له‌ ترسی كوشتن و هێرش كردن..مزگەوتەكانی سلێمانی و گەرمیان چۆڵ دەبن

:: PM:01:42:18/06/2017 ‌
بەهۆی كوشتنی فەقێیەك لە مزگەوتێكی سنووری گەرمیان و هێرشكردنە سەر مزگەوتێكی تر لە ناو شاری سلێمانی، خەڵك ترسیان لێ نیشتووە و ژمارەی سەردانكەرانی مزگەوت ڕۆژ لە دوای ڕۆژ كەمتر دەبێتەوە، بەهۆی ئەوەی هێزە تەناهییەكانیش تا ئێستە هۆكاری ئەو كردە توندوتیژی و كوشتنانە ئاشكرا ناكەن.

چوار ڕۆژ پێش ئێستە 15 حوزەیران/یۆنیۆ‌ لە مزگەوتی سیراجەدین لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی یەكەی كارگێڕیی گەرمیان، تەرمی فەقێیەك لە نێو مزگەوتەكە دۆزرایەوە، هاوكات ئێوارەی ڕۆژی هەینی 16 حوزەیران/یۆنیۆ چەكدارێك هێرشی كردە سەر مزگەوتی بەهەشت لە سلێمانی نارنجۆكی هەڵدایە ناو مزگەوتەكە و دەستدڕێژی گولـلەیشی لە مزگەوتەكە كرد، بەڵام تا ئێستە سەرەداو و زانیاری لەبارەی هیچ یەكێك لەو دوو كردە تاوانكارییە لەلایەن پۆلیس و هێزە تەناهییەكانەوە بڵاو نەكراوەتەوە.

رائید جەمال عەلی بەرپرسی ڕاگەیاندن و پێوەندییەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، هیچ سەرەداوێك لەبارەی كوشتنی فاڕووق ناجی تەمەن 22 ساڵ و فەقێی مزگەوتی سیراجەدین دەرنەكەوتووە كە لە ناو گەرماوی مزگەوتەكە بە خنكاوی تەرمەكەی دۆزرایەوە.

هەروەها گوتی، لەسەر ئەو ڕووداوە مامۆستای مزگەوتەكە و هەشت فەقێی تر دەستبەسەر كراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامی هەیە.

ئاكۆ محەمەد یەكێك لەو نوێژخوێنانەی شارۆكەی كەلار كە بەردەوام بۆ كاتی نوێژەكان سەردانی مزگەوتی دەكرد بۆ "وشە" گوتی، خۆم و زۆر هاوڕێی ترم كە بەردەوام سەردانی مزگەوتمان دەكرد، بەهۆی كوشتنی فەقێكە و هێرشكردنە سەر مزگەوتەكەی سلێمانی، ئێستە ناچین بۆ مزگەوت و ترس لە دڵی خەڵك دروست بووە، چونكە حاڵەتێكی نائاسایی و جێی سەرسوڕمانە كردەی تیرۆریستی و خنكان و كوشتن لە نێو مزگەوتەكان ڕوو بدات، ئەی دەبێ دەزگە تەناهییەكانی ئەو سنوورە ئەرك و ئیشیان چی بێت؟.

مەلا ئیدریس ژاڵەیی بەڕێوەبەری حەج و عەمرەی گەرمیان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەزگە تەناهییەكان هیچ زانیارییەكیان لەبارەی كوشتنی فەقێكە بە فەرمانگەكانی گەرمیانی سەر بە وەزارەتی ئەوقافیش نەدراوە.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د