عەلی قازی وازی لە پۆستەكەی هێنا

:: AM:10:23:17/06/2017 ‌

عەلی قازی سەرۆكی پارتیی ئازادیی كوردستان بە هۆی نەخۆشی و بەساڵاچوون، وازی لە پۆستەكەی هێنا و حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆكی پارتی ئازادی كوردستان جێگەی گرتەوە.

سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دوێنێ ئێوارە لە رێوڕەسمێكدا ماڵئاوایی لە حزبەكەی كرد و كادر و فەرماندە و پێشمەرگەكانی پارتی ئازادی كوردستانیش بە رێزەوە ماڵئاوایییان لە سەرۆكەكەیان كرد.

عەلی قازی كوڕی قازی محەمەدە و دوای ئەوەی یەكێتیی شۆڕشگێڕانی كوردستان لە یەكتر ترازا و پارتی ئازادیی كوردستان دامەزرا، بوو بە سەرۆكی پارتەكە.

پێشمەرگەكانی ئەو حزبە لە سەرەتای دەست پێكردنی جەنگی تیرۆریستانی داعش لە بەرەكانی جەنگ بەشدارن.

دەقی راگەیەنراوەكە 
ئاگادارییەك لە دەفتەری سەرۆكایەتیی پارتی ئازادیی كوردستانەوە

سەبارەت بە دەست لە كاركێشانەوەی بەڕێز عەلی قازی محەمەد لە سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان بە ئاگاداری خەباتگێڕانی ریزەكانی پارتی ئازادیی كوردستان، هێز و لایەنە كوردستانییەكان، نوێنەران و كۆنسوڵگەریی وڵاتان لە باشووری كوردستان و سەرجەم بیروڕای گشتیی دەگەیەنین كە بەڕێز عەلی قازی محەمەد سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان، لە سەر بڕیار و داوای خۆی بە هۆی هەڵكشانی تەمەن، ناساغی و پێویستیی پێڕاگەیشتن بە باری سڵامەتیی؛ چی دیكە ناتوانێ ئەركی سەرۆكایەتی بەڕێوە بەرێ و دەست لە ئەركی سەرۆكایەتی پارتی ئازادیی كوردستان هەڵدەگرێ. 

بۆ پڕكردنەوەی جێگەی سەرۆك و بەڕێوەبردنی ئەركەكانی، بە پێی بەندی حەوت لە مادەی پازدەی پێڕەوی ناوخۆی پارتی ئازادیی كوردستان كە دەڵێ :"لە حاڵەتێكدا بە هەر هۆكارێك، سەرۆك توانای بەڕێوەبردنی ئەركەكانی نەبوو (جێگری سەرۆك) جێی ئەو دەگرێتەوە"؛ بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا جێگری سەرۆك جێی سەرۆكی پارتی ئازادیی كوردستان دەگرێتەوە.

هەر بەم بۆنەیەوە ئێوارەی ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە بەرەكانی جەنگ لە ناو ئاپۆرای هێزەكانی پێشمەرگەدا، بەڕێز عەلی قازی محەمەد پاش پێشكەشكردنی وتەیەك و رادەستكردنی ئاڵای كوردستان و ئاڵای پارتی ئازادیی كوردستان بە بەڕێز حوسێن یەزدانپەنا، ماڵاوایی لە فەرماندە و هێزەكانی پێشمەرگەی پارتی ئازادیی كوردستان خواست و بەڕێز و حورمەتەوە لە لایەن فەرماندەی گشتی و ئەندامانی فەرماندەیی و ژمارەیەك لە یەكەكانی هێزەكانی پێشمەرگەوە بەڕێ كرا.

پارتی ئازادیی كوردستانPAK
دەفتەری سەرۆكایەتی
٢٦ی جۆزەردانی ٢٧١٧
١٦ی ژووئەنی ٢٠١٧













وشە - سلێمان تاشان