داعش شوانكارەكانی ناوچە كوردستانییەكان دەكوژێت

:: PM:02:32:18/06/2017 ‌

چەند سەرچاوەیەك ئاشكرایان كرد، دوای هاتنی داعش كاری شوانكارەیی و لەوەڕاندنی مەڕوماڵات لە دەشتودەردا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان، بووەتە مەترسیدارترین پیشە، چونكە تیرۆریستان لەو ناوچە دوورەدەستانە خەریكی خۆڕێكخستنەوەن، كاتێك شوانكارەكانیش دەچنە ئەو ناوچانە، لەلایەن چەكدارانی داعشەوە دەكوژرێن، لە سەرەتای ئەمساڵەوەش تا ئێستە نۆ شوانكارە لە ناوچە كوردستانییەكانی سنووری پارێزگای دیالە كوژراون و بەیانی ئەمڕۆ یەكشەم تەرمی چواری تریان دۆزرایەوە.

عەلی محێدین موختاری گوندی حەمرینی سنووری شارەدێی سەعدیە بە"وشە"ی ڕاگەیاند، چوار مێرمنداڵی خەڵكی گوندی بەنی وەیسی سەر بە شارۆكەی سەعدیە لە شەوی ڕابردووەوە بێسەروشوێن بوون و بەیانی ئەمڕۆ تەرمی هەر چوار بە كوژراوی لە نێو چاڵی كارگەكان دۆزرانەوە كە تەمەنیان لە نێوان 10 بۆ 12 ساڵیدا بووە.

هەروەها گوتی، ئێستە شوانكارەیی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی یەكەی كارگێڕیی هەرێمی كوردستان بووەتە پیشەیەكی مەترسیدار، پێشتر خەڵكی لەناوچەكانی تری عێراق دەهاتن و دەبوون بە شوانكارە، بەڵام دوای هاتنی داعش بۆ ناوچەكان، ئەو پیشەیە زۆر مەترسیدارە.

ئەحمەد زڕگوشی بەڕێوەبەری شارەدێی سەعدیە بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دەزگە تەناهییەكانمان ڕاسپاردوون تا لێكۆڵینەوە لەسەر كوشتنی ئەو چوار شوانكارەیە بكەن، دەشتودەر و ناوچە دوورەدەستەكانیش كە شوانكارەكان بۆی دەچن، بەهیچ شێوەیەك دڵنیایی نییە و جێی متمانە نین.

عەلی حەیدەر ئەفسەری هەواڵگری لە پۆلیسی دیالە بۆ "وشە" ئاماژەی دا، جگەلە كوشتنی ئەو چوار شوانكارەیە كە بەیانی ئەمڕۆ تەرمەكانیان دۆزراونەتەوە، لە كۆتای مانگی نیسان/ئەپریلی ئەمساڵیش لە دەشتی مەندەلی دوو شوانكارەی تر كوژران و سێی تریش بە سەختی بریندار بوون، بەگشتی لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستە نۆ شوانكارە كوژراون و ساڵی 2016 ژمارەیەكی لەوە زیاتر كۆتا بە ژیانیان هێنراوە، سەرجەمیشیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كوژراون.

عوسمان عەبدوڵا شارەزای بواری سەربازی بە "وشە"ی گوت، دەشت و دۆڵ و ناوچە دوورەدەستەكان شوێنی خۆڕێكخستنەوەی گرووپە تیرۆریستییەكانن، شوانكارەكانیش بۆ ئەو ناوچانە دەڕۆن، بۆیە ژیانیان دەكەوێتە مەترسییەكی حەتمی و لەلایەن چەكدارانی سەر بە ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش دەكوژڕێن.

گەرمیان/سەبری هۆرینی.



وشە - باز ئه‌حمه‌د