پێش ئاهەنگی هاوسەرگیری.. دوایین نامەی میسی بۆ ئەنتۆنێلا

:: PM:01:00:17/06/2017 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی ئێستا لەگەڵ دەزگیرانەكەی ئەنتۆنێلا رۆكۆتسۆ لە گەشتێكی تایبەتدان و لە ماوەیەكی كورتی داهاتووشدا ئاهەنگی هاوسەرگیری ئەنجام دەدەن.

میسی كە لەم مانگەدا دەچێتە نێو تەمەنی 30 ساڵییەوە، لەسەر تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئینستگرام) وێنەیەكی خۆی و ئەنتۆنێلای هاوسەری داهاتووی بڵاو كردبووەوە لە گەشتەكەی دوورگەی (ئیپیزا)ی ئیسپانی بڵاو كردبووەوە.

میسی و ئەنتۆنێلا لەو گەشتەدا جگە لە هەردوو منداڵەكانیان تیاگۆ و ماتیۆ، چەند هاوڕێیەكی تریشیان لەگەڵدایە كە ئەوانیش برێتین لە لویس سوارێزی هێرشبەری یانەكەی لەگەڵ سۆفیای خێزانی و هەروەها سیسك فابریگاسی و دنیێلای سەمعانی خێزانی.

میسی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی وێنەكەدا نامەیەكی بۆ ئەنتۆنێلای خۆشەویستی نووسیبوو "هیچ شتێك لە تۆ باشتر نییە (ئەنتۆنێلا)، خۆشم دەوێی".

میسی و ئەنتۆنێلا دوای ئەم گەشتە راستەوخۆ دەگەڕێنەوە ئەرجەنتین و ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكەیان دەكەن كە بڕیارە لە شاری رۆزاریۆی شوێنی لەدایكبوونی میسی بە ئامادەبوونی سەدان كەسایەتی ناودار و وەرزشی و سیاسی بەڕێوە بچێت.

رۆژنامەی (ماركا)ی ئیسپانی هەفتەی رابردوو نوێترین زانیاری لەسەر ئاهەنگی هاوسەرگیرییەكە میسی بڵاو كردەوە كە بڕیارە رۆژی 30ی ئەم مانگە لە هۆتێلی بۆلمان لە شاری رۆزاریۆ بێتە ئەنجامدان.

میسی 250 ژووری بۆ سەرجەم میوانەكانی لە هۆتێلەكە گرتووە، تا ئێستاش ناوی هیچ كەسێك لە میوانەكانی ئاهەنگەكە ئاشكرا نەكراوە تەنیا 21 یاریزانە سەرەكییەكەی تیپی یەكەمی یانەی بەرشەلۆنە نەبێت.

چاوەڕوان دەكرێ بەشێك لە ئەندامانی دەستەی كارگێڕی و راهێنەرانی یانەی بەرشەلۆنە ئامادەی ئاهەنگەكەبن نەك هەموویان بەهۆی ئەوەی میسی كێشەی لەگەڵ بەشێكیان هەیە، لەنێو ئەو كەسانەی كە داوەتنامەیان پێ نەگەیشتووە لویس ئێنریكی راهێنەری پێشوو و خوان ئۆنزۆر یاریدەری یانەكە هەن لەگەڵ چەند ئەندامێكی دەستەی راهێنەران.

یەكێك لە ئامادەبووە سەرەكییەكانی ئاهەنگەكە سێرجیۆ ئەگوێڕۆی ئەستێرەی یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزییە كە هاوڕێی منداڵی و هاوتیپە لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین، هەروەها دەزگیرانەكەی ئەگوێڕۆ لە ئاهەنگەكە گۆرانی دەڵێت.

ئەو تیپە موزیكییەی كە ئاهەنگەی میسی گەرم و گوڕتر دەكەن ئۆرگوایین بەناوی تیپی موزیكی (رۆمپای) ئەویش لەسەر داوای لویس سوارێزی هاوڕێی بووە لە یانەی بەرشەلۆنە.






وشە - ئامانج ئه‌كره‌م