سارا و خه‌نده‌: ده‌توانین دانیشتن له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌ندبێژێك بكه‌ین

هیچ كاتێك به‌ پاره‌ ئاهه‌نگمان نه‌كردووه‌

سارا و خه‌نده‌ دوو كچه‌ كوردى به‌ندبێژى كوردن و تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیان به‌گرته‌ ڤیدیۆییه‌ تایبه‌تییه‌كانیان ته‌نیوه‌. ڕۆژانه‌ دانیشتنى دووقۆڵى ده‌كه‌ن، ده‌ركه‌وتنى ئه‌وان وه‌ك به‌ندبێژ له‌ كوردستاندا حاڵه‌تێكى تایبه‌ت و نوێ بوو، له‌ كاتێكدا به‌ندبێژى بۆ پیاوان پاوان بوو. ئه‌و دوو خوشكه‌ لاوه‌، له‌ دیدارێكى "وشه‌"دا باس له‌ ژیان و كاره‌كانیان ده‌كه‌ن.

چۆن خۆتان ده‌ناسێنن؟
من وه‌ك سارا ساڵى 2002 له‌ دایك بووم و خه‌نده‌ ساڵى 2003 له‌ دایك بووه‌. هه‌ردووكمان له‌ كۆیه‌ له‌ دایك بووین و ئێسته‌ له‌ هه‌ولێر ده‌ژین.

چى هانی دان له‌ناو هونه‌ر و جۆره‌كانى گۆرانیدا به‌ندبێژى هه‌ڵبژێرن؟
سه‌ره‌تا نوورا كه‌ خوشكه‌ گه‌وره‌مانه‌ و هاوسه‌رگیرى كردووه‌، ده‌ستى به‌كارى هونه‌رى كرد و به‌شدارى چه‌ند به‌رنامه‌ى هونه‌رى وه‌ك به‌رنامه‌ى "تۆ نموونه‌ى" كرد و به‌ندى ده‌گوت، ئێمه‌ له‌ دواى ئه‌و ده‌ستمان پێ كرد، به‌ڵام له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا زۆر سه‌خته‌ خانمان به‌ند بڵێن و به‌چاوێكى نه‌شیاو سه‌یر ده‌كرێن، له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌ زۆر پێشكه‌وتوو نییه‌، بۆیه‌ لایان سه‌یره‌ ئافره‌ت به‌ند بڵێت. راستى ئێمه‌ له‌سه‌ر ڕێچكه‌ى خوشكه‌ گه‌وره‌كه‌مان كه‌ به‌ كوردستان كۆیی ناسراو بوو، رۆیشتین و ده‌ستمان به‌كارى هونه‌رى كرد.

كێ تێكستى به‌نده‌كانتان بۆ ده‌نووسێت؟
عه‌لى مام به‌كر باوكمان تێكستى به‌نده‌كانمان بۆ ده‌نووسێت.

به‌شێك له‌ به‌ندبێژه‌كان به‌بێ هیچ ئاماده‌كارییه‌كى پێشتر راسته‌وخۆ ده‌ست به‌ گوتنى به‌ند ده‌كه‌ن، ئایا ئێوه‌ ده‌وانن به‌و شێوه‌یه‌ به‌ندبێژى بكه‌ن؟ 
راسته‌ زۆرجار ده‌بێت خۆت به‌نده‌كان دروست بكه‌یت و راسته‌وخۆ بیڵێیت، ئێمه‌ هه‌ردووكمان ئه‌و توانایه‌مان هه‌یه‌، به‌ڵام زۆریش نا، له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامبوونمان به‌دڵنیایییه‌وه‌ باشتر ده‌بین.

وه‌ك دوو خوشك، تا چه‌ند ده‌توانن له‌ میواندارى و بۆنه‌ى تایبه‌تدا شانبه‌شانى به‌ندبێژانى تر به‌شدارى بكه‌ن؟
ئێمه‌ كێشه‌مان نییه‌ و بۆ زۆر شوێن چووین. له‌باره‌ى دانیشتنه‌كانیش ده‌توانین له‌گه‌ڵ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك دانیشتن بكه‌ین، به‌ڵام هیچ هونه‌رمه‌ندێك نییه‌ له‌ هونه‌رمه‌نده‌ میلییه‌كان بتوانێت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ به‌ند بڵێ، ئێمه‌ى ئافره‌ت تۆنى ده‌نگمان به‌رزه‌ و ئه‌وانیش ئه‌و تۆنه‌ى ئێمه‌یان نییه‌ و زۆرجار ناچار بووین به‌ته‌نیا گۆرانى بڵێین، جارى وایش هه‌بووه‌ دانیشتنمان له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندى به‌ناوبانگ كردووه‌، به‌ڵام نه‌یتوانیوه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌ى دوو خوشك به‌ند بڵێت، له‌به‌رئه‌وه‌ى تۆنى ده‌نگمان به‌رزه‌، ئاماده‌ین له‌گه‌ڵ هه‌موو هونه‌رمه‌ندێك دانیشتن بكه‌ین و بێ منه‌تین. 

به‌هۆى به‌ندبێژییه‌وه‌ رووبه‌ڕووى توانج و ره‌خنه‌ى كه‌سانێك ده‌بنه‌وه‌ به‌تایبه‌ت له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تیدا، ئایا وه‌ڵامێكتان بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ هه‌یه‌؟
هیچ كۆمێنتێكمان نییه‌ له‌سه‌ر ره‌خنه‌ و توانجى خه‌ڵك، له‌به‌رئه‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان زۆر پێشكه‌وتوو نییه‌ و شتى وایان نه‌دیوه‌، بۆیه‌ زۆر كه‌س هه‌یه‌ قسه‌ى نه‌شیاومان پێ ده‌ڵێت یان ره‌خنه‌ى بێسه‌روبه‌رمان لێ ده‌گرێ، ئه‌وانه‌ گوزارشت له‌ كه‌سایه‌تیى خۆیان ده‌كه‌ن.

باوكتان هاوكارى و پاڵپشتى دارایی و مه‌عنه‌ویى زۆرتان ده‌كات، له‌ كاتێكدا خاوه‌ن پیشه‌یه‌كى ئاسایی ڕۆژانه‌یه‌ و هونه‌ر نه‌بووه‌ته‌ بژێوى هونه‌رمه‌ندان؟
باوكمان به‌كاره‌ ئاسایی و پیشه‌ ڕۆژانه‌یییه‌كه‌ى له‌ هه‌موو بواره‌كاندا هاوكاریمان ده‌كات، هه‌م شاعیرمانه‌ هۆنراوه‌مان بۆ ده‌نووسێت و هه‌م مامۆستا و هه‌م باوكمانه‌ و به‌پشتیوانى ئه‌و ده‌توانین به‌رده‌وام بین. 

ئایا بۆ مه‌رجى هاوسه‌رگیریتان ئاماده‌ن ده‌ستبه‌ردارى هونه‌ره‌كه‌تان بن، یان مه‌رجه‌كانتان چى ده‌بێت؟
له‌باره‌ى هاوسه‌رگیرى هێشتا زووه‌ و ناتوانین ئێسته‌ قسه‌ى له‌سه‌ر بكه‌ین، كاتى خۆى هات قسه‌ى خۆمان ده‌بێت. 

كارى هونه‌رى بۆ ناوبانگ ده‌كه‌ن یا بۆ خزمه‌تكردن؟
كارى هونه‌رى ئاره‌زوومانه‌، نه‌ بۆ پاره‌مانه‌ نه‌ بۆ ناوبانگ، ئه‌گه‌ر بۆ پاره‌ و ناوبانگمان بێت ده‌بێت هه‌موو ڕۆژ بۆ ئاهه‌نگ و به‌رنامه‌كان بچین.

ئافره‌تى به‌ندبێژ زۆر ده‌گمه‌نن له‌ كوردستاندا، ئێوه‌ ده‌توانن به‌سه‌ر ئاسته‌نگه‌كاندا زاڵ بن و به‌رده‌وام بن؟
تا باوكمان پشتگیریمان بكات به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كاره‌كانمان و به‌بێ باوكمان ناتوانین به‌رده‌وام بین.

هه‌موو كچێك ده‌توانێت ببێته‌ به‌ندبێژ؟
به‌ڵێ، هه‌موو كچێك ده‌توانێت به‌ندبێژ بێت، به‌ڵام وه‌ك مه‌رج ده‌بێت سه‌ره‌تا بوێر بن.

به‌ندتان بۆ پێشمه‌رگه‌ گوتووه‌، حه‌ز ده‌كه‌ن بچنه‌ سه‌نگه‌ره‌كانى پێشمه‌رگه‌ و به‌ندبێژى بكه‌ن؟
به‌ڵێ، گۆرانى و به‌ندمان بۆ پێشمه‌رگه‌ گوتووه‌، هه‌روه‌ها بۆ پۆلیس و ئاسایش، زۆریش حه‌ز ده‌كه‌ین بچینه‌ به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگ و له‌وێ به‌شێوه‌ى ڕاسته‌وخۆ گۆرانى بۆ برا پێشمه‌رگه‌كانمان بڵێین.

ده‌تانه‌وێت سیدى و ئه‌لبوومى تایبه‌ت به‌ كاره‌كانتان هه‌بێت؟
به‌ڵێ، بۆ ئه‌وه‌ى هه‌موو جه‌ماوه‌ر گوێبیست بێت و بزانێت ئافره‌تانیش تواناى به‌ندبێژییان هه‌یه‌.

خزم و كه‌سه‌كانتان بۆچوونیان چییه‌؟
خزم و كه‌سانمان هه‌ندێكیان پێیان خۆشه‌ كارى هونه‌رى ده‌كه‌ین و هه‌ندێكیان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ و به‌و هۆیه‌وه‌ زۆریان قسه‌مان له‌گه‌ڵدا ناكه‌ن.

ئێسته‌ له‌ چ قۆناغێكى خوێندنن و مامۆستا و هاوڕێكانتان چۆن لێتان ده‌ڕوانن؟
من وه‌ك خه‌نده‌ له‌ قۆناغى سێی زانستیم و سارا له‌ قۆناغى چوارى زانستییه‌، هه‌م مامۆستاكان و هه‌م هاوڕێكانیشمان زۆر باشن له‌گه‌ڵماندا.
 
نووراى خوشكه‌ گه‌وره‌تان تاچه‌ند ئامۆژگاریتان ده‌كات به‌رده‌وام بن له‌ هونه‌ره‌كه‌تان، له‌كاتێكدا خۆى هونه‌رمه‌ند بووه‌ و ماوه‌یه‌كى زۆره‌ له‌ كارى هونه‌رى دوور كه‌وتووه‌ته‌وه‌؟
نوورا هه‌میشه‌ ئامۆژگاریمان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ى به‌جوانترین شێوه‌ ده‌ربكه‌وین، هه‌م له‌ڕووى تێكست و هه‌م له‌ڕووى ئه‌داكردنمان و به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ك یارمه‌تیمان ده‌دات، سوپاسى ده‌كه‌ین.

به‌رهه‌مى نوێتان چییه‌؟
ئێسته‌ سه‌رقاڵى كاركردنین و هه‌ندێك به‌ندى نوێمان داناوه‌ جیاواز له‌وانى پێشوو، دواى مانگى ڕه‌مه‌زان تۆماریان ده‌كه‌ین. 

ئه‌گه‌ر كه‌سێكى تایبه‌ت داواتان لێ بكات ئاهه‌نگێكى تایبه‌تى به‌رامبه‌ر به‌ پاره‌ بۆ ساز بكه‌ن، ئاماده‌ن؟
تا ئێسته‌ به‌پاره‌ كارمان نه‌كردووه‌ و ئاهه‌نگمان ساز نه‌كردووه‌، هی وا هه‌بووه‌ وه‌ك دیارییه‌ك پاره‌ى پێ داوین، نه‌ك به‌ پاره‌ ئاهه‌نگمان بۆ كردبێت.

بۆچى خانمانى ده‌ركه‌وتوو كه‌مه‌ له‌ بوارى به‌ندگوتن؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى پێیان شه‌رمه‌ یا ده‌ترسن، سه‌ره‌ڕاى ئه‌مانه‌ش كۆمه‌ڵگه‌ به‌ربه‌سته‌، بۆیه‌ زۆر سه‌خته‌ به‌ندگوتن بۆ ئافره‌تان، ئێمه‌ كه‌ ده‌ستمان پێ كرد سه‌ره‌تا هه‌موو كه‌سێك هاته‌ قسه‌ به‌تایبه‌ت له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی، به‌ڵام ئێسته‌ زۆرباشه‌ و به‌كه‌مى قسه‌مان له‌سه‌ر ده‌كه‌ن. 
ئافره‌تان تواناى هه‌موو كارێكى هونه‌رییان هه‌یه‌، به‌ڵام كۆمه‌ڵگه‌ى خۆمان ڕێگرییان لێ ده‌كه‌ن، لاى هه‌ندێك خه‌ڵك كفره‌ ئافره‌ت نه‌ك كارى هونه‌رى بكات، به‌ڵكو نابێت له‌ ماڵه‌كه‌ى بێته‌ ده‌ره‌وه‌، له‌ كۆمه‌ڵگه‌ى ئێمه‌دا سته‌م زۆر له‌ ئافره‌ت ده‌كرێ، بۆ نموونه‌ زۆرجار له‌سه‌ر گرته‌ ڤیدیۆییه‌كى خۆمان هه‌زار قسه‌ى نه‌شیاو و ناشیرین به‌ من و خه‌نده‌ گوتراوه‌، بۆیه‌ له‌ هه‌موو لایه‌ك ئافره‌ت زیانمه‌نده‌، هیوادارین ئه‌و دیاردانه‌ نه‌مێنن، ئافره‌تیش تواناى هه‌یه‌ شانبه‌شانى پیاوان كار بكات و ده‌ربكه‌وێت.

وشه‌/ هه‌ولێر- شاخه‌وان شێخانى


وشە - تایبه‌ت


PM:06:43:16/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 47093 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌