له ئێواره‌خوانێكدا كه دوێنێ له مانیسای وڵاتی توركیا بۆ سه‌ربازانی ئه‌و وڵاته ئه‌نجام درابوو، 590 سه‌رباز ژه‌هراوی بوون، هه‌ر بۆیه لێكۆڵینه‌وه له دۆخه‌كه كراوه و ده‌یانه‌وێ هۆكاره‌كه‌ی بدۆزنه‌وه.
فكری ئشك وه‌زیری به‌رگریی توركیا سه‌باره‌ت به ژه‌هراویبوون و رشانه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆر سه‌رباز له فه‌رمانده‌یی یه‌كه‌می پیاده‌ی عه‌مید عارف سه‌یهون له مانیسا، دوای خوانی ئێواره رای گه‌یاند، ئه‌م ئێواره‌یه له‌كاتی به‌ربانگدا پێنج هه‌زار و 470 سه‌ربازمان نانیان خوارد. 590 سه‌ربازمان به‌هۆی ئه‌و خواردنه‌وه ژه‌هراوی بوون. ده‌ستبه‌جێ له بنكه‌ی ته‌ندروستیی فه‌رمانده‌ییه‌كه‌دا یه‌كه‌م پشكنین و چاره‌سه‌ر بۆ سه‌ربازه‌كان ئه‌نجامدرا. 370 له سه‌ربازه‌كان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه كراون. له‌ئێستادا 72 سه‌رباز له نه‌خۆشخانه ماون. مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانیان نییه و هیچ سه‌ربازێكمان له‌ژێر چاودێریی ورددا نییه.
زیاتر گوتی: 51 سه‌ربازمان وه‌ك رێوشوێنێك له نه‌خۆشخانه گلدراونه‌ته‌وه. به‌تایبه‌تی له بنكه‌ی سه‌ربازیی رۆژئاوا 40 سه‌ربازمان وه‌ك رێوشوێنێك له‌ژێر چاودێریدان".
ئه‌وه‌شی خسته ڕوو، دوو خێمه وه‌ك بنكه‌ی ته‌ندروستی هه‌ڵدراوه و سێ پزیشكی سه‌ربازی، 14 په‌رستار و حه‌وت كارمه‌ندی دیكه‌ی ته‌ندروستی ده‌ستبه‌كاربوون و دواتر 15 پزیشك و 51 كارمه‌ندی ته‌ندروستیی دیكه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ته‌ندروستییه‌وه نێردراون.