: PM:04:59:28/10/2016 ‌
بەرپرسانى پەروەردە لە هەرێمى کوردستان و یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان پێیان وایە، هەر رۆژێک زیاتر درێژەکێشانى بایکۆتى مامۆستایان، زیانى گەورە بە قوتابییان و پرۆسەى خوێندن دەگەیەنێت، ئەوان دووپات لە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى مامۆستایان دەکەنەوە.

ئەحمەد گەرمیانى سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایانى کوردستان بە "وشە" دەڵێ، "هەر رۆژێک زیاتر بایکۆت درێژە بکێشێت، زیانى گەورە بە قوتابییان و پرۆسەى خوێندن و خودى مامۆستایان دەکەوێت، لەو روانگەیەوە پێمان وایە پێویستە مامۆستایان بۆ هۆڵەکانى خوێندن بگەڕێنەوە".

ئەو لێدوانەى گەرمیانى لەکاتێکدا دێت، کە لە دەستپێکى پرسەى خوێندنى ئەمساڵەوە تا ئێستە، مامۆستایانى پارێزگاى سلێمانى و گەرمیان بایکۆتى دەوامیان کردووە و دەرگەى قوتابخانەکان نەکراونەتەوە.

گەرمیانى دەڵێ، "مامۆستایان مافى خۆیانە داواى چاککردنى مووچە بکەن و ئێمە پاڵپشتییان دەکەین، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانرێت حکوومەتى هەرێم هەموو هەوڵێکى داوە بۆ چارەسەرکردنى مووچەى مامۆستایان".
لە ئەگەرى درێژەکێشانى بایکۆتى مامۆستایان، مەترسیی گەورە، هەژمار نەکردنى ئەمساڵى خوێندنە، لەکاتێکدا کە بۆ سەرووى دوو مانگ پرۆسەکە درەنگ بکەوێت.

سەرۆکى یەکێتیى مامۆستایان دەڵێ، "وەزارەتى پەروەردە بڕیار لەسەر ئەوە دەدات کە خوێندن هەژمار دەکرێت یان نا، بەڵام هیوادارین نەگات بەم ڕۆژە و کێشەى مووچەى مامۆستایانیش چارەسەر بکرێت".
دوو رۆژى رابردوودا، پشتیوان سادق وەزیرى پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتى گشتیى پەروەردەى سلێمانى کۆ بووەوە و باس لە چارەسەرکردنى کێشەکان کرا.

دڵشاد عومەر بەڕێوەبەرى گشتیى پەروەردەى سلێمانى راى گەیاند، "ئێمە لە سەرەتاوە لەگەڵ بایکۆتدا نەبووین، حزبەکانیش لەم پرۆسەیەدا رۆڵى خراپیان بینیوە".

ئەو زیاتر گوتى، "پەروەردە لە لێوارى مەرگە و حزبەکان بوێرییان نییە راى بگەیەنن لەگەڵ بایکۆت نین".
شۆڕش غەفوورى گوتەبێژى وەزارەتى پەروەردەى حکوومەتى هەرێم باس لە هەوڵەکانى وەزارەتەکەیان بۆ چارەسەرکردنى کێشەى مووچەى مامۆستایان دەکات.

ئەو بە "وشە" دەڵێ، "وەزارەتى پەروەردە هەموو تواناى خۆى لەو رووەوە خستووەتە گەڕ، بەڵام دەبێت بزانین ئەم دۆخەى هەیە، تەنیا کێشەى بۆ مامۆستایان دروست نەکردووە، بەڵکو بۆ سەرجەم فەرمانبەران و هاووڵاتییان هاتووەتە پێش".
بەرپرسانى پەروەردەى سلێمانى، دووپات لە مەترسیى هەژمار نەکردنى ئەمساڵى خوێندن لە سنوورى سلێمانى و گەرمیان دەکەنەوە و ئەوەش وا دەکات داوا لە مامۆستایان بکەن دەست بە پرۆسەکە بکەنەوە.

محەمەد ئەحمەد بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارەزوور بە "وشە"ى راگەیاند، "ئەگەر بایکۆتى مامۆستایان لە مانگى تشرینى دووەم بەو شێوەیەى ئێستە بەردەوام بێت، ئەوا لە کۆتاى مانگى تشرینى دووەم، دوا بڕیار لەبارەى خوێندنى ئەمساڵ لە سنوورى پارێزگاى سلێمانى دەدرێت، بەوەى ئایا هەژمار دەکرێت یان نا".

بەڕێوەبەرى پەروەردەى شارەزوور ئاشکراى کرد کە لە کۆبوونەوەیاندا لەگەڵ وەزیرى پەروەردە، پێى راگەیاندوون، "ئەگەر سلێمانى پرۆگرامى خوێندن تەواو نەکات، ئەمساڵى خوێندنى بۆ هەژمار ناکرێت".

بەگوتەى ئەو بەرپرسەى پەروەردە، لە رۆژانى داهاتوودا، بەڕێوەبەرایەتییەکانى پەروەردە لەگەڵ بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان کۆ دەبنەوە لەبارەى خوێندنى ئەمساڵ و دەڵێ، "زۆرێک لە بەڕێوەبەرى قوتابخانەکان، پێوەندییان کردووە بۆ ئەوەى دەست بە دەوام بکرێتەوە".

وشە/ رامیار جەواد و هۆشیار عەلى


وشە - رامیار جەواد