فێستیڤاڵی سینەمایی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام دەدرێ

:: PM:01:58:18/06/2017 ‌

بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی سینەمای هەولێر ئاشكرای كرد، لە داهاتوویەكی نزیك یەكەمین فێستیڤاڵی سینەمایی كوردستان بۆ سەربەخۆیی لە هەولێری پایتەخی كوردستان ئەنجام دەدەین، ئەمەش لە كاتێكدایە ڕۆژی حەوتی ئەم مانگە حزبەكانی كوردستان لە كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمی كوردستان ڕۆژی 25ی ئەیلوول/سێپتێمبەری داهاتوویان وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان دیاری كرد.

شاخەوان مستەفا بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، بەم زووانە لە ژێر دروشمی سەربەخۆیی كوردستان فێستیڤاڵێكی سینەمایی ئەنجام دەدەین و لیژنەیەكی باڵای فێستیڤاڵ پێك هێنراوە و دەست بە ئامادەكارییەكان كراوە.

هەروەها گوتی، سینەماكار و فیلمسازان لە ناوەوە و دەرەوەی كوردستان و سەرجەم وڵاتانی دنیا بانگێهێشت دەكرێن و بەرهەم و فیلمە سینەمایییەكانیان لە فێستیڤاڵەكە بەشداری پێ دەكرێ، لە بواری فیلمی درێژ و كورت و دیكۆمێنتاری و ئەنیمەیشن.

هەروەها گوتی، هەر فیلمێك ببێتە براوەی پێشبڕكێكانی فێستیڤاڵەكە، خەڵاتی مادی و مەعنەوی پێ دەبەخشرێ و لە 15ی مانگی داهاتوو تەمووز/یۆلیۆ دەست بە وەرگرتنی فیلمەكان لە بەڕێوەبەرایەتیی هونەری سینەمای هەولێر دەكرێ، من و سالار عوسمان بریكاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر ئەندامی لیژنەی باڵای ئەو فێستیڤاڵەین.

هەولێر/ سەروین شێخانی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د