له گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییدا كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان جارێكی تر بڵاو بووه‌ته‌وه و بۆ دوو ساڵ به‌ر له ئێسته ده‌گه‌ڕێته‌وه، ئه‌و كاته‌ی په‌رله‌مانتاران پێشنیازی ئۆتۆمبێلیان له په‌رله‌مان كرد كه به شێوه‌ی پشك له مووچه‌كانیان وه‌ربگیرێ، یوسف محه‌مه‌د و فڕاكسیۆنی گۆڕان به‌گژیاندا چوون، هه‌ر بۆیه مه‌لا هه‌ورامان پێی گوت: له خۆته‌وه ده‌ست پێ بكه، تۆ دوو وه‌نه‌وشه‌ی په‌رله‌مانت خستووه‌ته ژێر خۆت.
له‌و چاوپێكه‌وتنه‌دا كه ته‌له‌ڤزیۆنی "كوردسات" له‌گه‌ڵی ئه‌نجامی داوه، مه‌لا هه‌ورامان ده‌ڵێ، زۆر به‌داخه‌وه سه‌رۆكی په‌رله‌مان و ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی له پشتییه‌وه‌یه، دێن هه‌رچی باشه‌یه ده‌یده‌نه پاڵ خۆیان و خراپه‌كانیش ده‌داته پاڵ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و فڕاكسیۆنه‌كان، به‌ڕاستی كارێكه هه‌موومانی نیگه‌ران كردووه.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، حه‌ز ده‌كه‌م جه‌ماوه‌ری كوردستان بزانێ، یه‌كه‌م كه‌سه له خولی چواره‌می په‌رله‌مانی كوردستان وه‌نه‌وشه‌ی خسته ژێری (مه‌به‌ستی له تۆیۆتا لاند كرۆزه‌ره)، سه‌رۆكی په‌رله‌مان بوو. تۆ به خه‌ڵكی مه‌ڵی شتێك مه‌كه چونكه خراپه، دواتر خۆت بیكه‌ی، ئه‌وه شتێكی ئابڕووبه‌ره.
ئه‌وه‌ش ده‌خاته ڕوو، ئه‌و كه‌سانه‌ی له مێژوودا گۆڕانیان كردووه، له‌پێشا له خۆیاندا كردوویانه، تۆ چۆن دێیت دوو وه‌نه‌وشه‌ی په‌رله‌مان ده‌خه‌یته ژێرت و دێیت سه‌ركۆنه‌ی په‌رله‌مانتاران ده‌كه‌ی.
له درێژه‌ی قسه‌كانیدا، مه‌لا هه‌ورامان ڕوو له یوسف محه‌مه‌د ده‌كات: سه‌رۆكی په‌رله‌مان 30 كه‌سی بۆ خۆی وه‌ك پاسه‌وان دامه‌زراندووه، ده‌بێ چ پێویستییه‌كی تێدا بێت له كوردستاندا ئه‌و هه‌موو پاسه‌وانه بۆخۆت دانێی؟ هه‌موو ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سێ پاسه‌وانیان هه‌یه، بۆ یه‌ك به 10 بێت؟