سیسته‌مێكی نوێی بیناسازی له‌ كوردستانه‌ كه‌ پارێزه‌ری وزه‌یه‌


له‌ كوردستان ماوه‌یه‌كه‌ سیسته‌مێكی نوێی بیناسازی پێڕه‌و ده‌كرێت كه‌ ته‌كنه‌لۆجیاكه‌ی له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاورده‌ كراوه‌ و به‌ دۆستی ژینگه‌ هه‌ژمار ده‌كرێت. خه‌رجی دروستكردنی خانوو به‌و سیسته‌مه‌ كه‌مێك له‌ بلۆك گرانتره‌، به‌ڵام كوالێتییه‌كه‌ی زۆر باشه‌ و جگه‌ له‌ پاراستنی وزه‌ خاوه‌ن ماڵیش ده‌حه‌سێنێته‌وه‌.

له‌ كوردستان زۆربه‌ی خانوو و باڵه‌خانه‌كان به‌ بلۆك دروست ده‌كرێن و هه‌ر ئه‌وه‌ش وای كردووه‌ ماڵه‌كان له‌ زستاندا سارد و له‌ هاویناندا گه‌رم بن، به‌ پێكردنی سه‌رجه‌م ئامێره‌كانی گه‌رمكه‌ره‌وه‌ و ساردكه‌ره‌وه‌ توانای ئه‌وه‌یان نه‌بێت كه‌شی ماڵه‌كه‌ بگه‌یه‌ننه‌ پله‌یه‌كی گونجاو. ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ بیناسازیی كوردستان دوژمنی سه‌رسه‌ختی وزه‌یه‌، بۆیه‌ هه‌رچه‌نده‌ كاره‌با به‌رهه‌م بهێنرێت، به‌شی گه‌رمكردنه‌وه‌ یان ساردكردنه‌وه‌ی ماڵه‌كانی كوردستان ناكات. وزه‌یه‌ك كه‌ به‌ تێچوویه‌كی زۆر به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و بارێكی قورسه‌ له‌سه‌رشانی حكوومه‌ت.
ئه‌م رۆژگاره‌ شێوازی جۆراوجۆر بۆ دروستكردنی خانوو پێڕه‌و ده‌كرێن و له‌ كوردستانیش خه‌ریكه‌ له‌ شێوه‌ی جیاواز بۆ بیناسازی سوود وه‌رده‌گیرێت.

شێوازێكی نوێ
له‌ سلێمانی كۆمپانیایه‌ك به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌رده‌مییانه‌ خانوو دروست ده‌كات و ئه‌م شێوازه‌شی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپایییه‌وه‌ هاورده‌ كردووه‌. كۆمپانیای ه‌ ناوی سیسمۆ (sismo) building technology به‌ سیسته‌مێكی نوێ خانوو دروست ده‌كات. بیرۆكه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ ژاپۆنییه‌ و دواجار له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا په‌ره‌ی پێ دراوه‌ و به‌ وڵاتانی دنیادا بڵاو بووه‌ته‌وه‌.

كه‌ره‌سته‌ی خاوی كارگه‌كه‌ فلینه‌ كه‌ ماده‌ خاوه‌كه‌ی هاورده‌ ده‌كرێت و هه‌ر له‌ كارگه‌یه‌كی سلێمانی فلینه‌كه‌ به‌رهه‌م ده‌هێنرێت و بۆ پانێلی جیاواز ده‌گۆڕێت. سه‌ره‌تا نه‌خشه‌ی بینا یان خانووبه‌ره‌كه‌ ده‌درێت به‌ كارگه‌ یان كۆمپانیاكه‌ تا به‌گوێره‌ی ئه‌ندازه‌ی دیاریكراو پارچه‌كانی دیواره‌كه‌ له‌ فلین دروست بكات و دواتر له‌ رێی تیمه‌كانی، خانووه‌كه‌ بنیات ده‌نێت و له‌ كۆنكریت و شیش و چه‌ندان كه‌ره‌سته‌ی تر بۆ بیناسازی سوود وه‌رده‌گرێت. 

پانێله‌كان  به‌رگی روو و ده‌ره‌وه‌ی دیواره‌كه‌ن و دیواره‌كه‌ به‌ شیش و چیمه‌نتۆ بنیات ده‌نرێت. سه‌ره‌تا دیواره‌كان له‌ ئاراسته‌ی ئاسۆیی و ستوونی شیشیان بۆ ده‌چه‌قێنرێت و دواتر كۆنكرێت ده‌كرێت و سه‌قف و ژێرخانی بیناكه‌ش به‌ یه‌كتر گرێ ده‌درێن.
ساكار سابیر بریكاری هه‌ولێر و دهۆكی كۆمپانیاكه‌، بۆ "وشه‌" گوتی، له‌ راستیدا ئه‌و سیسته‌مه‌ بۆ به‌رگری له‌ به‌رامبه‌ر بوومه‌له‌رزه‌ دروست كرا سه‌ره‌تا، به‌ڵام چه‌ندان تایبه‌تمه‌ندی تری هه‌یه‌. یه‌كێك له‌ گرنگترینی ئه‌و تایبه‌تمه‌ندییانه‌ بریتییه‌ له‌ گونجاوبوونی بۆ كه‌شی سارد و گه‌رم و به‌راورد به‌ خانووی بلۆك 13 پله‌ جیاوازی هه‌یه‌، بۆیه‌ زوو گه‌شه‌ی كرد.

یه‌كێك له‌ گرنگترین تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی ئه‌و خانووانه‌، ئه‌وه‌یه‌ له‌ زستان و هاویندا به‌ كه‌مترین وزه‌ گه‌رم و سارد ده‌بنه‌وه‌. جگه‌له‌مه‌ كه‌رسته‌كانی ئه‌و جۆره‌ بیناسازییه‌ كێشیان كه‌مه‌، به‌ڵام به‌هێزن و له‌ كاتی تێكردنی كۆنكرێتدا ده‌گه‌نه‌ ئه‌وپه‌ڕی به‌هێزی و به‌رگه‌ی زریان و بوومه‌له‌رزه‌ ده‌گرن.

نرخی دروستكرنی خانوو
تێچووی دروستكردنی خانووه‌كه‌ گران نییه‌ و به‌گوێره‌ی ئه‌ستووریی دیواره‌كه‌ و به‌رزی و نزمیی باڵه‌خانه‌ دیاری ده‌كرێت. دیواره‌كان له‌ ئه‌ندازه‌ی 10 سانتیمه‌تر، 20 سانتیمه‌تر و 30 سانتیمه‌تر بنیات ده‌نرێن.
ئه‌و به‌رپرسه‌ی كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت، له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار هه‌ر مه‌ترێك دیوار به‌ 50 دۆلار و له‌ ناوه‌وه‌ی شار به‌ 42 دۆلار دروست ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر به‌ پانێلی 10سم بكرێت هه‌ر مه‌ترێكی چوارگۆشه‌ به‌ 21 دۆلار، بۆ جۆری 20سم به‌ 42 دۆلار و جۆری 30سم 84 دۆلار دروست ده‌كرێت.

به‌ گوته‌ی ساكار، به‌ مه‌تر له‌وانه‌یه‌ نرخی خانووه‌كه‌ تا ته‌واو ده‌بێت، هه‌ندێك گران له‌سه‌ر كڕیار بوه‌ستێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر گرێبه‌سته‌كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ بێت له‌ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ تا كۆتای خانوویه‌ك ته‌واو بكه‌ن، ئه‌وا نرخه‌كه‌ زۆر كه‌متر ده‌بێ. بۆ نموونه‌ زه‌وییه‌ك كه‌ رووبه‌ری 125 مه‌تره‌ و خاوه‌نه‌كه‌ی ده‌یه‌وێت 100 مه‌تری بكات به‌ خانوو، ئه‌وا به‌ گشتی به‌ پانێلی 20سم یه‌ك نهۆمی 19 هه‌زار دۆلار و بۆ دوو نهۆمیش 38 هه‌زار دۆلاری تێده‌چێت كه‌ هاوشێوه‌ی بلۆكی 20 سانتیمه‌تری به‌رینه‌ كه‌ له‌ كوردستان سوودی لێ وه‌رده‌گیرێت.
ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ تێچووی سه‌رجه‌م خزمه‌تگوزارییه‌كانی ئاو و ئاوه‌ڕۆ كاره‌با و سه‌قف سانه‌وی، گه‌چ و كاشی و ده‌رگه‌ و په‌نجه‌ره‌ ده‌گرێته‌وه‌.
كارگه‌كه‌ له‌ سلێمانی له‌سه‌ر رووبه‌ری سێ تا چوار هه‌زار مه‌تری چوارگۆشه‌ پانێلی تایبه‌ت به‌ بیناسازی به‌رهه‌م دێنێت. جگه‌ له‌و 18 كه‌سه‌ی تیایدا كار ده‌كه‌ن، سێ تیمی گه‌ڕۆكیشی هه‌یه‌ كه‌ 15 كه‌سن و به‌ پڕۆژه‌كان راده‌گه‌ن.

نوێنه‌ری كۆمپانیاكه‌ ده‌ڵێت، زیاتر له‌ ده‌ره‌وه‌ی شار پێشوازییان لێ كراوه‌ و چه‌ندان ڤێلا و خانوویان دروست كردووه‌.
شێرزاد ئیبراهیم شێخۆ كه‌ له‌ گوندی شانه‌ده‌ری ناوچه‌ی بارزان خانوویه‌كی به‌و سیسته‌مه‌ دروست كردووه‌، بۆ "وشه‌" روونی كرده‌وه‌، له‌ خانووه‌كه‌ی هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كات و سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رووبه‌ری خانووه‌كه‌ی 250 مه‌تره‌، به‌ڵام به‌ یه‌ك موبه‌ریده‌ سه‌رجه‌م ژووره‌كانی فێنك ده‌بنه‌وه‌. 
ئه‌وه‌ باسی له‌وه‌ كرد "خه‌ڵك ده‌سته‌ ده‌سته‌ سه‌ردانی ماڵم ده‌كه‌ن و پێی سه‌رسامن و ئێسته‌ خه‌ڵكێكی زۆر حه‌ز ده‌كه‌ن به‌م شێوازه‌ خانووه‌كه‌یان دروست بكه‌ن".

له‌باره‌ی تێچووی دروستكردنی خانووه‌كه‌، شێرزاد ئیبراهیم ئه‌وه‌ی خسته‌ ڕوو كه‌ تێچووه‌كه‌ی له‌ بلۆك زیاتره‌، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ی زۆر نییه‌ و ئه‌گه‌ر تایبه‌تمه‌ندییه‌كانی له‌به‌رچاو بگری، زۆر له‌ قازانجی هاووڵاتیدایه‌.
ئه‌و ده‌ڵێت "بلۆك ناوی بۆشه‌، به‌ڵام خانووه‌كه‌ی من ته‌نیا كۆنكرێته‌كه‌ی 13 سانتیمه‌تره‌ و به‌ پانێله‌كانه‌وه‌ ده‌گاته‌ 30 سانتیمه‌تر و له‌ پته‌ویدا وێنه‌ی نییه‌."

كاره‌با
ئه‌گه‌ر كه‌سێك خوازیار بێت، ده‌كرێت هه‌ر له‌ پڕۆژه‌كه‌ی سه‌ربانه‌كه‌ی بكات به‌ power station و به‌ پانێلی تایبه‌تی كاره‌بای پێویست به‌رهه‌م بهێنێت. به‌ گوته‌ی ساكار سابیر به‌ شه‌ش هه‌زار دۆلار و به‌ گه‌ره‌نتی 24 ساڵ، سیسته‌مه‌كه‌ دروست ده‌كرێت و تێچووی باترییه‌كانیش كه‌ 10 باترین، هه‌زار و 250 دۆلاره‌ كه‌ چوار ساڵ جارێك ده‌گۆڕێن و به‌ گشتی ٢٥ ئه‌مپێر كاره‌با دابین ده‌كه‌ن.
له‌و سیسته‌مه‌ ده‌توانێ كاره‌بای زیاده‌ به‌ تۆڕی نیشتمانی ببه‌ستیته‌وه‌ و كاره‌با به‌ حكوومه‌ت بفرۆشیت و هه‌ردوو لایه‌ن له‌ یه‌كتر سوود وه‌ربگرن، پانێله‌كانیش له‌ سه‌ربان ته‌نیا 10 مه‌تری چوارگۆشه‌ داگیر ده‌كه‌ن.
سیسته‌می بیناسازیی كوردستان زۆر خراپه‌ و له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی كوردستان ناگونجێت، بۆیه‌ بۆ پاراستنی وزه‌ و سامانی نیشتمانی، پێویسته‌ بیر له‌ بژارده‌ی تر بكرێته‌وه‌.



وشە - سلێمان تاشان


PM:09:13:16/06/2017




ئه‌م بابه‌ته 22132 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌