نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکی رۆژنامەی "بڵد دەیلی" ئەڵمانیدا باسی لەوە کردووە کە دوای رزگارکردنی مووسڵ لەگەڵ بەغدا دەست بە دانوستان دەکەن بۆ پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان.
ئەو لە بەشێکی دیمانەکە باسی لەوە کردووە کە هەر لە ٢٠٠٣ەوە کە رژێمی بەعس رووخێنراوە دەرفەتی سەربەخۆیی بۆ هەرێمی کوردستان هەبووە، کوردستان دەرفەتێکی زۆری بە عێراق دا و لەو پێناوەشدا قوربانییەکی زۆری دا و بەداخەوە تا ئێستە لەگەڵ بەغدا بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون. نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "ئێمە چاوەڕوانی سیستەمێکی دیموکراتیکمان لە عێراق دەکرد کە تیایدا گەلی کورد و پێکهاتەکانی تر بە هەموو مافەکانیان بگەن بەڵام ئەوە نەبینرا."
سەرچاوەکە باسی لەوە کردووە کە ئێستە هێزەکانی پێشمەرگە شانبەشانی هێزەکانی سوپای عێراق دژی چەکدارانی داعش دەجەنگن و ئامانجەکەش رزگارکردنی مووسڵە لە دەستی چەکدارانی داعش.
نێچیرڤان بارزانی پێشبینی ئەوەشی کردووە کە پڕۆسەی رزگارکردنی مووسڵ نزیکەی سێ مانگ دەخایەنێت و داواشی لە ئەڵمانیا کردووە کە لە رووی سەربازییەوە یارمەتی زیاتری پێشمەرگە بکات هاوشێوەی ئەو یارمەتییە مرۆییەنانی بە ئاوارەکانی کردووە.
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کردووە کە هیزەکانی پیشمەرگە بە خێرایی توانیویانە لە ناوچەکانی دەورووبەری مووسڵ پێشرەوی بکەن بەڵام بە روونی دیار نییە داعش تا چەندە دەتوانێت لە مووسڵ بەرگری بکات.
بە گوتەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەورەترین مەترسییەکانی داعش لەبەردەم پێشرەوییەکان ئەو تەقینەوانەیە کە بە شێوەی هیرشی خۆکوژی یان مینی چێنراو دادەنرێن.
سەرچاوە/ Middleeast eye