چرۆ بە كۆمەكی ئێوە شێرپەنجە لەناو دەبات

:: AM:09:22:17/06/2017 ‌

پسپۆڕێكی بواری نەخۆشییەكانی شێرپەنجە كە لە بەریتانیا خوێندوویەتی و خاوەنی خەڵاتی باشترین توێژەری كوردستانە، پڕۆژەیەكی خستووەتە ڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، داوا لە هەموو لایەك دەكرێ كۆمەك و پیتاك بۆ پڕۆژەكە بنێرن تا لە ڕێی كۆمەكەكانەوە شێرپەنجە لە كوردستان بنەبڕ بكرێت.

د. كارزان شێخ موحسین دكتۆرا لە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە زانكۆی مانچستەر لە بەریتانیا و سەرۆكی بەشی توێژینەوەی زانستی لە زانكۆی ئیشك لە هەولێر و خاوەنی خەڵاتی باشترین توێژەری كوردستان بۆ ساڵی ۲۰۱۷، لە بیرۆكەی پڕۆژەیەكی یەكجار گرنگ بەمەبەستی سنووردانان بۆ زۆربوونی ڕێژەی نەخۆشییەكانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان، بەرواری ۱٥ حوزەیران/یۆنیۆی ۲۰۱۷ پڕۆژەی (چرۆ)ی دژە شێرپەنجەی كۆمەڵی خەڵكی كوردستانی بە شێوەیەكی فەرمی ڕاگەیاند، كە بۆ یەكەم جارە لە كوردستاندا پڕۆژەیەكی نیشتمانی لەو شێوەیە سەرهەڵدەدات و پشت بە بەخشینی هەر تاكێكی كوردستان دەبەستێت لە ژێر دروشمی (ببەخشن بۆ توێژینەوە، ببەخشن بە چرۆ) بۆ سەلامەتی گیانی نەوەكان.

دكتۆر كارزان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەپێی دوایین توێژینەوەكانمان، عێراق و هەرێمی كوردستان یەكێكە لەو وڵاتانەی كە خێراترینن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی شێرپەنجە. ئێستە ۳٥%ی خەڵكی كوردستان لەژێر هەڕەشەی تووشبوون بە شێرپەنجەیە و بەو خێرایییەی ئێستە لە تووشبوون و بڵاوبوونەوەی و ئەگەری نەبوونی ڕێگەچارەیەك لە دەستنیشانكردنی هۆكارە رێخۆشكەرەكانی تووشبوون بە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە، ئەوا ڕێژەی تووشبوون بۆ ‌٥۰% بەرز دەبێتەوە، واتا نیوەی كۆمەڵگە لە ساڵی 2020 لە كوردستان لە ژێر مەترسی تووشبوون بە شێرپەنجە دەبێت. 

دكتۆر كارزان زیاتر بۆ "وشە" دەدوێت كە گرینگی پڕۆژەكە دەگەڕێتەوە بۆ پێویستی و توێژینەوەكردن لە هۆكارەكانی شێرپەنجە و بەرەنگاربوونەوەی ئەو بڵاوبوونەوە هەڕەمەكییە، هەر ئەوەبوو پڕۆژەی (چرۆ)ی هێنایە ئاراوە. 

(چرۆ) پڕۆژەیەكی خۆنەویستە و كۆمەڵگە خاوەنداری دەكات كە ئامانج لێی ڕێگریكردنە لە بڵاوبوونەوەی شێرپەنجە و توێژینەوەكردن و گەڕان بۆ هۆكارەكانی لە هەرێمی كوردستاندا، هەروەها بە دامەزراندنی سەنتەرێكی پشكنین بۆ هاووڵاتییانی كوردستان بە مەبەستی زوو ئاگاداربوونەوە لە نیشانەكانی و خێرا چارەسەركردنی، بەپێی توێژینەوەكان ۹۷% ی چارەسەری شێرپەنجە بێ سوودە و نەخۆشەكانی ئاستی (‌۳ و ٤)ی شێرپەنجە كە لە كوردستاندا زۆرە سوودی لێ نابینن، ئەوەی تا ئێستە لە زانستی پزیشكیدا وەك باشترین چارەسەری شێرپەنجە باسی لێوە دەكرێت، خێرا دەستنیشانكردنی نەخۆشیی شێرپەنجەیە. بەم شێوەیە پڕۆژەی (چرۆ) لە داهاتوودا نەوەیەكی هۆشیار و تەندروست و بەرگریكار بەرهەم دەهێنێت.

لە كۆتا گوتەكانی توێژەرە كوردەكە، پەیامی با هەمووان پێكەوە هاوكاری پڕۆژەی (چرۆ) بین و داهاتوویەكی تەندروست بۆ نەوەكان فەراهەم بكەین. 

* بە مەبەستی بەخشین، تكایە سوود لەم زانیارییانەی خوارەوە وەربگرە:

www.chroproject.org

بۆ پێوەندی و زانیاری:
Korek: 07505007373
Asiacell: 07714557373


بۆ گەیاندنی هاوكارییەكان لە ڕێی بانكەوە:
Accout name: ECHO
CIF:10017199
Swift Code:  KIBIIQBA
Kurdistan International Bank

یان باڵانس بنێرن بۆ:
07511957373


هەولێر/ تۆڵە فەرەج.



وشە - باز ئه‌حمه‌د