بۆچی عەلی باپیر لە نێو شاندی كوردستان بۆ بەغدا نەبوو


پێشنیوەڕۆی دوێنێ پێنجشەم شاندی باڵای هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتنە بەغدا و لەگەڵ هەریەك لە عەبادی و حەكیم و مەعسووم كۆبوونەوە و لەبارەی نەبوونی عەلی باپیریش لە نێو شاندی هەرێمی كوردستان "وشە" ڕاستییەكان دەخاتە ڕوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییەی لە سەرچاوەیەكی ئاگەدار و بەشدار لە شاندی هەرێمی كوردستان دەست "وشە" كەوتووە و تێیدا هاتووە، بارزانی داوای لە عەلی باپیر نەكردووە بەشداری شاندەكە بێ و ئەندامێكی شاندەكەش پێشنیازی كردووە ئەویش لە نێو شاندەكەدا بێ، بەڵام بارزانی ڕەتی كردووەتەوە.

ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" گوتی، ئێمە ئاگەدارین عەلی باپیر ماوەیەكی زۆرە، چەندان جار داوای بینینی بارزانی كردووە، بەڵام هیچ وەڵامێكی نەدراوەتەوە، بۆیە بەهیچ شێوەیەك عەلی باپیر داوای لێ نەكراوە بۆ شاندی یاوەری بارزانی و داواشی لێ ناكرێت.

لەبارەی قسەكانی عەلی باپیر كە دوێنێ بڵاوی كردەوە و گوتی، داوای لێ كراوە و خۆی نەچووە، ئەو سەرچاوەیە بۆ "وشە" گوتی، ئەو قسانەی ناوبراو تەنیا بۆ بەلاڕێدا بردن و خۆڵ كردنە چاوی خەڵكە، خۆشی چاك ئەو ڕاستییە دەزانێت، كە داوای لێ نەكراوە و لێشی ناكرێ، بۆیە پەرلەمانتارانی كۆمەڵی لە بەغدا ئاگەدار كردەوە، تا دژی شاندەكە لێدوان بدەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" بەهۆی پەراوێزخستنی عەلی باپیر ناوبراو شەوی چوارشەم لەسەر پێنجشەم پەرلەمانتارانی حزبەكەی لە بەغدا ئاگەدار كردووەتەوە كە هاوشێوەی پەرلەمانتارانی گۆڕان دژی شاندەكە لێدوان بدەن، بەڵام سەرچاوەكەی "وشە" دەڵێ لێدوانەكانیان هیچی لێ شین نەبووە و نابێ، تەنیا پەرچەكردارێكی دەروونی بوو، كە بەهۆی پەراوێزخستنی عەلی باپیر، ئەو كاردانەوەیەی نیشانداوە.

وشە/هەولێر، ب.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


PM:03:51:01/10/2016




ئه‌م بابه‌ته 382 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌