داوای ئه‌مینداری جامیعه‌ی عه‌ره‌بی بۆ ئه‌نجام نه‌دانی ڕیفراندۆم ڕه‌ت ده‌كرێته‌وه‌

:: AM:09:33:18/06/2017 ‌
بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی سەردانی هەرێمی كوردستان بكات و لەگەڵ مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە بۆ ڕێگری لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگەدار ڕوونی كردەوە، كە بڕیاری ڕیفراندۆم و ئەنجامدانی پەشیمانبوونەوەی نییە و هیچ بەرپرس و لایەنێكیش ناتوانێ ڕێگری بێ.

ڕۆژنامەی "العرب الیوم الاردنیە"ی وڵاتی ئوردن لە زاری سەرچاوەیەكەوە ئاشكرای كرد، ئەمینداری گشتیی كۆمكاری عەرەبی "ئەحمەد ئەبوغێت" بەڵێنی بە ئەیاد عەلاوی داوە لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی كوردستان بكات و لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆ ببێتەوە، تا ببێتە هۆكارێك بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستان.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، ئەبوغێت دووپاتی لەوە كردووەتەوە كە كۆمكاری عەرەبی هیچ كات پێشوازی لە دابەشكردنی عێراق ناكات و دووپات لە یەكێتیی خاكی عێراق دەكاتەوە، ئەمەش لەمیانەی دیدارێكی ئەیاد عەلاوی جێگری سەركۆماری عێراق و ئەبوغێت هاتووە كە لە قاهیرەی پایتەختی میسر هەردوولا كۆ بوونەتەوە.

لە بەرامبەر هاتنی ئەبوغێت لە داهاتوویەكی نزیك بۆ كوردستان و داواكردنی بۆ ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، سەرچاوەیەكی بەرپرس لە هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هاتنی هەر بەرپرسێكی عەرەبی و نێودەوڵەتی و لە هەر ئاست و پێگەیەكدا بێ، هیچ كات نابێتە هۆی پەشیمانبوونەوە لە ڕیفراندۆم، گەلی كوردستان مافی ڕەوای خۆیەتی بەگوێرەی یاسا و ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكان لە ڕیفراندۆمدا چارەنووسی خۆی هەڵبژێرێ و بەهیچ شێوەیەكیش ئەو پرسە پاشگەزبوونەوە و گەڕانەوە بۆ دواوەی نییە.

لە ڕۆژانی ڕابردووش هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا دووپاتی لەوە كردووە، گەڕانەوە بۆ دواوە نییە و ڕیفراندۆم لە كوردستان ئەنجام دەدرێت.

رۆژی حەوتی حوزەیران/یۆنیۆی 2017 لە كۆبوونەوەی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و حكوومەتی هەرێم و كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان، رۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتەمبەری داهاتوویان وەك رۆژی ریفراندۆمی كوردستان بۆ "مانەوە یان جیابوونەوە لە عێراق" دیاری كرد. خەڵكی كوردستان لە ناوخۆ و دەرەوە بە تاك و كۆمەڵ بەجۆری جیاواز خۆشحاڵی دەردەبڕن.

سەرچاوە/مەوازین.



وشە - باز ئه‌حمه‌د