دوێنێ شەموو ئەلڤارۆ مۆراتای هێرشبەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی بەفەرمی ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ نمایشكارێكی ئیتاڵی بەناوی ئەلیس كامپێلۆ ئەنجام دا.
ئاهەنگەكە لە كەنیسەی دورگەی جۆدیكا لە شاری ڤینیسیای باكوری ئیتاڵیا بەڕێوە چوو، رۆژنامەكانی ئیتاڵیاش گرینگییەكی بەرچاویان بە هەواڵی هاوسەرگرییەكە دا.
ئەوەی جێگەی سەرسڕمان بوو ئەوە بوو كە تەنیا دوو یاریزانی تیپی یەكەمی یانەی ریال مەدرید لە ئاهەنگەكەدا بینران ئەوانیش ئیسكۆ و ناچۆ فێرناندیز بوون لەگەڵ بەشێك لە یاریزانە لاوەكانی یانەكە.
ئەمە لە كاتێكدایە كە مۆراتا تاڕادەیەكی زۆر لە جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید نزیك بووەتەوە و بەگوێرەی زانیارییە رۆژنامەوانییەكانیش وێستگەی داهاتووی خولی نایابی ئینگلیزی و یانەی مانچستەر یونایتد دەبێت.
رۆژنامەی (تەلیگراف) بڵاوی كردبووەوە: مۆراتا بەتەواوی كارەكانی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری یانەی مانچستەر یونایتد بڕاندووەتەوە، تەنیا رێككەوتنی هەردوو یانەكە لەسەر نرخەكەی ماوە.
ئامانجی سەرەكی مۆراتا لە جێهێشتنی یانەی ریال مەدرید یاریكردنە بە شێوەی سەرەكی لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد لە وەرزی داهاتوودا بۆ ئەوەی تۆماركردنی ناوی لە پێكهاتەی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بۆ مۆندیالی 2018ی رووسیا مسۆگەر بكات.