لە جەنگی مووسڵ چەكی قەدەغەكراو بەكار دەهێنرێت

:: AM:09:19:29/10/2016 ‌

رۆژنامەیەكی بەریتانی لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كرد، كە هێزەكان لە جەنگی رزگاركردنەوەی مووسڵ چەكی فسفۆری سپی قەدەغەكراو بەكار دەهێنن، ئەم جۆرە چەكەش پێشتر لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانەوە وەك چەكێكی قەدەغەكراو ناسێنراوە و بەكارهێنانی لە جەنگەكان قەدەغە كراوە، چونكە مەترسیدارە و زیانی زۆر بە هاووڵاتییانی مەدەنی ناوچەكانی جەنگ دەگەیەنێت.

رۆژنامەی "تایمز"ی بەریتانیانی بڵاوی كردەوە، تۆمەتباركردنی هێزەكانی هاوپەیمانان بەردەوامە كە لەگەڵ هێزە ناوخۆیییەكان بەشدارن لە جەنگی رزگاركردنەوەی مووسڵ، تۆمەتەكانیش بریتین لە بەكارهێنانی بۆمبی فسفۆری سپی لە جەنگی مووسڵ بۆ ڕاوەدوونانی تیرۆریستان و تێكشكاندنیان.

ئاماژەی داوە، بەكارهێنانی ئەم جۆرە چەكە كارێكی پێچەوانەی یاسای نێودەوڵەتییە، لەبەرئەوەی یەكێكە لەو مادانەی كە زیان و مەترسی لەسەر ژیانی خەڵكی مەدەنی دروست دەكات.



رێكخراوێكی مافی مرۆڤ بە رۆژنامەكەی گوتووە، لە ناوچەی كرملێش ئەو جۆرە چەكە بەكار هێنراوە كە تەنیا 12 كیلۆمەتر لە مووسڵەوە دوورە، مەترسی بەكارهێنانی ئەو چەكە لەوەدایە كە بۆ ماوەیەكی زۆر پاشماوەكانی دەمێنێتەوە، بۆیە دوای گەڕانەوەی خەڵكی ناوچەكە بۆ شوێنی خۆیان مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات.

دوناتێلا روڤێرا یەكێك لە توێژەرانی ئەو رێكخراوە دەڵێ، فسفۆری سپی دەبێتە هۆی برینداربوونی پێست و سووتاندنی قووڵی ماسولكەكان تا ئاستی ئێسك، بەشێك لەو جۆرەی فسفۆریش دەمێنێتەوە و ناسووتێت رەنگە دوای چەندان هەفتە ئەو كات بسووتێت و كاریگەرییەكانی دەربكەوت.

رۆژنامەكە ئەوەشی ڕوون كردووەتەوە بەكارهێنانی فسفۆری سپی كە مادەیەكی ژەهراوییە و سووتێنەرە لەو جەنگە، شكاندنی یاساكان، چونكە هاوشێوەیە لەگەڵ بەكارهێنانی چەكی كیمیایی.

لە راپۆرتەكەدا هاتووە، مووسڵ لە باكور و رۆژئاوایەوە دووكەڵی رەش سەرتاپای تەنیوە، بەهۆی ئاگر تێبەردانی كێڵگە نەوتییەكان، لە باشوورەوەش بەهۆی ئاگر تێبەردانی كارگەی گۆگردی میشراق دووكەڵی سپی و زەردباو ئاسمانی ناوچەكەی داپۆشیوە، هەردوو كارەكەش سەرەنجام رێژەی دووەم ئۆكسیدی كاربۆن لە هەوا زیاد دەكەن و مەترسی لەسەر داهاتووی ژیانی خەڵكەكە دروست دەكەن.

روونی كردووەتەوە، لە ئەنجامی سووتاندنی گۆگردیش دووەم ئۆكسیدی گۆگرد لە هەوا بڵاو دەبێتەوە و سەرەنجام دەبێتە هۆی دروستبوونی ترشی گۆگرداتی سووتێنەر لە هەوا و شێدا.

ئەفسەرێكی سوپای عێراق دەڵێ، زۆر قورسە بتوانی هەناسە بدەیت، هەموو ئەوانەی لەو ناوچەیەن پێویستە ماسك ببەستن، یان پەڕۆیەك تەڕ بكەن و بیدەن لەسەر دەم و لووتیان.

بۆمبی فۆسفۆری سپی، چەكێكی خنكێنەر و سووتێنەرە لە كانزای فۆسفات دروست دەكرێ، بەخێراییەكی سەرسوڕهێنەر لەگەڵ ئۆكسجینی هەوا كارلێك دروست دەكات و دەبێتە هۆی سووتاندنی پێست و زیان گەیاندن بە كۆئەندامی هەناسەدان، لەكاتی تەقاندنی ئاگرێكی گەورە و دووكەڵێكی زۆری سپی لێ بەرز دەبێتەوە.



بۆ یەكەمجار ئەو جۆرە بۆمبە لە كۆتاییەكانی سەدەی نۆزدەیەك بەكارهات لەوكاتەی لەگەڵ دووەم ئۆكسیدی گۆگرداتی كاربۆن تێكەڵی یەكتر كرابوو، دواتر ئەمەریكا لە جەنگەكان مووشەكی ئەو جۆرەی بەكارهێنا، لە جەنگی ڤێتنامیش بەهەمان شێوە مووشەكی فۆسفۆری بەكارهێناوە، لە ساڵی 2004 لەكاتی رووخاندنی رژێمی بەعس هەمان مووشەكی لە شارۆكەی فەلووجەی 60 كیلۆمەتری باكوری بەغدا بەكارهێناوە، ئیسرائیل لە ساڵی 2009 لە كەرتی غەزە هەمان بۆمبی فۆسفۆری سپی بەكارهێناوە.

بەگوێرەی مادەی دووی رێككەوتنی جنێڤ ئەم جۆرە چەكە بەكارهێنانی قەدەغەكراوە، چونكە چەكێكی سووتێنەر و مەترسیدار و ژەهراوییە.

رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.

لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.

رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانیان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.

مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.

سەرچاوە: شەفەق نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د