پسپۆڕێكی كاسپەرسكای لاب ئاشكرای كرد، جۆرێكی تری لە ئەسپی تەڕوادە "ترۆجان" لە گووگڵ پلای بازاڕی ئاپەكانی سیستەمی ئەندرۆید بڵاو بووەتەوە كە زۆر نائاسایی و مەترسیدارە و دەتوانێ بە تەواوی كۆنتڕۆڵی مۆبایلەكانتان بكات.
ئەو جۆرە نوێیەی ترۆجان ناوی "DVmap"ە و دەتوانێ بگاتە ڕیشە و بنج و بنەوانی ئامێرەكان كە بە سیستەمی ئەندرۆید كار دەكەن، بەرنامەی پیس و سیخوڕی لە نێو مۆبایلەكانتان دادەبەزێنێ بێ ئەوەی ئێوە هەستی پێ بكەن و هەموو شتێكی مۆبایلەكانتان كۆنتڕۆڵ دەكات.
ئەو ڤایرۆسە نوێیە لە ڕێی ئاپێكەوە بەناوی "ئەسپی تەڕوادە" لە بازاڕی گووگل پلای بڵاو بووەوە و 50 هەزار كەس لە ماوەی مانگی ئادار/مارسی ئەمساڵ تا ئێستە ئەو ئاپەی داونڵۆد كردووه، تا بەم دواییە كۆمپانیای كاسپەرسكای كۆمپانیای گووگڵی ئاگەدار كردووەتەوە لەوەی كە ئەو ئاپە جۆرێكی مەترسیداری ترۆجانە و هەڕەشە لەسەر مۆبایلی سیستەمی ئەندرۆید دەكات.
پسپۆڕانی ڕووسیا لە بواری ئاسایشی زانیارییەكان ئاشكرایان كرد، كە ئەو ئاپە كۆدێك لە نێو سیستەمی مۆبایلەكە دەچێنێت و لە ڕێی ئەو كۆدەوە بەرنامە پیسەكان دادەبەزن و ئیتر مۆبایلەكە بە تەواوی دەتەنێ و ڤایرۆسەكە كۆنتڕۆڵی دەكات.
سەرەتا ئەو بەرنامەیە وەك یارییەك لە نێو گووگڵ پلای بڵاو بووەوە، دواتر لە ئەنجامی پشكنینەكان و دەرخستنی دیوە نهێنییەكەی ڕوون بووەوە كە ئەمە پێنج هێندەی ترۆجانی ئاسایی مەترسیدارترە بۆ سەر مۆبایلەكان كە بە سیستەمی ئەندرۆید كار دەكەن.